(وەستانێک لەسەر لێدوانەکانی کاک سیامەند، لەسەر ڕووناکبیر و ڕۆشنبیر)[١]
گومانی تیا نییە مرۆڤ ڕۆژ بەڕۆژ تەمەنی هەڵدەکشێ، بەگشتی گەورەبوونی تەمەن ڕاستەوانەیە لەگەڵ زۆربوونی شارەزایی. واتا تاکوو تەمەن زیاد بکا، شارەزاییش لە ژیان فراوانتر دەبێت. بەڵگەی ناوێ کە بە تێپەڕبوونی کات مرۆڤ لە هەموو ڕوویەکەوە لە گۆڕیندایە، جەستەیی و هۆش و بیرکردنەی.
لە ئاستێکی تەمەنیدا مرۆڤ لەلایەن کۆمەڵگاوە هەڵدەسەنگێنرێت و بە ڕووناکبیر و ڕؤشنبیر ناوی دەبەن، ئەمەش لەسەر کردەوە و هۆکارەکانی کە بەو قۆناغەی گەیاندووە. کە لێرەدا باسی ئێمە نیە. بەڵکو باسی من لەسەر تەمەنی ئەو نازناوەیە، یان بەکوردی بڵێم ئەو ڕۆشنبیرییە ئیتر ناکۆتایە و لەگەڵ تەمەنی لەگەڵێدایە یان هەر کاتییە و بۆی هەیە لە دەستی بدا.
خۆ ئەگەر ژیربێژییانە لێکی بدەینەوە؛ مرۆڤ هزری بگۆڕێ و لەگەڵ تەمەنیدا زۆرتر بیر لە داهاتوو و ژیانی بکاتەوە، ئەوا ئاساییە کە لە قۆناغێکی تەمەندا "ڕۆشنبیر" نەمێنێت. چونکە کاریگەرییەکانی گۆڕین لە جیهانی ئەمڕۆدا لەگەڵ ڕابردوودا جیاوازە و سبەینێش لەمڕۆ جیاوازترە.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پێناسەی ڕۆشنبیر:
ڕۆشنبیر (Intellectual) تەنیا کەسێک نییە کە خاوەنی بڕوانامە یان زانیارییەکی زۆر بێت، بەڵکو کەسێکە کە ئەو زانینەی هەیەتی بۆ شیکردنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، بەرگری لە بابەتە ئیتکییەکان دەکات، ڕەخنە دەگرێت لە دەسەڵات و کۆمەڵگا لە هەڵەکانی بەئاگا دەهێنێت.
ئیدوارد سەعید[٢] ڕۆشنبیر بەم شێوەیە پێناسە دەکات: "ڕۆشنبیر کەسێکە خاوەنی پەیامێکە لە کۆمەڵگادا بۆ ئەوەی بە ئاشکرا ئاڵۆزییەکان دەستنیشان بکات، هەڵوێست وەربگرێت و ڕاستییەکان بەرامبەر دەسەڵات بڵێت."
عەلی وەردی پێی وایە کە مرۆڤ لە لەدایکبوونەوە لایەنگیرە[٣]. ئەمە بەسەر ڕۆشنبیریشدا دەسەپێت و بەدەر نییە، لەلای ئیدوارد سەعیدیش، ڕۆشنبیر ناتوانێت بێلایەن بێت یان خۆی لە ئازارەکانی کۆمەڵگا ببوێرێت، بەڵکو دەبێت هەمیشە دەنگی بێدەنگەکان و ڕەخنەگر بێت.
ئەنتۆنیۆ گرامشی تێگەیشتنێکی نوێی بۆ ڕۆشنبیر هێنایە ئاراوە[٤] و دەڵێت: "هەموو مرۆڤێک توانای بیرکردنەوەی ڕۆشنبیریانەی هەیە، بەڵام هەموو کەسێک لە کۆمەڵگادا نەخشی ڕۆشنبیری پێ نابڕیت. ڕۆشنبیری ئەندامی کەسێکە کە لە ناو چینێکی کۆمەڵایەتیدا دەڕوێت و کار دەکات بۆ وشیار کردنەوە و ڕێکخستنی ئەو چینە."
لەلای گرامشی، ڕۆشنبیری ڕاستەقینە لە پەیمانگا یان تاوەری عاجیدا دانانیشێت، بەڵکو بەشێکە لە بزوێنەری کۆمەڵگاکەی و ئازارەکانی خەڵک.
ڕۆشنبیری ڕەوتێکی بەردەوام و گەشە کردووە، بەڵام هەندێک لایەنی هەن کە بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێن. لەگەڵ ئەوەشدا لای هەمووان بە عەقڵێک ئەژمار دەکرێت کە ڕێز لە زانست، گفتوگۆ، ئایین، ڕەخنەی دروستکار و فرەیی دەگرێت، ڕەنگدانەوەی ڕۆشنبیرییەکی ڕەسەن و بەردەوامە. ڕۆشنبیر کەسێک نییە گەیشتبێتە کۆتایی زانیاری و گەشتی تەمەن، بەڵکو کەسێکە بەردەوام لە گەڕاندایە. هەموو کاتێکیش دەکرێت ڕۆشنبیری لە سیما و کردارەکانی ڕۆشنبیردا بەدی بکرێن.
