پوختەیەک لە کتێبی (چۆن دواڕۆژ ساز بدەم ) هی نووسەر (ئەندریو کین Andrew Keen).
دەکرێت ژیانێک بەبێ گووگڵ، فەیسبووک، ئەمەزۆن، مایکرۆسۆفت یان ئەپڵ ساز بدەین، بەڵام ئاسانیش نییە.[١]
زۆرینەمان هەر بیریشی لێ ناکەینەوە و ڕەنگە بە خەیاڵیشماندا نەیەت. ئەندریو کیین لەم کتێبەیدا کار و دەرەنجامی ئەو هەوڵەمان بۆ دەردەخات و لەسەر شانمانی لا دەبات. ئەو دەڕوا لەگەڵ دامەزراوە تازە دەستپێکەرەکان و ڕیفۆڕمخوازەکانی سیلیکۆن ڤالی ئەدوێت، تاکو نەخشەیەک هەرێنە بکات لە ئینتەرنێتی مرۆڤ دۆستانە. ئەندریو کین بڕوای وایە بیرکردنەوەی دروستی مرۆڤ و ڕوحی بەرگریکردن و هاریکاریی، بەتایبەتی لەنێوان گەنجاندا، دەتوانێت لە خەیاڵپڵاوی دیجیتاڵکردن بەئاگامان بهێنێتەوە، کە ئەو بە درمێکی بەربڵاوی ناو دەبات.
سەدەی نوێمان سەدەی ڕایەڵەکردن و بەستنەوەیە بە تۆڕەکانەوە. بەڵام لانیکەم تا ئێستا سەردەمی گەشەسەندنی نایەکسانیی ئابووری و نائەمنی کار و سەرلێشێواوی کولتووری و پشێوی سیاسی و دڵەڕاوکێی بوونگەراییشە.
لە ئابووری دیجیتاڵی ئەمڕۆدا، مرۆڤەکان وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ هیچ داهاتوویەکیان نییە. هاوشێوەی (ستاندارت ئۆیل Standard Oil) و (US Steel) لە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەردا، ئێستا گووگڵ و فەیسبووک و کۆمپانیاکانی تر، کێبڕکێ و داهێنان سەرکوت دەکەن!
ئیستۆنیا وڵاتێکی تا ڕادەیەک بچووکە لە ڕووی جوگرافیاوە، یەکێکە لە باشترین وڵاتانی ڕایەڵەکراو و داهێنەرترین وڵاتانی جیهان لە ڕووی تەکنۆلۆجیاوە. ئەم ئاستە بەرزەی لە دیمەنی گەشەسەندنی دەستپێکردندا دەستی پێنەکردووە، بەڵکو لە قوتابخانەکانەوە دەستیپێکردووە. وڵاتەکە بە پڕۆژەی (نیشتەجێبوونی ئەلیکترۆنی e-residency)، ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٢٥، ١٠ ملیۆن هاوڵاتی (گریمانەیی virtual) بۆ خۆی ڕابکێشێت، هەشت هێندەی ژمارەی دانیشتوانی ئێستای- کە تەنها لە هەورەکاندا بەیەکەوە دەبەسترێتەوە و دەتوانن کاروبار لەگەڵ یەکتردا ئەنجام بدەن. لەم مۆدێلەدا دەوڵەت وەک دابینکەرێکی خزمەتگوزاری پشت بە هاووڵاتیانی خۆی ببەستێت نەک بە پێچەوانەوە. پرۆتۆکۆڵێکی متمانەپێکراوی هاوشێوەی (بلۆکچەین Blockchain) گەرەنتی ئەوە دەکات کە هەمووان ئاگادار دەکرێنەوە، هەر کات کە کەسێکی تر دەستی بە داتاکان گەیشتووە. گرنگیدان بە ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییەکانی نییە، بەڵکو گرنگی بە پێشێلنەکردنی پاراستنی داتاکان دەدرێت. لە تاریکی و پشتی پەردەوە هیچ ڕوونادات، بەرچاوڕوونیی ڕەها هەیە لەم سەکۆیەدا. لەبەرئەوەیە خەڵک متمانەیان بە یەکتر و سیستەمەکەش هەیە.
