بۆ نموونە، وشەی (ئەلجەبر Algebra) لە بنەڕەتدا ناوی پەڕتووکە بەناوبانگەکەی ئەلخوارزمییە[١]. کاتێک چووەتە ناو زمانە ئەورووپییەکانەوە، بە هەمان ئەلف و لامەکەیەوە بووەتە (ئەلجێبرا Algebra). یان وشەی ئەلگۆریزم (الخوارزمي Algorithm) کە هەر ناوی زاناکەیە و بووەتە بنچینەی زانستی کۆمپیوتەر و بیرکاری لە جیهاندا. لە کتێبی خوێندنیشدا بینیومە، نووسراوە "جەبر"؛ لێرەدا ڕەنگە لەبەر ئەوەی وەکو بەشێک لە بیرکاری سەیر کراوە، لابردنی ئەلف و لامەکە زۆر زەق نەبێتەوە، بەڵام مێژووی وشەکە کەمێک دەشێوێنێت.
کێشە سەرەکییەکە لە شوێنێکدا دەست پێ دەکات کە ئێمە بە بێ گوێدانە مانای سەرەکی یان ڕەگ و ڕیشەی ناوەکە، هەموان دەخەینە یەک قاڵبەوه. بۆ نموونە وشەی (الزهايمر Alzheimer).
ئەمە نە ناوی عەرەبییە و نە ئەلف و لامی پێناسەی عەرەبییە. ئەمە ناوی پزیشک و زانای ئەڵمانی (ئالۆیس ئاڵتسهایمەر Alois Alzheimer)ە کە لە ساڵی ١٩٠٦دا ئەم نەخۆشییەی دەستنیشان کرد[٢]. پیتەکانی "ال" لە سەرەتای ئەم ناوەدا، بەشێکی دانەبڕاو لە ناوی خانەوادەی ئەم پزیشکەیە، نە سەر بە ڕێزمانی عەرەبییە و نە نیشانەی ناسراوییە کورت بێتەوە بۆ "زهايمر".
کاتێک لە کوردیدا ئەم ناوە دەکەین بە "زهایمەر"، لە ڕاستیدا ناوەکە دەشێوێنین و نیوەی ناوی کەسێک دەسڕینەوە کە نەخۆشییەکەی دۆزیوەتەوە. ئەمە وەک ئەوە وایە بڵێین "نەخۆشیی زهایمەر"، لە کاتێکدا کەسێک یان نەخۆشییەک بە ناوی "زهایمەر" بوونی نەبووە!
ئەم ڕاهاتنە بە بێبەشکردنی ناوەکان لە پێکهاتەی ڕاستەقینەی خۆیان، نیشانەی ئەوەیە کە زۆر جار لە وەرگێڕان و گواستنەوەی زاراوەکاندا زیاتر پشت بە شێوازی بیستن یان یاسای گشتیی ڕووکەش دەبەستین، نەبوونی وردبینی لە سەرچاوەی وشەکاندا وادەکات ناوی زاناکان یان دۆزینەوەکان ڕەسەنایەتیی خۆیان لەدەست بدەن. هەمان شت بۆ ئەلکهول. کە بڵێێ کحول مانای شتێکی ترە.
وشەشمان هەیە وەکوو ئەلکیماوی / ئەلکیمی - (الكيمياء Al-chemistry کەبووە بە Chemistry)، چەمکەکەی لە عەرەبی کۆندا پێیان دەوت الكيمياء، کاتێک ڕووی لە ئەورووپا کرد، بووە ئەلکیمی Alchemy (واتە کیمیای کۆن یان جادووگەری). دواتر لە زانستی مۆدێرندا ئەلف و لامەکەیان لێ کردەوە، بوو بە Chemistry، ئێمەش بە کیمیا ناوی دەبەین.
بەبۆچوونی من:
ئەگەر ئەلفولامەکە (ال) تەنها ئامرازی پێناسەکردنی ڕێزمانیی عەرەبی بوو، ئەوا لایدەبەین (وەکو: الکتاب دەبێتە کتێبەکە).
ئەگەر ئەلفولامەکە (ال) پیتی سەرەتا بووبووە بەشێک لە ناوی تایبەتی، زانا، نەخۆشی، یان زاراوەیەکی جیهانی جێگیربوو، ئەوا دەبێت وەکو خۆی بمێنێتەوە و دەستکاری نەکرێت.
ئەگەریش تەنیا بۆ ناوهێنان بێ و لە تەنیشتییەوە عەرەبی یان لاتینییەکەی بە ئەلفولامەوە بنووسرێت دەگونجێت، وەکو باسکردنی (فارابی Al-Farabi) لە باسێکی فەلسەفیدا.
--------------------
[١] الخوارزميه - (المختصر في حساب الجبر والمقابلة)
[٢] ئالۆیس ئەلزهایمەر (Alois Alzheimer)، پزیشک و پسپۆڕی ئەڵمانیی دەروون و نەخۆشییەکانی مێشک بوو، لە ساڵی ١٨٦٤ لە باڤاریا لەدایک بوو و لە ساڵی ١٩١٥ کۆچی دوایی کرد.
ئەو بە ناوی ئەو کەسە ناسراوە کە یەکەم جار جۆرێک لە نەخۆشییە دەماغییەکانی بە وردی وەسف کرد، دواتر بە ناوی نەخۆشیی ئەلزهایمەر ناسرا. ئەم نەخۆشییە بە تایبەتی بیرچوونەوە، توانای بیرکردنەوە و کارکردنی ڕۆژانە بە تێپەڕبوونی کات لاواز وەسف دەکات.