خەیاڵ وادەکات مرۆڤ لە دۆزینەوەی شتێکی تازەدا خۆی ببینێت، ئەمەش دەتوانێت یەکەم هەنگاو بێت بۆ داهێنانی شتێک کە بە ڕاستی کۆمەڵێک کێشە چارەسەر بکات.
وەکو لە بەشی پێشوودا باسم کرد، لە جووڵەی دەروونییەوە ئاوێتەی داهێنانەکان بەرەو بەرجەستەکردن ڕێ دەگرێت.
گواستنەوەی بیر و خەیاڵ بۆ شتێکی کارامە و بەرجەستەکراو وەکو لە درووستکردنی بەرنامەیەک، ئامێرێک، یان فێرکارییە نوێکاندا بەدی دەکرێن، هیوابەخش و پڕمتمانەیە. بێگومان ئەمە هاریکاریی چەندین شارەزا و پسپۆڕی بوارە جۆراوجۆرەکان دەکات.
بۆ وێنە لە کۆچکردنی بۆ دونیانی دیجیتاڵ، بە تەنها سەرمایەداری و دارایی بڕیاردەر نیە بۆ بەدەستهێنانی ئامانج، بەڵکو کلتور و ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمپانیاکەش ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت[١]. دەبینیت کە لە هەموو جومگەیەکی کۆمپانیادا پێویستی بە لەخۆگرتنی دیجیتاڵکردن بوونی هەبێت، ئەوا کاریگەریی تەواو بەدی دەکەیت لە ڕەوتی دیجیتاڵکردنەکەدا.
لەوەیە بەراوردی دونیای دیجیتاڵی لە ئەمڕۆ و ٣٠ ساڵێک پێش ئێستادا بۆمان دەرببخات، کە خەیاڵە زانستییەکان بەرەو کوێیان بردووین، گرنگیی هەوڵدان و توانین لە بە ڕاستەقینەکردنی خەیاڵەکان ڕەوتێکی درێژخایەن بووە، ئەگەر هەمان ماوە بەراورد بکرێت بە بیناسازی دەبینیت لەوێ زۆرتری خایاندووە، گۆڕین و کۆچکردنیش لە دیجیتاڵکردندا زۆرتر مرۆڤەکانە وەکو لەوەی کەرەستە و ئامرازەکان بێ.
کۆمەڵناسان پێداگری لەسەر دروستکردنی کەشێکی گونجاو دەکەن بۆ ئەوەی کە مرۆڤ لە منداڵییەوە، لەو دەمەی کە هێشتا نینۆکەکانی نەرمن، ئامادە بکرێت بۆ بیرکردنەوە و بزواندن بەرانبەر ئامرازو و شتەکانی بەرچاوی. بۆ وێنە لە ئامرازەکانی یاریکردن و خۆ خەریککردنەوە بۆ شێوازی مامەڵە و گوێکرتن لێی. عەلی وەردی بۆ سەرکەوتنی کەسێک باس لە مەرجی هاوئاهەنگی نێوان خەیاڵەکان و خواستی دەروونی مرۆڤ دەکات [٢]، کاتێک ئامانجێکیش دادەنێیت لە مێشکتدا و هەوڵی بۆ ئەدەیت ئەم هاوئاهەنگییە گەیشتن بە ئامانجەکەت دەچەسپێنێت، چونکە با خواستت (ئیرادەت) هەبێ کە ڕێکنەکەوت لەگەڵ خواستی ناختدا، زەحمەتە بەرەو سەرکەوتنت ببا. بەداخەوە زۆرێک لە بەخێوکەران ئامانجێکی بەرز لە دڵماندا دەچەقێنن لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام تووشی ڕووخان و سەرنەکەوتنمان دەکەن بەوەی کە هەرگیز پێی ناگەین و بەخت و ناوچەوانی ئەوەمان نییە[٣]. لەمەوە داهێنان ستەم دەبێ و خەیاڵەکان دەمانبەن بەرەو خەیاڵی هەڵدێڕ و ڕووخان لە بری فانتازیای داهێنان.
![]() |
وێنەیەک لە کۆپایلتەوە، کۆمەڵگا و خەیاڵی زانستی |
لە زۆر لە دامەزراوە نوێێەکانیشدا بەدی دەکرێت کە خاوەنکار بیرۆکەیەکی داهێنەرانەی هەبووە و گەیشتووە بەو دۆخەی کە تیمێک دابمەزرێنێت یان کۆمپانیایەکی بچووک وەکو دەستپێک بۆ داهێنانەکەی، بەڵام دوای چەند هەنگاوێک خۆی یان بەهۆی کارمەندەکانییەوە خاوی دەبینرێت لە کارامەییدا[٤]، چونکە ئیدی زۆر مێشکی لای ئەنجام و بەرهەمە وەکو لەوەی کە بەردەوامی هەبێ داهێنانی نوێ، بە لێکدانەوەی عەلی وەردی بێ دەبێ بڵێین ئیتر دۆخێکە کە مێشکی گەیشتووەتە حاڵەتی کاوێژکردنی بیرۆکەکانی و هێز و بازوویان بۆ جێبەجێکردن تەرخان دەبێت. بەواتایەکی تر خەیاڵکردنەوە دەبێتە دۆخێک لە چنینیەوەی بەروبووم.