لە سەنگافورە، ئەوەی بە "نەتەوەی زیرەک Smart Nation" ناودەبرێت، دەیەوێت هەموو شتێک لەبارەی هەموو کەسێکەوە بزانێت و کۆنتڕۆڵی بکات - لە پاکوخاوێنی دامەزراوە گشتییەکانەوە تا هەموو ئۆتۆمبێلێکی سەر شەقامەکان. بە وتەی حکومەت، ئامانجەکە دامەزراندنی دەوڵەتێکی تاکڕەوانەی چاودێریی برا گەورە نییە، بەڵکو هەڵسەنگاندنی هەموو ئەو زانیارییە بەردەستانەیە کە لە ڕێگەی تەلەفۆن و ماڵە زیرەکەکان و قوتابخانە و ئۆتۆمبێلەکانەوە دروست دەکرێن. ئەمانە لەسەر سەکۆیەکی (پلاتفۆرم) کراوە هەڵدەگیرێن کە مەبەست لێی سوودگەیاندنە بە هاووڵاتیان (چاکەی گشتی). داهاتووی مژدەهێنە یان کابوسێکی داتا گەورە، ئەوە دواڕۆژ ڕوون دەبێتەوە!؟ بە پێچەوانەی پڕۆژەی "نیشتەجێبوونی ئەلیکترۆنی" ئیستۆنیا، مۆدێلی سەنگافورە دەرفەتی زۆر ئەدات بە دەوڵەت بۆ دەستێوەردانی داتاکان.
کەواتە چۆن دواڕۆژ چارە بکەین؟
گۆڕینی دیجیتاڵی، شۆڕش لە جیهانی کاردا بەرپادەکات، بەڵام بەهاکانیش دەشێوێنێت و دیموکراسیەکان تێکدەدات. وە داهاتوومان وەک بوونەوەرێک کە بیربکاتەوە و کرداری سەربەخۆ (ئۆتۆنۆم) دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام درەنگ نییە بۆ گۆڕینی ڕێڕەوەکەی. پێویستە زەمینەیەکی ناوەند لە نێوان گەشبینی تەکنۆلۆجی کوێرانە و ئایدیالیزەکردنی ڕۆمانسی ڕابردوودا بدۆزینەوە. تۆڕکردنی کۆمەڵگا دەرفەتی زۆر دەڕەخسێنێت، بەڵام وەڵامی هەموو کێشەکانی مرۆڤایەتی نییە.
بۆ بەردەوامبوون لە ژیان لە جیهانێکی مرۆڤدۆستانەدا لە داهاتوودا، پێویستە شۆڕشی دیجیتاڵی بە بەکارهێنانی ئەم پێنج ڕێبازە ڕام بکەین:
١. ڕێکخستنی حکومەت
یەکێک لە گرنگترین شەڕڤانان دژی دەسەڵاتی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا وەک ئەمازۆن، ئەپڵ، مایکرۆسۆفت، گووگڵ و فەیسبووک، کە بە “پێنج ترسناکەکە” ناسراون، خاتوو (مارگریت ڤێستاگەر Margrethe Vestager)ە، لێپرسراوی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کێبڕکێ و داهێنان. داوای باجی ١٣ ملیار دۆلار لە ئەپڵ دەکات، چونکە بەهۆی ڕێککەوتنە نهێنییەکانی لەگەڵ وڵاتی ئێرلەندا، کە لەدەرەوەی ئەورپای هاوبەشە، کۆمپانیاکە ساڵانێکی زۆرە تەنها لەسەدا 0.005 باجی لەسەر داهاتەکەی لە ئەوروپادا داوە. سێ لێکۆڵینەوەی لە دژی گووگڵ دەستپێکردووە بەهۆی کێبڕکێی نادادپەروەرانە و قۆرخکاری بە ملیارەها سزای سەپاندووە. ئارگومێنتی سەرەکی لەم شەڕەدا: هەروەک چۆن قۆرخکارییە پیشەسازییەکانی ستاندارد ئۆیل و یو ئێس ستیل لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا ڕکابەرەکانیان لەناوبرد و داهێنانیان خنکاند، ئەمڕۆش کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئینتەرنێت داهاتووی ئینتەرنێت دەخەنە مەترسییەوە. لە پشت ئەمەشەوە ئەو قەناعەتە هەیە کە بازاڕ بە تەنیا ناتوانێت چاکی بکاتەوە.
