Wednesday, September 07, 2011

حەز لە پەرلەمانتاری دەکەیت

پەرلەمانتار
ماوەیەک بوو پەرلەمان و پەرلەمانتار تیشکۆی هەواڵەکان بوون، هەموو ڕۆژێ هەڵدەستاین چاوەڕێ بووین پەرلەمان بڕیاری نوێی پێ بێ، زۆرکات کە تەماشای هەواڵە بیانییەکانم دەکرد، بە دیقەتەوە گوێم لە هەواڵی گفتوگۆی پەرلەمانتاران و هەواڵی پەرلەمانی وڵاتانیش ئەگرت، خاڵی لەیەکچوون زۆر بوون لە نێوان ئەوەی کوردستان و ئەوانەی وڵاتاندا. تەنانەت لە باسی مووچەی خۆیان و دەوام کردن و پشووشدا لەیەکچوون هەبوو. یا لە گرفت و داڕشتنەوەی یاسای هاووڵاتیانا. دەمویست بزانم پەرلەمانتار لای خەڵکی کورد چۆن تەماشا دەکرێ، ئایا هەر قسەی ڕۆژنامە و تەلەفیزیۆنە یا هەر خودی پەرلەمانتار وەکو نوێنەری خەڵک، پیشەیەکی سانا نییە و ڕێسای ئاڵۆزی هەیە و هەموو لێی حاڵی نابین...

شوێن یەکێ لە شارەکانی کوردستان، ناوبازاڕ / پرسیاری من لە خەڵک؛ ئارەزووت لە پیشەی پەرلەمانتار هەیە؟ ئەگەر بخوازی، بۆ ئەبیت بە پەرلەمانتار؟

* گەنجێک: معاشی باشە و ئیشەکەشیان ئاسانە، بەس پەنجە بەرز دەکەنەوە، پێویستیش ناکا خۆت بیر بکەیتەوە، لە پشتەوە حیزب هەموو شتێکیان بۆ حازر ئەکا.

* تازە بووک و زاوایەک: وەڵا کاکە حەزمان ئەکرد لە دوبەی مانگی هەنگوینی بەسەر بەرین، بەس نە جەواز نە ڤیزە، هەردوکی ئاسان نییە بۆ ئێمە، ئا بۆ ئەوە حەزم ئەکرد پەرلەمانتاربوایام.
- کەواتە پێت وایە پەرلەمانتار کاری بۆ ئاسان دەکرێ؟
+ ئەی حەتمەن، هەموو پشووەکانیان لە دەرەوە بەسەر ئەبەن،

* ڕێبوارێک (ئەندازیار): ئارەزووی ناکەم، زۆر ناخۆشە ئیشێکت پێ بسپێرن و نەتوانی بیکەیت، ئاسوودە نابیت. مەگەر لە سێبەری حیزبێکا ئەوەی ئەوان وتیان تۆش دەنگی بۆ بەیت و ویژدانت وەلا نێیت و گوێ بە حاڵی هاوونیشتمانانت نەدەیت.

* کاسبکارێک: وەڵا من حەزم لێی نییە، خەڵکی چاوی لە پارەکەیانە و شەو خەوت لێ ناکەوێ..

* نووسەرێک: حەزم لێی نییە، پەرلەمانتاری ئێمە نوێنەری جەماوەر نین، نوێنەری حیزبن و خزمەت بە حیزبی خۆیان دەکەن، کەی ئەوە گۆڕا بۆ مانا ڕاستییەکەی خۆی، ئەوکات حەزم لێی دەبێ و لەوانەشە خۆم بپاڵێوم.

* فێرخوازی زانکۆ: بە هیچ شێوەیەک نامەوێت، خزمەتی وڵاتەکەم بە کرێکاریش بێ پێ دەکرێ، پەرلەمانتار وەک بولبولی ناو قەفەز دێتە پێش چاوم، گوایە بۆ هەموومان دەخوێنێ، کەچی تەنها ئەوانە گوێیان لێیە کە لە قەفەزەکە لەگەڵیان.
- مەبەستت چییە؟
+ کاکە بڕیارەکانیان بەس بۆ خۆیانە و مەگەر تەنیا خۆیان جێبەجێی بکەن.

* شەربەتفرۆشێک: بەخوا پاشایەکی بۆ خۆت، ئەروەڵا ئەمەوێ ببم، قەراری باشیش دەرئەکەم.
- وەکوو چی؟
+ بۆ نموونە ئەوەی خۆڵ بڕێژێ لە بازاڕ و ئەملاولا یەکسەر غەرامەی دەکەم، لێرە دوو سەبەتەی خۆڵم داناوە نیوەی مشتەرییەکان پەرداخەکە ئەبەن و لەسەر جادەکان فڕێی ئەیەن.

* کابرایەکی بە تەمەن: پەرلەمانتاریم حەز لێیە، دوو ساڵی ماوە، پاش ئەوە تەقاوتی باش و ئەرزە و سەیارە و ئەشچم بۆ حەج بێ سەرە، بەخوا ٣ ساڵە سەرەم گرتوە ناوم نایەتەوە.

