Tuesday, September 20, 2011

دیکۆمێنت

دیکۆمێنت و یاساکانی پەرلەمان
(یاسای ڕۆژنامەگەری)

من زمانزان نیم، زۆربەی نووسینەکانیشم هەڵەی ڕێزمانییان تێدایە، ئەگەرچی هەوڵی زۆر دەدەم لەسەر ئەو ڕێنوێنییانەی کاک دیاکۆ هاشمی[١] بڕۆم. لەوەیە من زۆر بنووسم، بەڵام نووسین پیشەی من نییە، هەمیشە گلەیی لە نووسەر و ڕۆژنامەنووسانیش دەکەم[٢]، کە ئەوان پیشەیانە ڕۆژانە دەخوێننەوە و دەنووسن، کەچی هەڵەی زمانەوانی زۆر زۆر لە دەقەکانیاندا بەدی دەکرێت.
دیارە بنووس و چاودێرانی زمانەوانی لە پەرلەمانی کوردستانیش لەو بازنەی هەڵە کردنە بە دوور نەبوون، ئێمە گەر لە وانەکانی زمانی کوردیدا هەڵەمان هەبێ[٣] و ڕاست نەکرێنەوە، کێ گوێ ئەداتە ڕێزمانی ڕێسا و یاساکانی پەرلەمان؟، کە لەوانەیە خودی ئەو کەسانەی یاساکە دەیان گرێتەوە، چاویان پێ نەکەوتبێ. نموونەی ئەو هەڵانەش زۆرن، تەماشای یاساکانی پەرلەمان بکە و هەڵەدۆزیان بکە، من لەوانە یاسای ڕۆژنامەگەریم تەماشا کرد، تا بزانم کە شتێکم نووسی دەبێ ئاگاداری چی بم.
لەم یاسایەدا، وشەی "بە پێی" بە ٣ شێوە تیا نووسراوە: (بەپێی، بە پێی، بەپێ ی)[٤]، ئینجا وشەی بەڵگەنامە (دۆکیومێنت document)ی ئینگلیزی کورداندوە بە دیکۆمێنت، هەر هیچ نەبوایە با دۆکیومێنتەکە بێت، خۆ نە سەلیقەی زمانی کوردی کردویە بە دیکۆ... و نە لاتینیش وا دەخوێنرێتەوە. جگە لەوە، سەیرم پێ دێ، کە وشەی کوردی بە وشەی بیانی بەهێز دەکەن؛

- بۆ "شایستەیی" وشەی (ئەهلیەت)ی لە پاڵدا نووسراوە، خۆی (أهلية)ە.
- بۆ "پشتەوانە" وشەی (حەسانە)ی لە پاڵدا نووسراوە، کە خۆی (حصانة)یە لە عەرەبیدا.
- وشەی "بەڵێننامە"، وشەی (میثاق شرف)ی لە کەوانەدا لە پاڵدایە.
- لە هەندێک بڕگەدا سزا نووسراوە، بەڵام "غەرامە" لە بەردەم بڕە پارەکاندا قیت کراوەتەوە.
- گریمانەی ئەوە دەکەم، لە نووسانی (لە، بە، و، ...هتد) بە وشەکانەوە، هەڵەی پیتچنەکە بوو بێت، کۆمپیوتەر ئەگەرچی بۆ ئاسانکاریی و یارمەتی مرۆڤ دروست کراوە، کە تۆ زانا نەبیت لە زمانەکەدا هەڵەکانت بە سەردا تێپەڕ دەبن، بەڵام کە پیتچنەکە تەواو بوو، دەبوو پاشان زمانزانێک پێداچوونەوەی بۆ بکردایە. تێناگەم، ئەگەر یاساکان بۆ کوردن بۆ وا دادەڕێژرێن؟.
ماددەی یەکەمی یاساکان تەرخان کراون بۆ لێکدانەوەی زاراوەکان، قەیدی چییە لەویاش بنووسرایە:
- پرەنسیپ: بنەما
- غەرامە: سزای ماڵی، سزا بە لێ سەندنی پارە.
- لە بری دۆکیومێنت؛ بەڵگەنامە (هەموو جۆرەکانی؛ دەق، وێنە، گرتەی ڤیدیۆیی) بنووسرایە.
- لە بری ئەهلیەت (أهلية)، بنووسرایە؛ شایستەیی: شیاوبوونی کەسێک بۆ ئەنجامدانی کارێک.
- خاوەن ئیمتیاز: کەسی سەرپشک لە بڵاوکراوەکە، کەسێ بە گوێرەی یاسا بڵاوکراوەکەی بە ناوەوە تۆمار کراوە.
- حوکم: فرمانی یاسایی، بڕیاری دادوەر.
هیوادارم پەرلەمان ببێتە پێشەوا لەم ڕووەوە و گرنگی زیاتر بدەن بە زمان و فەرهەنگی کوردی، زمانەکەمان زۆر لا شیرینە، لەبەر ئەوە با هەموو هەوڵی پاراوی و پاکژی بدەین و زاراوە کوردییەکان زیندو بکەینەوە کە پێشینانمان بەکاریان هێناوە.
-------------------------------------------------------------
[١] بڕوانە (http://zkurd.org/diyako/renus) - دیاکۆ هاشمی، پێشکەشکەری بەرنامەی (فێرگەی زمانی کوردی لە ئاسۆسات)
[٢] بڕوانە (ڕۆژنامە خۆراکی مێشکە) - ئاراس نوری، بەستەر: (arasn.blogspot.com/2006/05/blog-post_30.html)
[٣] بڕوانە (www.youtube.com/user/fzkurdi) - وانەی مناڵێک، لە پەڕتووکی (خوێندنەوەی کوردی - بۆ پۆلی چوارەمی سەرەتایی).
[٤] بڕوانە یاسای ڕۆژنامەگەری، ماددەی دووەم، خاڵی یەکەم، خاڵی دووەم و خاڵی چوارەم.