ئێمە پێویستمان بە ژێرخانی داتا گشتییەکانە کە خزمەت بە کۆمەڵگا بکات. جگە لە ڕێسا و یاسا تاکەکەسییەکانی نیشتمانی، ڕێسای گشتی پاراستنیی زانیارییەکانی ئەوروپا (GDPR) گرنگترین زەبرن لە دژی پێنج ترسناکەکە: مافێکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی زانیارییەکان دادەمەزرێنێت و مەبەست لێی ئەوەیە کۆنترۆڵی داتاکان بە خاوەنەکانیان بداتەوە. دووبارە دۆزینەوەی تایبەتمەندی شەپۆلی سێیەمی داهێنانەکان دەباتە پێشەوە، بەتایبەتی لە دیمەنی دەستپێکردنی کۆمپانیاکانی ئەوروپادا، کە دەتوانێت لە مەودای درێژخایەندا مەترسی لەسەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا دروست بکات. چونکە یاخیبووان درکیان بەوە کردووە کە ئینتەرنێت پێویستی بە گۆڕین و شێوە پێدانەوە هەیە.
٢. داهێنان لە ڕێگەی کێبڕکێ
ئێمە لە مێژە بووین بە کۆیلەی قۆرخکارییە دیجیتاڵییە زەبەلاحەکان، کە خۆبەخشانە ڕێگەیان پێدەدەین ڕۆژ تا ئێوارە چاودێریمان بکەن. بەو پێیەی پلاتفۆرمە گەورەکانی ئەمریکا تەنها لە ڕێگەی فرۆشتنی ڕیکلامەوە دارایی خۆیان دابین دەکەن، لێرەدا یاسای جیاواز جێبەجێ دەکرێت وەک لەوەی لە پیشەسازیی مۆسیقا یان کۆمپانیاکانی میدیای لاساییکەرەوەدا بوونی هەیە. یوتیوب پەرە بە یەک بەهرە نادات و فەیسبووک پارەی یەک ڕۆژنامەنووس نادات. سەرەڕای ئەوەش، فەیسبووک و گووگڵ لەسەدا ٨٥ی سەرجەم داهاتی ڕیکلامەکانی ئینتەرنێت پێکدەهێنن.
ئینتەرنێت سەردەمانێک پڕۆژەیەکی نموونەیی گشتیی بوو. بەپێی ویستی یەکەمین پێشەنگەکانی ئینتەرنێت و جێنشینە هاوبیرەکانیان، پێویستە جارێکی تر وای لێ بکرێتەوە. تەکنۆلۆجیا نوێیەکانی وەکو سیستەمی پەڕگەی کراوەی نێوان هەسارەکان (IPFS) یان بلۆکچەین پێویستە ناوەندییکردن و سایلۆی داتاکانی وەک لە بانک و دامەزراوەی حکومیدا، (ئوبەر Uber) و (ئایربی ئێن بی AirBnB) هەن، نەمێنن. تاکو بەکارهێنەران بتوانن زانیارییەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکتردا بگۆڕنەوە لەسەر بنەمای یەکسان.
لەم دواڕۆژە نموونەییەدا، هەموو کەسێک دەتوانێت ببێتە شۆفێری تەکسی، خاوەن خانوو، خاوەن بزنسی بچووک، یان قەرزدەر، یان خزمەتگوزارییەکانی بەکاربهێنێت، بەبێ ئەوەی پێویست بکات بە پلاتفۆرمێکدا تێپەڕێت.
کۆمپانیای ئەڵمانی (ئەدبلۆک پڵەس Adblock Plus)، لەگەڵ خزمەتگوزاری مایکرۆ پارەدانی Flattr، دەیانەوێت بازاڕێکی ناناوەندی (گشتی) بۆ بەکاربەران و بەرهەمهێنەرانی بەرهەمی داهێنەرانە دروست بکەن. سەکۆی (کراودفاندینگ Crowdfunding-Plattform Patreon)ی ئەمریکی پاتریۆن هەوڵێکی دیکەیە بۆ نەهێشتنی ناوەندکارانی دەستبەسەراگرتن، کە کۆگای داتا لە ناوەندا نەهێڵێت.