خەیاڵە زانستیی و لێڕامان بەم دۆخەی ئەمڕۆی گەیاندووین، خەیاڵێک کە بەمێشک دەرگای داهێنانی واڵا کردووە و سروشتی مرۆڤ و دەمی خۆی تێپەڕاندووە، تاکوو بووەتە ئامانج و مرۆڤەکان هەنگاویان بۆ بەدیهێنانی ناوە[٥]. بێگومان لەم دەمەدا (بازاڕدۆزیی marketing) شارەزایانە مسۆگەری گەیشتنی داهێنانەکان دەکا، دەنا داهێنانەکە دەپوکێتەوە و دەبێتە مێژوویەکی سەرنەکەوتوو[٦]، هۆکاریش زۆرن، لەوانە نەبوونی پێکهاتەیەکی تەواو کە وەڵامی خواستی داهێنانەکە بێ، یان گەیاندنی بیرۆکەکان بە دروستی ڕوینەداوە و زوو لە مەبەست دەرچووە[٧].
خەیاڵی زانستی گرنگترین ئەدەبیاتە لە مێژووی جیهاندا، چونکە مێژووی بیرۆکەکانمانە، مێژووی شارستانیەتی ئێمەیە کە خۆی لەدایک دەبێت. خەیاڵی زانستی، چەقی هەموو ئەو کارانەیە کە تا ئێستا کردوومانن وئەو کەسانەی گاڵتە بە نووسەرانی خەیاڵی زانستی دەکەن نازانن باسی چی دەکەن. ڕەی برادبێری[٨]
ماوەتەوە بڵێین، خەیاڵی زانستی و جۆرەکانی ترن کە بە پرسێکی سانای وەکوو (چی ڕوو ئەدات ئەگەر)، ژیانی ئەمڕۆ جێ دەهێڵن و دەمانخەنە ڕاستییەکی ترەوە، چی دەبێ ژیان لەسەر مەریخ هەبێ؟ چی ڕوو ئەدات ئەگەر ژیریی دەستکرد بیر و هۆشمانی تێپەڕاند؟. خەیاڵەکان تاکو مرۆڤ هەبێ دەبێت بەردەوام بن تاکو تاو بە گوزەران و گەشەی زانستیی و دەروونی مرۆڤ بدەن[٩]. بێ بوونی ئەوانە ژیان چێژی خۆی لە دەست ئەدات و زۆر لە گەشەپێدانەکان قەتیس دەمێنن، وەکو ئیبن خەلدونیش باسی دەکا، مرۆڤ کە گرفتی خواردن و سروشتی کەم بووەوە پرسی داهاتووی کردە نیشان و بیری کردەوە چۆن داهاتووی مسۆگەر دەکا.
هەروەها بڕوانە بەشی یەکەم
داهێنان لە بەردەوامی خەیاڵەکاندا
ژێدەرەکان:
[١] بڕوانە (داهێنان، هەموو کەسێک دەتوانێ Innovation? Kann doch jeder)، لە نووسینی (Marco Iansiti و Satya Nadella).
[٢] بڕوانە کتێبی (خوارق اللاشعور) - علی الوردي، لاپەڕە ١١٨، چاپی دووەم.
[٣] سەرچاوەی پێشوو، کتێبی (خوارق اللاشعور) - علی الوردي، لاپەڕە ١٢٠، چاپی دووەم.
[٤] بڕوانە (Eine Formel für Innovation)، بابەتێکی (Safi Bahcall)، ٢٠١٩
[٥] بڕوانە ویکیپێدیا خەیاڵی بیرکردنەوە
[٦] بڕوانە بابەتی (Why Great Innovation Needs Great Marketing) لە نووسینی (Denise Lee Yohn)
[٧] بڕوانە بابەتی (The Two Key Elements Of Business Success) لە نووسینی (Young Entrepreneur Council)، ٢٠١٤
[٩] بڕوانە بابەتی (کاریگەریی خەیاڵی زانستی لەسەر کۆمەڵگا The Impact of Science Fiction on Society: Asking the "What-If" from the Safe Spaces of Fiction)، نووسینی (پاول میکایل Paul Michael Peters)