Monday, September 24, 2012

بیرەتەکنیکیەکانم

ئەیلولی ٢٠١٢  - لە دوکانێکی چاک کردنەوەی کۆمپیوتەر، کاغەزێک نرابوو بە کۆمپیوتەرێکەوە لێی نووسرابوو: "بە تەڵاقم فۆڕماتی ناکەنەوە".
بە هەڵۆیەکم وت خەتی ئینتەرنێتەکەتان دزی تیا کراو، گوێی خۆی لێ کەڕ کرد. لە ڕانیەوە وەڵامیان نارد، ئەو (سیریاڵ نەمبەرەی) لەناو کتێبی خوێندندا دانراوە بۆ دامەزراندنی ویندۆزی ئێکس پی، ئیش ناکا و بە هەڵە کۆپی کراوە.
ڕۆژنامەنووسێک لە دیواری فەیسبووکەکەی نووسیبو: "لەمەودوا کاری ڕۆژنامەوانی ناکەم و ئەبم بە هاکەر".

باجی عەتێی دراوسێمان بۆ لێخوڕی پیکابی سەوزەکەی باس دەکرد، کە ئەوەتەی ئینتەرنێتیان هەیە سێ ژەمە ئەزانێ مناڵەکانی لە ئەوروپا چی دەخۆن. ڕێژەی ڕاپرسییەکانی ئاڤێستا لە ماڵپەڕەکاندا هیچی ناگاتە ١٠٠%، حەمە وتی لە کۆکردنەوە و دابەشکردندا کورتیان هێناوە.
ژوورێکم بەرچاو کەوت لە خوێندنی باڵا نووسرابوو (حکومەتی ئەلکترۆنی)، وتیان ساڵی جارێک دەرگاکەی ناکرێتەوە. گەنجێکی ١٦ ساڵم بینی فۆڕمی دامەزراندنی پڕ دەکردەوە لە کۆمپانیایەک وتی: "٧ ساڵە وێب دیزاینەرم". لە هەڵبژاردنی زمانی ماڵپەڕێک بۆ کوردی نووسرابوو (الکردیة) و بۆ هەڵبژاردنی زمانی عەرەبیش نووسرابوو (عربي). کارمەندێکی ئایتی لەسەر گەندەڵی خانەنشین کرابوو، دڵخۆشی ئێمەی ئەدایەوە کە ئەو یەکەم خانەنشینی ئایتیە لە کوردستاندا.
بەبۆنەی دانانی ناویان لە (ویکیپیدیا)، ڕۆژنامەیەکی عەصری لە قاوەخانەیەک بۆنەیەکی گێڕا. سۆفی وتی بۆ نووسەرێکی مەزن هەزار لایک کۆبووەوە ڕۆژنامەکەی کردی بە هەرا، من دوێنێ نوکتەیەکی ئەحۆلم سەرخست، تا ئیستا دوو هەزار (لایک و شێر) کراوە. بۆ حەمەم گێڕایەوە، چایچی وەزارەتێک لەڕێگەی فەیسبووکەوە فرمانی چا هێنان وەردەگرێت، وتی ئینجا چییە، ئێمە لە دائیرە ٥ ساڵە هەر (یاهوو مەسینجەر) بەکاردێنین.


No comments :