Sunday, November 11, 2018

هەڵەی بەرانبەر


(لە ٩ی نۆڤەمبەر تاکو ٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ لە لەندەن،
کارلسۆن بەرانبەر کاروانا ١٢ خول یاری دەکەن،
بۆ بەدی هێنانی پاڵەوانی جیهان لە شەترەنج دا)

کارلسۆنی نەرویجی، یەکەمی جیهان لەبەرانبەر خۆ سەلماندن و بەرەنگاربوونەوەی کاروانای ئەمەریکیدایە بۆ پاراستنی نازناوی جیهانی.
کارلسۆن ناسراوە کە کۆتایی یاریەکان زۆر خێرا و باش شی دەکاتەوە کە بەرانبەرەکەی لە ئاستێکدا دەکەوێتە تەڵەوە و هەڵە دەکات[١].


بەرانبەر ئەم، کاروانا لە سەرەتاوە داشەکان بە تەکتیکی تایبەتی بەشێوەیەک دابەش دەکات کە بەردەوام بەرانبەرەکەی ترسی هێرشی چاوەڕوان نەکراوی لێ بکا، بەڵام بۆ ئەمە کاتی زۆر دەوێ، کاتێک کاروانا بکەوێت کۆتایی یاریەوە لەژێر پەستانی کاتدایە، بەمەش ئەگەر بچووکترین هەڵە بکا، کارلسۆن براوە دەبێت.

لە شەترەنجدا سەرەتا و کردنەوەی یاری، زاڵبوون بەسەر تەختی بەرانبەر دیاری دەکات، هەڵەکردن لە دابەشکردنی داشەکاندا وەکو وەڵامدانەوەی تەکنیکی بەرانبەر، لەسەرەتاوە نەخشەی بۆ دادەنرێت و لەسەر ئەو بنچینەیەش هەموو یاریەکە بەردەوام دەبێ.
تۆ ئەگەر بنچینەیەکی بەرگری باشت نەبێ، بەرانبەر خانە لاوازەکان دەکاتە خاڵی هێرش بردن و دەتخاتە مەترسی لە دەستدانی پاشا، وەکو بڵێین داشی شیاو لە شوێنی خۆیدا دادەنرێ. هاوکات بەهێزی داشەکان و بەستنەوەیان پێکەوە دەتپارێزێت لە ئەگەری هەموو هێرشێک. پشتیوانی کردنی یەکتر لە ژیانی ڕۆژانەمانیشدا یەکگرتوویی نیشان ئەدات، کە بەرانبەرمانی پێ دەبەزێنین. 

چونکە کاتێک هێرش دەکەن و داشێک ئەکەنە قوربانی هێرشەکە، چاوەڕوانی هێزی یەکتر پارێزی ناکەن و تێ دەکەون.
هەڵەی بەرانبەر لەسەر تەختی شەترەنج لێرەوە دەست پێ دەکا.

خاڵی بەهێز و لاوازی دوو پاڵەوان لەسەر تەختی شەترەنج، هەلومەرجەکانی ساتەوەختی یاریەکە دیاری دەکا، جوڵانی داهاتوو بە لێکدانەوەی زۆر و شیتەڵکاریی زۆر بنێیت، دوا دەکەویت و کاتت نامێنێ بۆ جوڵانەکانی تر، ئەگەریش پەلە بکەیت و داشەکانت زوو بکەیتە قوربانی پارستنی تەختەکەت لە دەست دەدەیت، لەبەرئەوە لە یەکەم هەنگاو و جوڵەکردنتەوە، لێکدانەوەت هەبێ بۆ داهاتووت، چاوەڕێی هەڵەی بەرانبەر مەکە، کاتێک تۆ حەکیمانە بجوڵێیت و بەردەوام بیت شوێنی تر بۆ بەرانبەر نامێنێتەوە و جڵەو لە دەست ئەدات.
بەرگریش باشترین ڕێگەیە بۆ هێرش کردن!


-----------------------------------------------
[١] لە ٩ی نۆڤەمبەر تاکو ٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ لە لەندەن، کارلسۆن بەرانبەر کاروانا ١٢ خول یاری دەکەن، بۆ بەدی هێنانی پاڵەوانی جیهان لە شەترەنج دا.
فابیانۆ کاروانا تەمەنی ٢٦ ساڵە. ماگونا کارلسۆن ٢٧ ساڵە و پاڵەوانی جیهانە.