زمانی جاڤا ئەمڕۆ ٢٣ی مایسی ٢٠١٧ بوو بە ٢٢ ساڵ. لەوەیە لە سنووری خۆی دەرنەچم، ئەگەر بڵێم باشترین زمان لە زمانە ئاستبەرزەکانی بەرنامەداڕشتن، جاڤا بێت.
چووستی کارکردنی بەرنامەکانی، پارێزراوی کۆد و تەنخوازییەکەی و بڵاوکردنەوە ئامرازی پەرەپێدانەکەی بە خۆڕایی، کارای گرنگبوون بۆ ڕاکێشانی سەرنجی پەرەپێدەران و کۆمپانیاو دامەزراوەکانی تەکنۆلۆجیای زانیاری. بەهۆی ئەوەی ڕێزمانەکەی لە C, و++C ەوە بنچیەنەی گرتبوو فێربوونیشی هێندە گران نەبوو.
جاڤا زمانی بەرنامەداڕشتنە لەسەر تەکنیکی تەنخوازیی(OOP) دادەڕێژرێت، وەک بەرهەمێکی نوێی کۆمپانیای سەن مایکرۆسیستەمز (Sun Microsystems) لە نێوانی ساڵەکانی ١٩٩١ و ١٩٩٢ دا پەرەی پێ دراوە. وەشانە سەرەتاییەکانی بە (Oak - Object Application Kernel) ناو دەبرا. ساڵی ١٩٩٥ و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، ناوی زمانەکەیان ناونا جاڤا. وەکو کارمەندەکانی ئەوسای سەن باسی دەکەن، سێ ناو پێشنیار کراوە بۆ ئەم زمانە (Silk, Java و DNA)، دواتر بە زۆرینەی دەنگ جاڤا هەڵبژێردراوە. ئەمڕۆ جاڤا بەهۆی کڕینی کۆمپانیای سەنەوە لە لایەن ئۆراکڵەوە، بووەتە بەشێک لە بەرهەمەکانی ئۆراکڵ و لە وەشانی نۆیەمدایە.
زمانی جاڤا بەهۆی پشت نەبەستن بەجۆری سیستەمی کارپێکردن، زوو جێی خۆی کردەوە، بەتایبەتی لەو دەمەدا کە لینوکس لە وەشانە سەرەتاییەکانیدا هەنگاوی گەورەی نا، چ وەکو سیستەمێکی ڕاژەکار و چ وەکو سەکۆیەک بۆ ڕاژەی زمانێکی وەکو جاڤا.
![]() |
پلەی بەکارهێنان و ڕیزبەندی زمانەکان |
هەر لە سەرەتای پەرەپێدانیەوە جاڤا پلەکانی پێشەوەی ڕیزبەندی زمانەکانی بەرنامەداڕشتنی گرت، وەکو لە سەرەوە دەبینرێ.
جاڤا شیکاری بۆ وێب و ڕوومێز هەبوو، شیاوبوو بۆ سیستەمی تۆکمە و کارگێڕی بەهۆی بوونی سیفاتی پتەو متمانەپێکراو لە پاراستندا، ئەمە هۆکاربوو کە جاڤا تەرخان بکرێ بۆ وێب و ماتۆڕی بە گەڕخستنی لەسەر هەموو کۆمپیوتەرێک دابنێ - زۆرتر لە سێ ملیار کۆمپیوتەر. هاوکات بوونی وەشانی خۆڕایی و سەرچاوەی کراوە بۆ زمانەکە لە یەکەم ڕۆژیەوە، هاندەری بەهێزبوون بۆ فێربوونی.
ئەمڕۆ جاڤا قۆناغێکی گەورەی بڕیوە، بووتە خاوەنی سەکۆیەکی بەربڵاو و زمانی یەکەم، کە زۆرینەی زانکۆکان و پەیمانگاکانیش لە زووەوە خوێندکارەکانیان لەسەر ئەم زمانە ڕا دەهێنن و فێریان دەکەن.
تۆش ئەگەر ئارەزووی فێربوونی جاڤات هەیە، کاتی بۆ دابنێ و کوپێک قاوەی خەستی بۆ ئامادە بکە و دەست پێ بکە.