زۆر
تازە لە گەشتەکەی کوردستانی ھاتبۆوە..چووم بۆ بەخێرھاتنەوەی. پاش ٨ ساڵ دابڕان و دووری لە نیشتمان و کەسوکار کەم نییە.. پرسیارم کرد چی گۆڕابوو ؟ دیقەتم دا وشەی "زۆر"ی زیاد بەکار دەھێنا
- ژمارەی خەڵک زۆر زیادی کردووە، ژمارەی خانووش ھاوڕێژە زۆر زۆر بوون..
- ئۆتۆمبێل زۆر زۆرە ھەمیشە قەرەباڵغی و جەنجاڵە، پۆلیسی ھاتوچۆش زۆر بووە تا نیوەشەو کار دەکەن..
- بێکار زۆرە کەچی کۆمپانیای مقاوەلاتیش -بەڵێندەر- زۆر زۆر بوو..
- شار پڕ بۆتەوە بە دوکانی ڤیدیۆ سی دی، ژمارەیان زۆر زۆرە لە ھەموو سەر کۆڵانێک دووان ھەیە.. ئەی بۆ نوسینگەی تەلەفۆنات ناڵێی ھەر زۆر زۆرن..
- خەڵکێکی زۆر خەریکی کۆمپیوتەرە، چات و ئینتەرنێت سەرەی زۆر بۆ دەگیرێت..
- گۆڤار و ڕۆژنامە زۆر زۆرن بێ سەروبەر، شتی زۆر سەیر دەنوسن.. نوسەر زۆر بووە..بینیم کتێبەکانی بەردەرگی سەرا کەمیان کردووە کەچی گوڵەبەڕۆژە خۆرەکان زۆر زۆر بوون
- دوکانی کۆنە زۆر بووە، خەڵکی لە تاو کەمی مانگانە شتی کۆن و دەستی دوو زۆر ئەکڕن..
- ...ھتد
ئەوەندەی ووت "زۆر"..بێزار بووم منیش وتم :
"ئەی بۆ دوو حکومەتمان ھەیە دەڵێن زۆرە؟ خۆ بە ھەردوکیان فریای خزمەتی ئەم ھەموو شتە"زۆر"انەی باست کرد ناکەون !".