* مامۆستایەک (ژن): مەگەر تەنیا لەبەر پارە و ئیمتیازات، ئەگینا دەسەڵاتی هیچیان نیە و یاساکەشیان بەس لەسەر وەرەقەیە و نەمدیوە کاری پێ بکەن.

* میوەفرۆش (عەرەبانە): هیچ نەبێ لەم هەتاوە سوورە ڕزگارم بێ، ئەروەڵا کاکە وەعد بێ گەندەڵیش نەکەم.

* مامۆستایەک (پیاو): خۆم مامۆستام، وەکوو پەرلەمانتار وام، ئێمەش لەگەڵ مامۆستاکانی تر ڕێسا و فرمان ئەدەین بە تەلەبەکان، خۆشمان چاودێرییان دەکەین و لێیان دەپرسینەوە. پیشەکەم زۆر خۆش ئەوێ، پەرلەمانتار تا ئەمڕۆ بەس سەفەر و سەیارە و پاسەوان و ئەمانەی خۆشە کە خەڵک هەوڵی بۆ با، بۆ خزمەتەکەی نییە.

* کتێب فرۆش: ئەوی بەغا، ئا حەزم لێیە. ئەچم لە موستەنسڕییە ماجستێر و دکتۆرا ئەکەم و پارەکەشیان باشترە.
- ئەی ئەمەی لای خۆمان بۆ نا؟
+ لەگەڵ ڕێزما، هیچ ئیحترامیان نەماوە، ئەمانە لەبەرچاون
- ئێ تۆ خۆت بە تەمای لەوێ لەبری پیشەی پەرلەمانتاری بچی بخوێنی، ئەوە چۆن ئەبینیتەوە؟
+ گرتمت، ئاخر بینیومە وایان کردوە و منیش تەماحی ئەوەم هەیە، ئێ خۆ لە بەغا جگە لە دەستوور چی ترمان نەبینیوە لێیان...

* خوێندکارێکی ئامادەیی: خوا خوامە، یەکسەر واز لە مەکتەب ئەهێنم و سەیارەیەکی بەرز دەکڕم، حەرەس و سایەقیشم ناوێ وەعد بێ.

* ژنە فرۆشیارێک: خۆم تازە گەنجێتیم دانا، پەرلەمانم ناوێ، کوڕێکم هەیە جامیعەشی خوێندوە، ئەوم بۆ بکەن ئیتر هیچم ناوێ..
- باشە ئەزانی پەرلەمانتار چی ئەکەن؟
+ ئەوانە نین کە کۆ ئەبنەوە و شتمان بۆ ئەکەن، چوزانم، قەراری پارە و معاش و ئەوانەیان بە دەستە!؟

* دوو کچی گەنج: ئەروەڵا هەردووکمان مەعهەدمان تەواو کردوە، بێئیش و بێکارین. یەکێکمان ببین باشە، معاشەکە بەش ئەکەین.
- تەنیا بۆ معاش؟
+ نا نا، ئەی چی بڕیاری باشیش بوو بۆ میللەت دەری ئەکەین.

* ڕۆژنامەنووسێک: لەوانەیە وەکو پیشە ئاواتم بێت پێی بگەم، کە ئەمەی کوردستانیش ئەبینم تەنیا ئیمتیازات و خانەنشینی بۆ خۆیان تیایە و بڕیاریش لە دەرەوەی پەرلەمان دەرکراوە، یا بڕیار ئەدەن و کەس جێبەجێی ناکا، لەوەیا دوو دڵم کە ڕۆژێ لە ڕۆژان بیری لێ بکەمەوە و هەوڵێ بۆ بەم.

* دایکی سابات: من حەزم لە وەزیرییە، وەزیر لە گۆشەیەکەوە خزمەت ئەکا، وەکو پەرلەمان نییە کە بۆ هەمووی بێت، لێپرسینەوەی پەرلەمانتار و هەست کردن بەو ئاستە بە من ناکرێ، ئەوانە هەمیشە خەمیان هەیە، لە پشووشدا ئەبێ بەئاگا بن، وەزیر معاشی و ئیمتیازاتیشی لەوان زیاترە و کەسیش لێی ناپرسێتەوە بۆ پێی خوار دانا، پەرلەمانتار بڕیاری هەڵە دەرکا، زۆر دەکەوێ لەسەری، وەزیر ئەگەر خۆی بە مانگ لەوێ نەبێ موشکیلەی نییە و جێگرەوەکانی کارەکەی دەکەن. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەوان یاسا تەطبیق دەکەن بەس پەرلەمان یاساکەیان بۆ دائەنێ، ئەوەش زەحمەتە و بیری لێ ناکەمەوە.