٣. بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان
ئامانجی هەموو کۆمپانیا تایبەتەکان زاڵبوونە بەسەر بازاڕەکان و قازانج پەیداکردنە. ئامانجیان چاکەکردن نییە. بەتایبەت لە توێژینەوە و بەکارهێنانی ژیریی دەستکردا (AI)، حکومەت و ڕێکخراوەکانی پابەند بە چاکەی گشتی دەبێت زامنی بنەڕەتیکردن و میکانیزمی کۆنترۆڵکردن بکەن، کە دڵنیابن لەوەی ئامێرەکان کۆنترۆڵ لە مرۆڤ وەرنەگرن.
مێژوو فێرمان دەکات کە مۆدێلی بازرگانیی خراپ لە کۆتاییدا شکست دەهێنێت
لە هیچ بارودۆخێکدا مرۆڤ نابێت پشت بە خێرخوازانی (سلیکۆن ڤالی Silicon Valley) ببەستێت. ڕاستە زۆرێک لە ملیاردێرەکانی ئایتی لەم دواییانەدا بەخشندە بوون. بۆ نموونە مارک زوکەربێرگ دامەزرێنەری فەیسبووک ڕایگەیاند کە لە سەدا ٩٩ی سامانی کەسی خۆی کە ٤٥ ملیار دۆلارە دەبەخشێتە کارو پرۆژە باشەکان، تا دەرکەوت کە ئەو پارەیە لە کۆمپانیا تایبەتەکاندا وەبەردەهێنێت لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی بەرپرسیارێتی سنووردارەوە کە سوودیان گەڕاندنەوەی باجە بۆی. لەبری ئەوەی پلانەکانی پاشەکەوتکردنی باج وەک خێرخوازی لەبەر بکەن یان بەردەوام گەشتە نوێیەکان بۆ بۆشایی ئاسمان ڕابگەیەنن، ئەو خێرخوازانەی کە خۆیان دەستنیشانیان کردووە، پێیان باشترە ئەو شتانە چاک بکەنەوە کە دەیشکێنن. بۆ نموونە دەتوانن پشتگیری لە ڕۆژنامەگەری ناوچەیی بکەن، فەزای گشتی دیجیتاڵی دروست بکەن و بیر لە مۆدێلی کاری تر و جێگرەوە بکەنەوە کە لەگەڵ ئەوەی (ژ.د AI) کارەکانی زیاتر و زیاتر بە خۆکاری (ئۆتۆماتیکی) دەکات، پێویست دەبن.
دەستپێشخەرییەکانی لەم جۆرە لە ئێستاوە بوونیان هەیە. سەنتەری (کاپۆر Kapor) لە ئۆکلاند کە لەلایەن ملیاردێرێکی ئایتی و هاوسەرەکەیەوە دامەزراوە، بودجەی پڕۆژەی خێرخوازی و دەستپێشخەرییە پەروەردەییەکان دابین دەکات. ئەوان یارمەتی خەڵک دەدەن دوای ئازادبوونیان لە زیندان کار بدۆزنەوە یان بەرنامەی هاوینە لە بابەتەکانی STEM بۆ منداڵان و گەنجانی بێبەش ڕێک دەخەن.
