Thursday, January 09, 2014

گۆڵ


گۆڵپەیامی حەکیمێک لەسەر گۆڵ منی خستە گێژاوی بیرکردنەوە لە گۆڵ کردن. دیاربوو ئەو گۆڵەی حەکیم؛ ئامانج و ئاواتەکەی خۆمان بوو، بەڵام ئەم زمانە گۆڵی زۆر لێ دێتە دەرەوە و هەر گۆڵێکیش بە قەد بردنەوەیەکە؛

"ماوەیەکی زۆرە گۆڵم نەکردوە.." ئەمە قسەی یاریزانێکی تۆپی پێ بوو، بەهۆیەوە ڕاهێنەرەکەی خستیە ڕیزی یەدەگەکان و لە ١٠ یاریدا دوو جار بەشداری پێ ناکا.


مەلایەک لە وتاری هەینی دا ئەیوت: "صیلەی ڕەحم بپارێزن، ئەو نەهات تۆ بچۆ سەردانی بکە و گۆڵی خۆت بکە، لەو دنیا هەر تۆ براوەیت."

ئەوکاتەی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیانویست تۆپێن بکەن، ڕۆژنامەنووسان ئەیانوت "هێشتا یاری نەکراوە بەڵام حکومەت گۆڵی خۆی کردوە"، ئاوێنەش هەفتەی ڕابردوو نووسیویەتی: "لە یاری نەوتدا، حکوومەتی بەغا شەش گۆڵی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردوە."

حەمە وتی "لەسەر کاسەی بازاڕێک، ٣ دیناریان کەمتر بۆ گێڕامەوە، کە گەیشتمە ناو پاسەکە پێم زانی ژمێریارەکە گۆڵی لێ کردوم."

بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینەوە، بەڕێوەبەرەکەمان کۆی کردینەوە و وتی: "گۆڵی ئەمساڵ نرخی خۆی دەبێت، ئەوەی زوو ئەنجامی بدا خەڵاتی باشی ئەکەم."

هەموو گۆڵەکان بەختیاری ئەبەخشن، هەیە پلە و پارەیە، هەیە ئاسوودەیی دڵ و دەروون. بۆ ئەوەی تۆش بەو بەختیاریە بگەیت زوو گۆڵی خۆت دابنێ و هەوڵی پێکانی بدە، ئەگینا بێ گۆڵ دەمێنیتەوە و لە شوێنێکی نەخوازراودا لەنگەر دەگریت.

No comments :