Thursday, October 09, 2014

بۆ کۆبانی چی بکەین؟

Kobane
کۆبانی گەمارۆ دراوە، تورک لە سەروو و لە لاکانی تریشەوە، تەتەرەکانی داعش، هەموو ئامادەین بچین بە هانای شەرڤانانی کۆبانی، بەڵام نە تورک ڕێ ئەدا و نە ڕێی گونجاویش بۆ ئەو مەبەستە هەیە. ئەی چار؟ واز لەو شەڕڤانانە بهێنین تا دوا فیشەک و پاشان چۆڵی بکەن؟

خۆپیشاندان لە شارەکانی باشوور، بڵاوکردنەوە پەیامگۆڕکێی ئینتەرنێت و ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر حکومەت و پەرلەمان، یەک قوم ئاو ناهێنێ بۆ ئەو خەڵکە ئاوارانە، یەک فیشەک ناهێنێت بۆ ئەو پێشمەرگانە، ئەو کارانە لەوەیە  بۆ هاندان و مەعنەوی بایەخیان هەبێ، بەڵام بۆ لەناوبردنی داعش نە. بۆ شکانی ئەو گەمارۆیە نە.
کەوابێت چار چیە؟
ڕاستیەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ دەردەکەوێت، هەڵوێستی تورکیا لەسەر یەپەدە و کوردانی ئەو دەڤەرە ڕوونە، دەبێت ببنە نۆکەری ئەو و هەم وازە لە پەکەکە و هەمیش لە ئەسەدی حاکمی سوریا بەدوور بن، ئەوەی دووەمیان لام وابێ کاتی هاتووە، بەڵام بۆ یەکەم گۆشتی دەستی خۆت بخۆی لە منەتی قەساب باشترە.
لە کوردستانەوە هێز و چەک ناگاتە کۆبانی، چونکە دەوری بە تورک و تەتەرەکانی داعش گیراوە، تورک تا ئەمڕۆ پشتیوانی داعشی کردوە بۆ شکانی کورد، ئەوانە و ڕاستی تر لای زۆربەمان ئاشکرایە.
کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان
بەڵام لای ناتۆ یان لای وڵاتانی تر بەڵگەنامە و گرتەی ڤیدیۆ بەرچاویان دەگرێت، هەر بۆ نموونە چەند جار لە تویتەر و فەیسبووک لێدوانم بینیوە بە ئەڵمانی دەنووسرێن و باسی هەڵوێست و کردەوەی تورک دەکەن، لەوەیە سیاسەتمەدارە ئەوروپیەکانیش ئەوە بزانن، بەڵام بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان بە دەستەوە بێت دەتوانن لە پەرلەمانی خۆیان قسەی لەسەر بکەن، سەرزەنشتی تورک و سیاسەتە دۆڕاوەکەی بکەن، وەکوو (کلاودیا ڕۆت) - جێگری سەرۆک پەرلەمانی ئەڵمانیا لە سەردانیا بۆ سنووری کۆبانی و تورکیا بۆی دەرکەوت و ڕاستەوخۆ وتی تورکیا سیاسەتی قێزەون دەکا. هەموو کەسێک وەکو کلودیا ڕۆت ناتوانێ ئەوە بکە، لەبەرئەوە ئەرکی من و تۆ ئەوەیە بەڵگەنامەکان کۆ بکەینەوە لەسەر تورک، وەریان بگێڕین و بە زمانە بیانیەکان بڵاوی بکەینەوە.
ئاگادارکردنەوەی وڵاتان
پێویستە لە ناوەوە ئەو بەڵگە و گرتە ڤیدیۆیانەی بەردەستن کۆ بکرێنەوە و بکرێنە زمانەکانی تر، بەسەر نوێنەرایەتی وڵاتان کە لە هەولێر هەن دابەش بکرێن.
خۆپیشاندان لە ئەوروپا و وڵاتانی تر کاریگەری تەنیا بۆ سۆز و ناسینی ڕووداوەکان و بەدەنگەوە هاتنی ئاوارەکان هەیە، ئەوەش کارێکی باشن، با لە پاڵیشیا بەڵگە و بەیاننامەکانیش ببەخشرێنەوە، تورکیا شەرمەزار بکرێت، هەموو ئەوانەی پشتیوانی داعش دەکەن شەرمەزار بکرێن و سەرچاوەکانیان ببڕن.

پەستانی بازرگانی
وەکو هەرێم، بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە لە ڕێی توکریاوە، لەم بێ مووچەیی و بێ پارەییەدا زەحمەتە کاری گەورەی پێ بکرێت، بەڵام سەرمایەداران دەتوانن گرێبەستیان لەگەڵ تورکەکان بوەستێنن، کاڵایان لێ نەکڕن و هاووڵاتیانیش شتی تورکی نەکڕن.
 
پێشمەرگەی کوردستان
ئەمڕۆ لە هەموو کات زیار پێویستە پشتی پێشمەرگە بین، کە ئەوانیش هێز کۆ بکەنەوە و بەرەو ڕۆژئاوا بە تانک و چەکی قورس بەڕێ بکەون، شەڕی داعش بکەن، تا ناوچە کوردیەکانی ئەوێ پەستانیان لەسەر کەم بێتەوە. پێویستە تا لە توانادا بێت داعش و تەتەرەکان بخرێنە ژێر زەبری کاریگەر و بەردەوام هێرشیان بکرێتە سەر، لە هەر شوێنێکن بۆئەوەی شەکەت بن و هێزیان نەمێنێت بۆ ڕۆژئاوا.