٤. بەهێزکردنی مافی کرێکاران و بەکاربەران
داهاتی پیشەسازی مۆسیقا لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا بۆ نیوە دابەزیوە. بە وتەی نوێنەرانی پیشەسازیی داهێنەر، ساڵانە ٥٠ ملیار دۆلار بەسەر قۆرخکارانی ئینتەرنێت وەکوو یوتیوب و فەیسبووک دابەش دەکرێتەوە. ئەمەش بە پلەی یەکەم بەهۆی پەسەندکردنی یاسای مافی کۆپی دیجیتاڵی لە ساڵی ١٩٩٦ەوە دەکرێت، کە دەڵێت کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت بەرپرسیار نین لەو ناوەڕۆکە کە لە پلاتفۆرمەکانیاندا بڵاودەکرێنەوە. ئەمەش پڕوپاگەندەی ڕق و کینە و پۆرن، تۆڵەسەندنەوە و هەواڵی ساختە و هەروەها ناوەڕۆکی دزراو دەگرێتەوە. سەرەڕای ئەو هەموو خزمەتگوزارییە زۆرە، بەڕێوەبەرانی پلاتفۆرمەکان هیچ بەرژەوەندییەکیان نییە لە گرتنەبەری ڕێوشوێن بەرامبەر ئەمە، بە مەرجێک داهاتی بانگەشە بازرگانییەکانیان (ڕیکلامەکانیان) بەردەوام لە گەشەکردندایە بۆ زۆرتر و زیاتر.
"ئەو ناڕەزایەتییە جیهانییەی کە لە پەرەسەندندایە، کە هەڕەشەی سزای لەگەڵدایە، دژی لافاوی زانیاری ناڕاست و توندوتیژی و پۆرنۆگرافیای منداڵان و سەربڕین لە سۆشیال میدیادا، دواجار خەریکە کاریگەریی هەیە."
ئەمە فێڵێکی یاساییە!، بەڵام ئابووری دیجیتاڵی سەلماندوویەتی کە فێڵکردن تەنها بۆ بەکاربەران و داهێنەرەکان نەبووە، بەڵکو بۆ کارمەندانیش: بەپێی خەمڵاندنەکان نزیکەی لەسەدا ٤٠ی هێزی کار لە ئەمریکا تاکو ساڵی ٢٠٢٠ بەشێوەی دیجیتاڵ کراون، ئەمانە ئەو کەسانەن کە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان شۆفێری تەکسی دەکەن، خواردنی بەقاڵی دەگەیەننە کەسانی تایبەت، شوقەکانیان لە ڕێگەی (AirBnB)ەوە ژێر بەژێر بەکرێ ئەدەن، یان وەک دەستی کار و پاککەرەوەش کاردەکەن. خزمەتگوزارییەکانی سواربوون وەک Uber بانگەشە بۆ ئەو ئازادییە دەکەن کە پێشکەشی خەڵکی دەکەن بۆ بڕیاردان لەوەی ئازادانە کاتی کارکردن دیاری بکەن. بەڵام لە هەمان کاتدا ناچارت دەکەن کە هەموو مەترسییەکانی شۆفێرەکان لە ئەستۆ بنێن و خۆیان قازانجەکان بچنن.
بەڵام ناڕەزایی و بەرخۆدان لە بەرامبەر ئەمەدا زیاتر دەبێت: پارێزەرانی کار سکاڵای چینایەتیان تۆمار کردووە کە کۆمپانیاکانی کە بۆ کاتێکی دیاوکراو کار دەسپێرن، ناچار کراون کرێکارەکانیان بە شێوەیەکی هەمیشەیی دابمەزرێنن. دادگایەک لە لەندەن بڕیاریدا شۆفێرانی کۆمپانیاکانی (ئەپی تەکسی) مافی پارە لە کاتی پشوو و کەمترین مووچەیان هەبێ. لە زۆرێک لە شارەکان شۆفێرانی ئازاد (فریلانس) پەیوەندییان بە سەندیکاکانەوە کردووە و لە ڕێگەی ناڕەزایەتی و مانگرتنەوە داواکارییەکانیان جێبەجێ کردووە. وە ئێستا حکومەتەکانی شارەکان زیاتر و زیاتر ڕێوشوێنی سنووردار لە دژی Airbnb دەگرنەبەر بە مەبەستی پاراستنی خانووبەرەی گونجاو لە شارەکانیاندا. دەبینین لە پای ئەمانەوە، خەڵکی وشیارترن و بە وردییەوە مامەڵە دەکەن.
