Wednesday, December 18, 2013

نەزانین یان کەمتەرخەمی


ئەمڕۆ هەڵەیەکی ڕۆژنامەی (حوڕیەتی تورکی) بڵاوبووەوە، کە (گێرد میولەر Gerd Müller)ی سیاسەتمەداری تازە وەزیر، کراوە بە گێردمیولەری یاریزان و پاڵەوانی زۆرترین گۆڵ لە جیهان و لە ئەڵمانیا. ئەگەرچی ڕۆژنامەنووسەکەی حوڕیەت وێنەی راستەقینەی گێرد میولەری سیاسەتمەداری بڵاوکردوەتەوە، کەچی ناوەڕۆکەکەی باس لە یاریزانێک دەکا کە بووە بە وەزیر و تێکەڵی کردوە لەگەڵ کۆنە یاریزانی ئەڵمانی ناسراو بە زۆرترین گۆڵ و کۆنە یاریزانی بایرن میونشن.

ئەم جۆرە هەڵانە کەمتەرخەمیە، لەگەڵ ئەوەی کە ڕۆژنامەنووسەکە خۆی ماندوکردوە و ژیاننامەی یاریزانەکەی دەرهێناوە و بەجوانی نووسیویەتیەوە، کەچی بەراوردێکی نەکردوە و سەرچاوەی تر نەگەڕاوە. گاڵتەجاڕی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ئەڵمانیا بۆ ئەو ڕۆژنامەیەش کەم نیە، چونکە خەریکە دەبێت بە نوکتە.

ڕۆژێک گۆڤارێکی منداڵانەم کەوتە بەردەست، لەسەری نوسرابوو (٦ تا ٩ ساڵ) بابەتێکی تێدابوو بەناوی (جۆرەکانی پرینتەر)، تەنیا دوو جۆری باس کردبوو. بە سەرنووسەر و خاوەنی گۆڤارەکەم وت، ئەم بابەتە یەکەم شیاو نیە بۆ ئەو تەمەنە و دووەم بابەتیانە زاراوەکانی باس نەکردوە، چونکە ئەو دەڵێ تەنیا دوو جۆر چاپکەر هەیە و ئەمەش هەڵەیە، لەوەیە تەنیا سەر مێزی ژوورەکەی خۆی بینی بێت...
وەڵامیان ئەوەبوو: "یەکەم جارە ئەو زەلامە نووسینمان بۆ دەنێرێت و گەنجە قەیناکا.."

تەماشام کرد زۆر نووسراو و بابەتی تری زانستی لە گۆڤارەکانی کوردستان بە هەمان ئاراستەی هەڵە بابەت بڵاودەکەنەوە، نووسەری بابەتەکانیش لە هەڵەی خۆیان ناکەون و بەردەوامن. نەزانین و نە شارەزایی نەنگی نیە، بەڵام کاتێک تۆ بابەتێکی زانستی دەنووسیت، پێویستە دوو سەرچاوە بگەڕێیت و تەنیا تەماشای ژوورەکەی خۆت نەکەیت، چیت بینی هەر ئەوە بێ و تەواو. خەڵکم بینیوە خۆی ناو ناوە مێژوونووس، ئەو ڕووداوەی خۆی تیا ئامادەبووە، بە دیدی خۆی نووسیویەتیەوە و کردویەتی بە مێژوو، بێ هیچ بنەمایەک. لە ڕاستیدا ئەو قەبارە زۆرە لە نووسەران و بڵاوکراوەکان بۆ ئەو کارەساتە دەگەڕێتەوە، کەس نیە بڵێ بابەتەکان بێفەڕن، هەڵەن، ڕێزمانیان ناتەواوە... هەر بۆیە ئاکامەکەشی دیارە، ئەوەتا کەمترین خوێنەر ماونەتەوە لە کوردستاندا.

No comments :