زۆرھێمن و لەسەرخۆ بوو لەقسەکردن و ھەڵسوکەوتدا ڕۆشنبیر، قسەزان، زانستدۆست، و ھەمیشە بە ڕستەی ڕەوان و زانستییانە گفتوگۆی دەکرد بگرە ڕێزی بۆ بیروبۆچونی بەرامبەرەکەشی دائەنا. . بەڵام ئەویش وەک ھەموو مرۆکانی تر بەرگەی ھەموو شتێک ناگرێ و ھەستی ئەھاژێ .. بۆیە لە خاڵێکدا گەیشتە تینی و دەنگی بەری کردەوە و توڕەبوو ..
لەمەوە بۆم دەرکەوت ھەموو کەسێ خاڵێکی لاواز یان با بڵێین کەلێنێک لە مێشکیدا ھەیە، بە پێکانی ئەو خاڵە ھێمنی و ئارامی لە دەست ئەدات و گرژ دەبێت، ڕەفتاریی توڕە ئامێز ئەنوێنێ. بەواتایەکی تریش؛ ھەموو کەس توڕە ئەبێ، کەم تا زۆر بەڕادەی جیا، وە گەیشتن بەو ئاستە دۆخیکی تایبەتی ئەوێت کاردانەوەی توڕەبوونەکەش بەگوێرەی ئەوبارە و کەسەکە دەگۆڕێت...
قسەکەت چیرۆکەکەی تەھای بیر ھێنامەوە، با بۆت باس بکەم :
(لە سەر ڕێگەی چوونە ناو شار تاوێرە بەردێک دەبێ، کە چەندین ئەندازیار و پسپۆر نەیانتوانیوە تێکی بشکێنن و بیکەن بە ڕێگای ھاتوچۆ، ئەم تاوێرە بەردە زۆر خۆڕاگر و پتەو دەبێ، ھەموو ئامێر و ئەندازیاران دەبەزێنێ و کۆڵیان پێ ئەدات.. ئێوارەیەک گورگێکی چڵێس و برسی ڕوو دەکاتە شار بۆ پەیداکردنی نێچیرێ لە ئاوەیانی، دەگاتە بەردەم تاوێرە نەبەردەکە و ئەڵێ: "با لە تەنیشت ئەم بەردە ڕزیوانە پشوویەک بدەم" ،سەری بەرز دەکاتەوە و بەردەوام دەبێ :"ئەی تاوێرە بەردی ڕماو لەم چەقی ڕێگایە بۆ من قووت نەبیتەوە وورد بیت بەسەرما..خۆ ئەوەندەش ڕزیو و وشکی لێت ناترسم.."، گورگە قسەی زۆر دەکا.. تاوێرە بەردیش کە چەندین ساڵە بەرگەی ھەموو پەستانێک و پیاکێشانێکی گرتووە.. ھەرەس دێنێ و گورگی برسی دەخاتە ژێر خۆی...).
تەها چیرۆکنووسێکی خەڵکی سلێمانییە، لە دواناوەندی سەرچناری کوڕدا، لە دوو قۆناغدا لە پۆلێک بووین.