Monday, August 19, 2019

زیادەیە


حەمە گێڕایەوە؛ ماوەیەک بوو پانکەی لاپتۆپەکەم زوو زوو هەڵدەبوو، هەستم دەکرد لەو ساتەشدا کۆمپیوتەرەکەم لە کارکردندا خاو دەبێ، هاوڕێیەک ئامۆژگاری کردم، وتی باشترە بیکەیتەوە و بە گسک و پەڕۆیەکی نەرم تۆزی  ناوەکەی و سەر پانکەکانی لابەریت.

بەقسەم کرد و دوای پاک کردنەوەی تەواو باش بوو. دوو ڕۆژ دواتر، کچەکەم هات، وتی بابە ئەمە هی تۆیە؟
برغویەکی وردی بەدەستەوەبوو، منیش ناسیمەوە، وتم ئەمە هی کۆمپیوتەرەکەمە. کە تەماشای کۆمپیوتەرەکەم کرد هیچ شوێنی بەتاڵی نەبوو. وتم دیارە لە ناوەوە بیرم چووە بیبەستمەوە. 
پێم سەیربوو، لە "مەکۆی گرفتەکانی کۆمپیوتەر" باسم کرد و ڕەسمی کۆمپیوتەر و برغوەکەشم دانا. بینیم چەند ڕایەکی جیاواز هەبوون.
چەند کەسێک پێیان وابوو، برغوەکە هی شتێکی تر، چونکە من بۆ پاک کردنەوە لە ناو کۆمپیوتەرەکەمدا هیچ پێویستیم بە کردنەوەی بەشی تر نیە. پانکەکەش لەو جۆرە برغوانەی پێوە نیە.

چەند کەسێک پێیان وابوو، چەند وەختە ئەم برغوە هۆکاری گەرم بوونی کۆمپیوتەرەکە بووە، چونکە گوایە چووەتە بەر پانکەکە و ڕێگر بووە باش بخولێتەوە و چارەسەرەکە ساردنەبووەتەوە، ناچار بەردەوام پانکەکە کاری کردوە.
دوو کەسیش پێیان وابوو، مادەم ئێستا گرفتم نیە، گوێ نەدەمێ و برغوەکە هەڵبگرم و جاری داهاتوو کە کردمەوە لە ناوەکەیشی بڕوانم. خۆم و خەڵکم بەو برغوەوە خەریک کردبوو. لە ڕاستیشدا بە تێپەڕبوونی کات، دوا بۆچوونم پەسەند کردبوو.

ڕۆژێک بۆ هاوڕێکەمم باس کرد، وتی دڵنیا بکەرەوە ە هی دەرەوە نیە، ئەوسا بەناچاری بیکەرەوە و بزانە لە ناوەوە بیرت چووە، ئەگینا ئەم خەمەت ناڕوا. ئێستاش بیکە پێش سبەی.

دیسان بەقسەی ئەو هەستام و برغوەکانم کردەوە، دیقەتم دا لە ناوەوە دوو بڕغو نوخسانە، هەردووکیم پڕکردەوە بەوەی دەرەوە، وتم بۆ دەرەوەی پەیا دەکەم.
دوو ساڵ وا تێ دەپەڕێت و هەر نوخسانەکە شوێنی پڕ نەکرایەوە و پیرە کۆمپیوتەریش کاری خۆی دەکا و نەوەستاوە. دوانزە برغو دیارە زۆرن. ئەزانیت هەندێک شت هەر زیادەیە.

ئینجا حەمە تازە زانیوتە کە هەندێک شت زیادەیە!، هەر باشە کەمپینت لە کۆمپانیای دروستکەر نەگرتوە و تۆمەتی ژینگە پیس کردنت نەداوەتە پاڵیان.