Wednesday, October 01, 2003

وانەی ڕیفراندۆم


چاودێری پۆل:  هەستن..
مامۆستا خۆی دەکات بە پۆل دا و..
مامۆستا: ڕۆژتان باش فەرموو دانیشن. 
لەسەر سوچی لای ڕاستی تەختەڕەشدا دەنوسێ وانەی/3 و لەناوەڕاستیشدا بە گەورەیی دەنوسێ «ڕیفراندۆم».

قوتابیان لەسەر دەفتەری بەردەمیان بەپەلە نوسراوی سەر تەختەکە دەنووسن 
ئازاد: مامۆستا ئەوە لە کتێبەکەدا لاپەڕە چەندە ؟.
مامۆستا: کتێبەکان لابدەن و باش گوێ بگرن، ئەم بابەتە لە کتێبدا نییە.
سیروان دەست بەری دەکاتەوە بۆ پرس لە مامۆستا..
مامۆستا بە سەر ڕاوەشان ڕێگە ئەدات بە سیروان تا قسەکەی بکا. 
سیروان: مامۆستا ئەز بۆ تاقز کردنەوەی هەفتەی ئایندە داغڵە؟
مامۆستا زەردەخەنەیەک دەیگرێ.. گوێ بگرن ئەم وانەیەی ئەمـڕۆ تەنها بۆ زانینە، پرسینەوەی لەسەر نییە، ئەمە بۆ زیادکردنی زانیارییەکانتان لە مێژوو دا بەسوودە و بۆ دواڕۆژ بەکەڵکە. با بەم چیرۆکە دەست پێ بکەین و باش گوێ بگرن پرسیار نییە تاکو لێ ئەبمەوە.
« بنار و تەلار دوو کیژۆڵەی خوشکن، هەفتەی دوو سێ جار پێکەوە یاری بە بووکەکانیان دەکەن، بە هەردووکیان 6 بووکیان هەیە، سێ بووک بۆ تەلار و سێ بووک بۆ بنار، لەناوبووکەکاندا بووکێکی گەورەیان تیا دەبێ کە زۆرجاران لە کاتی یاریدا بەشەڕ دێن و پێک نایەن لەسەر دابەشکردنی بووکەکان، هەردووکیان ئارەزووی بووکە باڵا بەرزەکە دەکەن، بۆیە هەر کەسەو بووکی خۆی دەبات و بەجیا ماڵ و خانەی جیا بۆ بووکەکانی دروست دەکات.
ڕۆژێک لە کاتی دەستکردن بە یاری بە بووکەکان و لە دابەشکردنی بووکەکاندا لێیان دەبێت بە مشتومڕ وەک پیشەی هەمیشەییان..
بنار دەڵێ:"خۆزگە خۆیان بڕیاریان ئەدا قەت نا ئەگاتنە لای تۆ، تۆ نازانی جلەکانیشیان بگۆڕی..". 
تەلار دەڵێ:"ئەگەر بووکە گەورەکەت ئەوێت، ئەبێت چوار بووک بۆ من بێ لە وانی تر.."
ئەمجارە بووکە گەورە دێتە قسە هاوار دەکا؛
"بەس!. گوێ بگرن بنار و تەلار تا کەی نابنە خاوەن بڕیارێکی تەواو و یەکجار بەشمان بکەن؟، ئێوەش بووکەکانی هاوڕێم، من ئێستا یەک بە یەک لێتان ئەپرسم تا بزانم کامتان حەز دەکەن لای کێ بن.."
بەو شێوەیە بووکەکان هەر یەکەو بڕیاری خۆی ئەدات و داواش دەکەن هەروا بمێننەوە..
قوتابیان ئەو کارەی بووکەکان کردیان بڕیاردان بوو لە چارەنووسی خۆیان، خاوەنی هەمیشەیی خۆیان دەست نیشان کرد. کاری بووکە گەورەکەش کۆکردنەوەی ئەو ڕاپرسییەبوو، کە بووە چەسپاندنی بڕیارێکی گونجاو بۆ هەموو. ئەمەش ڕێفراندۆم بوو !.
کەس پرسیاری نییە؟
زەنگی تەواوبوونی وانەکە لێدرا و مامۆستا زۆر قسەی مابوو بیکا، قووتابیانیش هێشتا لە باسەکە تەواو نەگەیشتبوون، بۆ بڕیاریاندا وانەی ئایندە خۆیان ڕێفراندۆم بکەن.