گوێنتەر یاوخ بە شێوازێکی زۆر سادە و کورت، پێناسەی کەسی دانا و وشیار دەکات (کە دوو خەسڵەتی گرنگی کەسایەتیی ڕۆشنبیرن)[٥]، کە لێوانلێوە لە جەوهەری ژیان: "کەسی ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە دەتوانێت ئاڵۆزییەکان سادە بکاتەوە، بێ ئەوەی لە ڕاستییەکە کەم بکاتەوە، لە هەمان کاتدا ئارامییەکی قووڵی ناوەکیی لێ دەبارێت بۆ بەرانبەرەکەی چونکە لە ئەزموون و دڵسۆزییەوە ئەدوێ بەبێ خۆپەرستی."
لەوەیە گەڕانێک بکەین لە ئینتەرنێتدا، یان بە ژیریی دەستکرد بڵێین چەندین پێناسە و وتەی ناوداران و نموونەی ژیندوومان بۆ بهۆنێتەوە. کە زۆرینەیان هاوچەشنن و لە زۆر خاڵدا هاوبەشن. وەکوو: بوێری، ئارام، ڕاستگۆ، ڕاشکاو، ئازاد، دڵسۆز، بیرفراوان، بیرکەرەوە، دادپەروەر، گوێگرێکی باش، بەڕێز.
من پێم وایە کە هەموو شتێک چەند تایبەتمەندێتییەکی هەیە تاکو هاوپۆل بکرێت، ئەگەر هاتوو ئەو تایبەتمەندییانەش لە دەست بدا ئەوا ناکرێت لەو پۆلەدا بمێنێتەوە. چونکە لە پێناسە و بنەڕەتی گۆڕاوە. بۆ وێنە ئاو کە پلەی گەرمی چووە ژێر سفر پێی دەڵێن سەهۆڵ، پلەی گەرمی گەیشتە ١٠٠ دەبێتە هەڵم. هەمان شت بۆ ڕۆشنبیر ڕەوا دەبینم، دەکرێ ڕۆشنبیر لەبەر هەر هۆکارێک بێ لەبەری گەل و پشتیوانی کۆمەڵگاکەی نەمێنێت و پەردەیەک بێ بۆ پۆشتنی زۆرداری، ئەو کاتە دەبێتە ڕۆشنخۆر، لە سەر کێشی مشەخۆر. جولیەن بەندا پێی وایە کاتێک ڕۆشنبیر بەها بنەڕەتییەکانی وەکو (ڕاستگۆیی، دادپەروەری و ئازادی) دەکاتە قوربانی بەرژەوەندییە سیاسی، نەتەوەیی یان مادییە کاتییەکان، ئیتر نازناوی ڕۆشنبیریی لەدەستدەدات و تووشی "خیانەت" بووە.
مانای نییە کەسێک هەر ڕۆشنبیر بێ کە ڕاستی نەبێژێت و لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆی بەشان و باڵی دەسەڵاتێکی ستەمکاردا هەڵبدا و خۆڵ بکاتەچاوی خەڵک. ماقول نییە ڕۆشنبیر گەلەکەی برسی ببینێت و هۆکارەکانی بشارێتەوە. لەبەرئەوە دژی ئەوە دەوەستم کە دەڵێت ڕۆشنبیریی بەسەرناچێت و کەسی ڕۆشنبیر هەر ڕۆشنبیرە. میشێل فۆکۆش هەمان ڕای هەبووە[٧]، کە دەڵێت: "ڕۆشنبیریی ساتییە و بەپێی بەشداریی کەسەکە لەناو کێشە دیاریکراوەکانی سەردەمەکەیدا پێناسە دەکرێت، نەک وەکو پلەیەک کە تا هەتایە بە سینگی کەسێکەوە بمێنێتەوە."
-------------------------------
ژێدەرەکان
[١] چەند نووسین و ڤیدیۆیەکی کاک سیامەند لە نوانە کە من زۆر پەسەندیان دەکەم.
[٢] پێناسی ڕۆشنبیر، (ئەدوارد سەعيد Edward Said W) لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (Representations of the Intellectual).
[٣] عەلی وەردی لە کتێبی (مهزلة العقل البشري).
[٤] (ئەنتۆنیۆ گرامشی Antonio Gramsci) لە کتێبی (Prison Notebooks) دا، چەمکی (ڕۆشنبیری ئەندامی - Organic Intellectual)ی دیاری کرد.
[٥] (گوێنتەر باوخ Günter Jauch) بێژەری شارەزای (RTL) لە چاوپێکەوتنێکدا.
[٦] بیرمەندی فەرەنسی (جۆلیەن بەندا Julien Benda) - لە کتێبەکەیدا (La Trahison des Clercs - خیانەتی ڕۆشنبیران).
[٧] (میشێل فوکۆ Michel Foucault) لە باسی (ڕۆشنبیری گشتی و ڕۆشنبیری تایبەتمەند)
