Friday, March 06, 2026

ڕەمەزان و گەورەیی نزا و پاڕانەوە (ڕەمەزان ٣)

 


مانگی ڕەمەزان مانگی خێر، لێخۆشبوون و بەخشندەییە. لەم مانگەدا دەرگای ڕەحمەت و لێخۆشبوونی پەروەردگار لە هەموو کات زیاتر کراوەیە، لەبەرئەوە پێویستە وەک بڕوادارێک بەردەوام لە پاڕانەوە و نزاکردندا بیت و نائومێد نەبیت.
هیچ کات دودڵ مەبە، خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بەڵێنی وەڵامدانەوەی پێ داوین و دەفەرموێت:

وَقَالَ رَبُّكُمُ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ
(واتە: پەروەردگارتان فەرمووی: لێم بپاڕێنەوە، منیش وەڵامتان دەدەمەوە).  سوورەتی (غافر)، ئایەتی (٦٠)

هەروەها دەربارەی نزیکی خۆی لە بەندەکانەوە دەفەرموێت:

وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ ۖ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ
(واتە: ئەگەر بەندەکانم پرسیاریان لێکردی دەربارەی من، ئەوە من نزیکم و وەڵامی نزای نزاخواز دەدەمەوە کاتێک لێم دەپاڕێتەوە).  سوورەتی (البقرة)، ئایەتی (١٨٦)


پاڕانەوە و نزاکردن کات و ساتی دیاریکراوی بۆ نییە؛ هەموو کاتێک دەنگت دەگاتە پەروەردگار و ئەو بیسەری هەموو ڕاز و نیازێکە. بەڵام پێغەمبەری خودا (ﷺ) ئاماژەی بە هەندێک کاتی زێڕین کردووە کە تێیدا نزا زیاتر وەڵام دەدرێتەوە، وەکوو
کاتەکانی پارشێو و بەرەبەیان.
کاتی بەربانگ کردن.
لە کاتی سوجدە بردندا.
لە شەوانی کۆتایی ڕەمەزان و شەوی قەدردا.

پاڕانەوە تەنها داواکردنی پێویستییەکان نییە، بەڵکو کڕۆکی خواپەرستییە. نزاکردن بڕوادار بە پەروەردگارەکەی دەبەستێتەوە، هەستی بەندایەتی و ملکەچی لای مرۆڤ زیاتر دەکات و دەبێتە هۆی ئارامی دەروونی، چونکە مرۆڤ کاتێک نزا دەکات، دەزانێت پەنای بۆ هێزێکی بێپایان بردووە کە هەموو شتێکی بەدەستە، بێگومان ناکرێ و نابێ پاڕانەوە و نزاکان ببەسترێنەوە بە مانگی ڕەمەزانەوە، بەردەوام بە و بپاڕێوە لە هەموو کاتێک کە دڵت خواستی.

بۆ پاڕانەوە، دەکرێت سوود لە ئایەتەکانی قورئان وەربگریت و ئەو نزا و پاڕانەوانە دووپات بکەیتەوە کە پەروەردگار لە زاری پێغەمبەرانەوە بۆمان باس دەکات. لەوانە:
نزای حەزرەتی ئادەم (سڵاوی خوای لێ بێت) کاتێک داوای لێخۆشبوونی کرد:

رَبَّنَا ظَلَمْنَا أَنفُسَنَا وَإِن لَّمْ تَغْفِرْ لَنَا وَتَرْحَمْنَا لَنَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ
(پەروەردگارە، ئێمە زوڵممان لە خۆمان کرد، ئەگەر لێمان خۆش نەبیت و ڕەحممان پێ نەکەیت، بێگومان لە زەرەرمەندان دەبین). سوورەتی (الأعراف)، ئایەتی (٢٣)
٢. نزای حەزرەتی یونس (سڵاوی خوای لێ بێت) کاتێک لەناو سکی نەهەنگەکەدا بوو (بۆ ڕزگاربوون لە تەنگانە):

لَّا إِلَٰهَ إِلَّا أَنتَ سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنتُ مِنَ الظَّالِمِينَ
(جگە لە تۆ هیچ خوایەک نییە کە شایەنی پەرستن بێت، پاک و بێگەردی بۆ تۆ، بێگومان من لە ستەمکاران بووم). سوورەتی (الأنبياء)، ئایەتی (٨٧)

٣. نزای حەزرەتی موسا (سڵاوی خوای لێ بێت) بۆ ئاسانبوونی کارەکان و کردنەوەی گرێی زمان:

رَبِّ اشْرَحْ لِي صَدْرِي * وَيَسِّرْ لِي أَمْرِي * وَاحْلُلْ عُقْدَةً مِّن لِّسَانِي * يَفْقَهُوا قَوْلِي
(پەروەردگارم، سنگم فراوان بکە، کارەکانم بۆ ئاسان بکە، گرێی سەر زمانم بکەرەوە، تا لە قسەکانم تێبگەن). سوورەتی (طه)، ئایەتەکانی (٢٥-٢٨)

٤. نزای حەزرەتی ئیبراهیم (سڵاوی خوای لێ بێت) بۆ جێگیربوون لەسەر نوێژ:

رَبِّ اجْعَلْنِي مُقِيمَ الصَّلَاةِ وَمِن ذُرِّيَّتِي ۚ رَبَّنَا وَتَقَبَّلْ دُعَاءِ
(پەروەردگارم، بمگێڕە لەو کەسانەی کە نوێژ بەچاکی ئەنجام دەدەن، لە نەوەکانیشم بە هەمان شێوە، پەروەردگارە نزاکەم لێ وەربگرە). سوورەتی (إبراهيم)، ئایەتی (٤٠)

٥. نزای حەزرەتی ئەیوب (سڵاوی خوای لێ بێت) کاتێک تووشی نەخۆشی و ناڕەحەتی ببوو:

أَنِّي مَسَّنِيَ الضُّرُّ وَأَنتَ أَرْحَمُ الرَّاحِمِينَ
(پەروەردگارە، من تووشی ئازار و نەخۆشی بووم، تۆش بەبەزەییترینی بەبەزەییھێنەرانی). سوورەتی (الأنبياء)، ئایەتی (٨٣)

بێجگە لە ئایەتەکان، پێغەمبەرمان محەمەد (ﷺ) ئەم نزایەی زۆر دووبارە دەکردەوە:

يَا مُقَلِّبَ الْقُلُوبِ ثَبِّتْ قَلْبِي عَلَى دِينِكَ (ئەی ئەو زاتەی دڵەکان وەردەگێڕیت، دڵم لەسەر ئایینەکەت جێگیر بکە).

لە شەوی قەدردا فەرموویەتی بڵێن: اللَّهُمَّ إِنَّكَ عَفُوٌّ تُحِبُّ الْعَفْوَ فَاعْفُ عَنِّي (خوایە تۆ لێبوردەی و لێبوردنت خۆش دەوێت، دەی لێم خۆش ببە).