٥. دەستپێشخەری پەروەردەیی
پەروەردە لە سەردەمی ئامێرە زیرەکەکاندا دەتوانێت چی بەدەستبهێنێت؟
وەڵامەکە ئاشکرایە: قوتابخانە و زانکۆکان دەبێت ئەو شتانە پێشبخەن و فێری خەڵکی بکەن کە ڕۆبۆت و ئەلگۆریسمەکان تاکو ئەمڕۆ ناتوانن فێری بن، وەکوو هەست بە پێشبینیەکان، داهێنان، خۆکۆنتڕۆڵکردن، بیرکردنەوەی سەربەخۆ، پەیوەندیکردن و توانای مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە ناڕوونەکاندا. بەڵام بەگشتی ئەوەی لەبەرچاوەمانە تەواو جیاوازە. زۆرێک لە خوێندکاران هێشتا فێردەبن ئامێرەکان بناسن و فێردەبن ئامێرەکان بێ لەوان دەتوانن زۆر باشتر چی بکەن، وەکوو هەڵگرتنی زانیاری و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان. سەربەستانە.
زۆر لەوانەی کە لە پەروەردەدا کارناکەن ئەم قسەیە دەڵێن: پەروەردە وەڵامەکەیە!
بەڵام چۆن گۆڕانکاری سەرکەوتوو دەبێت؟ بە دڵنیاییەوە نەک بە کردنی پەروەردە زیاتر و زیاتر بە شتێکی تایبەت و مۆڵەتدان بە کردنەوەی قوتابخانەی تایبەتی بەبەردەوامی. دەوڵەت دەبێت پارەیەکی زۆر وەبەربهێنێت و مامۆستایان ڕابهێنێت و مووچەی باشتر بدات و بەرنامەی ڕاهێنانی نوێ و داهێنەرانە دابنێت بۆ مامۆستاکان. نابێت گۆڕانکارییەکانی تەکنۆلۆجیا و دیجیتاڵکردن لە فێرکردنی زانستی کۆمپیوتەر لە قوتابخانەکاندا سنووردار بێ. هاوشانیبوونی تەکنیک و نەخشەی دواڕۆژی خوێندن و پەروەردە بە گەشەیەکی بەردەوامی ئاستی مامۆستا و گۆڕینی وانەکاندا هەنگاو دەنێت.
شۆڕشی ئەلیکترۆنی تەنیا شۆڕشی گۆڕینی بنەڕەتییەکانمان نەبووە، زۆر شۆڕشی تر هەبوون مرۆڤایەتییان گۆڕیوە، ئەمڕۆکە بەهۆی چەندین ڕێکخراو و دامەزراوەی جۆربەجۆر و هەبوونی کۆمەڵگای شارستانی، کەشێکی مرۆڤدۆستانە لەبارە، کە دەکرێت تیایدا بە ئاسوودەیی بژین و شۆڕشی پیشەسازی تێپەڕ بکەین. تەنانەت بۆ ئەوە ئەمڕۆ بەرانبەر شۆڕشی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵکردنیش دەبینرێت. پێویستە ئەم تەوژمە بە ڕێسا و یاسای گونجاو تێپەڕ بکرێ، زانستەکان ئاوەڵا بکرێن بۆ هەموو و سەکۆی فراوان دروست ببێ بۆ لێدوان و بەشداریی هەموو. هەر بەو شێوەیە دادی کۆمەڵایەتی و متمانەی بەردەوامیی خوێندن بەرجەستە دەبێ.
١٠٠ ساڵ لەمەوبەر پیشەسازیی خۆراک هیچ دڵەڕاوکێی نەبوو لە فرۆشی بەرهەمی بێتام و ئالوودەبوون بە شیرینی و کاڵای کوشندە، ئەمڕۆش هیچ پاشماوەیەکی سابوون تێکەڵ بە شەکر ناکرێ، هیچ تەڵاشێکی دار تێکەڵ بە نان نابێ و هیچ سرکە یان ماددەیەکی تر وەک ڕەنگکەرێک بۆ پەنیر زیاد ناکرێت. کەواتە بۆچی نابێت جارێکی تر دواڕۆژ سازبدرێتەوە؟.
سەرچاوەکان
[١] کتێبی (چۆن دواڕۆژ ساز بدەم How to Fix the Future) هی نووسەر (ئەندریو کین Andrew Keen)، ساڵی ٢٠١٨ چاپ کراوە.