* دەستگێڕێک: نامەوێ، ئەمەی خۆم ئەزانم حەڵاڵە و پارەکەی ئارەقی نێوچەوانمە، ئەوان سەیارە بە دیاری وەردەگرن بە پارەیەک من بە دوو ساڵ بۆم پەیدا ئەکرێ، و هیچیشم نەدی لێیان، چاوم لێیانەوە نییە، خوا بمگرێ، نۆشی گیانیان بێ و من ئەو ئیشەم ناوێ، ئەگەر خراپیش بم ئەمەی خۆم بەس بۆ خۆمم.

* مووچەخۆرێک: حەزم لێیە، چوونکە ئەزانی بۆ؟، هەم خزمەتەکەیان دیارە، و هەم باسدەکرێن. من بیست ساڵە لە دائیرەیا خزمەت ئەکەم، کەس باسمان ناکا و لەوانەیشە زۆر لە یاسا و تەعلیماتم پێشنیار کردبێ لەوانەی ئەوان باشتر، خۆشم یەکەم کەسم جێبەجێان ئەکەم.
- باسکردنی چۆن؟
+ با عەرزت کەم پەرلەمانتار بۆ ئەوە بووە بە نوێنەر کە داکۆکی بکا و مافی خەڵک لە یاسادا بچەسپێنێ، کەچی کە یەکێکیان قسە دەکەن، بیست رۆژنامە باسی دەکا، پەرلەمانتار فڵان هەستا ئەو شتەی وت، ئەی باشە من بیست ساڵە خزمەت دەکەم و مراجع بەڕێ دەکەم، مقابیلی ئەوە معاشم هەیە، ئەویش وەکوو منە ئیتر بۆ بە ئاسمانا ئەیبەن؟

* کابرایەک: پەرلەمانتاریم ناوێ، ئەگەر دەسەڵاتیشم هەبوایە پەرلەمانم دادەخست، لە هەموو حیزبەکان لیژنەیەکم دروست دەکرد بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، ئەوسا هەموو بەرپرس دەبوون لە بڕیاردان و جێبەجێ کردنیشی، ١٠ ساڵێ تر پەرلەمانم دادەنا...

* کابرایەک: پەرلەمانتار، نا، ئەوە خەڵکی یاسایی و لەخۆ بردی دەوێت، من تووڕەم و لەوانەیە هەموو ڕۆژێ بتڵە ئاوەکە من بیهاوم. خۆم مۆزەفم و نیعمە اللە.

* ژن و کچێک: حەزم لێیە، بەس ناچمە هەولێر، ناتوانم لێرە دوورکەومەوە بەخوا. ئیشەکەی خۆشە و معاشی باشە هەموو کەس حەزی لێیە.

* مووچەخۆرێک (ژن): نە نامەوێ ببم، بە من ناکرێ، نە لە یاسا شارەزام و نە قسە زانیشم.

* گەنجێک (مقاول): مەگەر بۆ پۆز لێیان و کەش و فش، ئەگینا تۆ خۆش بیت پارەم هەیە و کولییەشم خوێندوە.

* لە دوکانێکدا: مشتەری: ئەی بۆنا، پەرلەمانتار بم ئەتوانم دەنگ بەم بە بڕیاری باش بۆ خزمەتی ئەم میللەتە
خاوەن: منیش حەزم لێیە، بەس یەک دەنگ هیچی پێ ناکرێ، ناتوانی بڕیار بگۆڕی.

* دەستگێڕێک: پێم بڵێ پەرلەمانتار بم ئیستراحەترم لەم ئیشە؟ بڕوا ناکەم، شان و باڵم هیلاک بێ باشترە لە مێشکم. پێشکەش بەوانی حەزیان لێیە.

* لفکە فرۆشێک: بەچی ببم؟ حەزم لێیە لە ماڵەوە ڕاکشێم و هەفتەی ڕۆژێ ئیش بکەم، پەرلەمانتاری ئەگەر ئەو حەزەم بۆ بێنێتە دی، ئەیکەم.

* یاساناسێک: بۆ من وەکو یاساناس، پیشەیەکی خۆشە و زۆریش ئارەزووی لێ ئەکەم، پەرلەمانتاری واتە بەشداریکردن لە داڕشتنی یاسای وڵات، مەسئولییەتێکی گەورەیە و منیش ئارەزوومە کە باشترین یاسامان هەبێ و خۆشم بەشداری بکەم لە نووسینەوەیانا، خۆشتر.

* بێکار: هەر ئیشێک بێ ئەیکەم، لەم سووڕانەوە و ڕاکە ڕاکەش نەجاتم ئەبێ.

* مناڵێک: حەز ئەکەم ببم بە فڕۆکەوان.
- ئەی پەرلەمانتار؟
+ نازانم، بە باوکم بڵێ

ئەی تۆ خوێنەری بەڕێز، دڵنیام تۆش ئیستا شتێک لە دڵتا دروست بووە، وەڵامێکم بۆ بنووسە!

2 comments :

Unknown said...

منیش حەزەکەم ببم بە پەرلەمانتار .

arasn said...

هۆکەیت نە نووسیوە کاک جوتیار؟