Friday, August 07, 2020

بیرەتەکنیکیەکانم

هاوینی کۆرۆنا لە ٢٠٢٠

ترەمپ دەیەوێت بەزۆر مایکرۆسۆفت ئەپلیکەیشنی تیکتۆک بکڕێتەوە لە کۆمپانیا چینیەکە، تاکو داتا و شتەکانی لە پێناو پاراستنی نیشتمانیی و هاووڵاتیانی ئەمەریکادا بخرێتە گەڕ.

مایکرۆسۆفت تاکو ئەمڕۆ گوێڕایەڵی خواست و داواکانی حکومەتی ئەمەریکای کردوە و دەرگای تایبەتی بۆ دەزگا سیخوڕەکانی کردووەتەوە لە ویندۆزدا کە هەر شتێکیان بوێت بتوانن وەریبگرن، و دەڵێن تاکو ناوەڕاستی مانگی ئەیلول پێک دێین بۆ کڕینی تیکتۆک. ئەگەر تاکو ئەمڕۆ نازانی تیکتۆک چیە، ئەوا باشترە هەر توخنی نەکەویت، چونکە کە ئەمەریکا ببێتە خاوەنی داتاکانت پارێزراو نامێنن.

کۆمپانیای ئەپڵ لەگەڵ زانکۆی کالیفۆڕنیادا توێژینەوەیەکیان دەست پێ کردوە، لەسەر کاریگەریی تەلەفۆنی هۆشمەند و ئامێرەکانی ترلەسەر دەروونی مرۆڤ و نەخۆشیی خەمۆکی. حەمە پێی وایە شمولی کورد ناکا، چونکە ئەوەندە لاپەڕەی نوکتە و گاڵتەبەیەککردن هەیە هی حیزبی و خەڵکی بێ مووچە، بەم ڕۆژگارە لەبری خەم هەر پێ دەکەنیت، لەبەرئەوە پێشنیار دەکات کە (پەیجەکانی) ئەحۆل، لایەنگرانی (طوط) و دڵسۆزانی (طوط) بکرێنە ئینگلیزی و وەکو چارەسەری ئالوودەبووەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەکار بهێنرێن.

ئەنگولەر لەمەودوا نەخشەڕێگای داهاتووی دەکات بە بەڵگەنامە ولەسەر وێب، ئاشکرا دەکات تاکو هەوادارن و کۆششکەرانی ئەو بوارە ئاگاداری داهاتووی چاوەڕوانکراوی ئەنگولەر بن. حەمە دەیپرسی ئینجا ئایا جاڤاسکریپت (سیکیورە)؟ چونکە گوێم لە ژنە موسوڵمانێک گرتوە ئەڵێ (پایسۆن) بۆ پاراستن حەیاتە، فێری ئەو بن.

لە ڕاستیدا ویستی سەرچاوەکراوە لە دونیای تەکنۆلۆجیادا سەلمێنراوە، بێ ئەو زۆربەی بەشەکانی گەشەپێدان لە تەکنۆلۆجیای زانیاریدا پەکی دەکەوێت، کەسیش بە تۆپزی زۆرت لێ ناکا پەی پێ بەریت، تەنیا ئەوە نەبێ وەکو نزار دەڵێ (نێوانێکی تر نیە لە بەهەشت و دۆزەخ دا)، گوێ لە دەمەتەقێی چاوگ بگرە، حەمە دەڵێ لەو ئەڵقەیە باسی مایک نەکرایە.

هەر لە پۆدکاستی چاوگ باسێکی خۆش لەسەر VPN و داهاتووی ڕایەڵە و ئۆتۆمبێلی کارەبایی کرا، سەرخێڵیش بە دەستە ڕەنگینەکانی پوختەی کردوە. 

لەبەر گرنگی زیرەکی دەستکرد، زانکۆکانی ناوچەی باڤاریا لە ئەڵمانیا ١٠٠ پرۆفیسۆر تەرخان دەکەن تاکو دواڕۆژ دەیان لێزان لەو بوارەدا دروستت ببێ و بتوانن هەلی کارەکان بقۆزنەوە و برەو بە پیشەسازی بدەن.

هەر لە بواری زیرەکی دەستکرد و هۆشمەندی ئامێردا، لە شاری میونخ پێشانگای ئۆ

زیرەکی دەستکرد

تۆماتیکا بەڕێوە دەچێت، ئەگەر تۆش خواستت هەیە و ئامێر و بیرۆکەکانت پێشکەش دەکەیت، ئەوا دەستوبرد بکە.

خەمەکانی حەمە لە فەیسبووک کۆتایی نایە، ئەو دەڵێ کە بابەتێکی بەسوود دەنووسم کەس کرتەی لێ ناکا، بەس کە ڕەسم دادەنێم هەموو لایکی دەکەن. وتم تۆش لەگەڵ هەموو پەیامێکتدا وێنەیەک دابنێ وەکو کابرا، لەژێریشیا ناوی سیانی و ڕێکەوتت بیر نەچێ. نەکا بزانن ئەوە تۆ نیت.

لە ڕووی گۆڕینەکانەوە بەهۆی کۆرۆنا، ئەپڵ بڕیاریدا گەڕانەوەی کارمەندانی بۆ ئۆفیس دوا بخا. فەیسبووک تاکو مانگی ٩ی ساڵی ٢٠٢١ کارمەندەکانی لە ماڵەوە کار دەکەن و سیمێنسیش ئەم دۆخەی ئێستای کرد (new normal) و لە ماڵ دەمێننەوە. دیارە ئەم کۆڤید/١٩ وەکو هەویر وایە ئاو زۆر دەکێشێت.

لەسەر هاککردنی تویتەر ئەمەریکا مێردمنداڵێکی گرتوە، گوایە ئەو مانگی ڕابردوو تویتەری تێکشکاندوە و بیتکۆینی دەستکەوتووە.
لە پۆدکاستی چاوگیش باسێکی درێژی لەسەر کراوە، ئەگەر کاتت بوو گوێی لێ بگرە، ئەوجارە مایکەکەی منیش دەنگی باش نەبوو.

حەمە دەڵێ ئەوەتەی حکومەت سیستەمی مووچەی کردوە بە ئەلیکترۆنی مووچە دوادەکەوێت، خەبیرێکی مایکرۆسۆفت پێی وایە حەقی بە ئاژوورەوە نیە، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە ئێستا بێ لە سیستەمە ئەلیکترۆنیەکە، بە دەستیش پیا دەچنەوە تاکو بزانن تەواوە!.



No comments :