Sunday, April 29, 2012

حکوومەتی خێرخوا


گەڕەکی ئێمە میللی بوو، لە نێوان دراوسێکاندا هاتوچۆ و سەردانی یەکتر زۆربوو، لە گەڕەکدا ماڵێک هەبوو، پێچەوانەی ئەم دەستوورە، هاتوچۆی کەسیان نەدەکرد، پەیوەندییان لەگەڵ دراوسێکاندا کەم بوو ، ئێمەش کە تۆپتۆپێنمان دەکرد، زۆر خەممان دەخوارد کە تۆپەکە نەکەوێتە ئەو ماڵەوە، چونکە تا هەفتەیەک نەمان دەبینییەوە، خۆ دەرگایان لە کەس نەدەکردەوە، حەمە ئەیوت زەنگی دەرگاکەیان بەس دیکۆرە.

Monday, April 23, 2012

کەشتییەکان نقوم بوون

کەشتییەکان بە ئاسانی نقوم بوون

(بەرنامەداڕشتن)

زۆر جار کچەکەم بە خۆی و ئامرازێکی یاریکردنەوە لەبەردەممدا دەوەستا، ئەیوت: "بابە کەی تەواو ئەبی، وەرە با یاری بکەین"، زۆر جاریش لە لامەوە خەوی لێ دەکەوت و منیش هێشتا لەسەر مێزی کۆمپیوتەرەکەم تەقەم دەهات. ڕۆژێک پرسیاری کرد: "ئەوە تۆ چی ئەکەی، بۆ ئەوەندە حەزت لە کۆمپیوتەرە؟".

وەڵامی ئەو پرسیارە ئاسان نەبوو، چونکە بیری ئەو هێندە فراوان نەبوو لەوە بگا کە بژێوی ژیانمان بەم کۆمپیوتەرە پەیدا دەبێت، ئەو شەونخونی و دانیشتنە زۆرە، بۆ کات بە فیڕۆدان و یاری کردن نییە بەڵکو بۆ دەستکەوتنی پارەیە. وتم: "من بەرنامە دروست دەکەم و دەیفرۆشم بە پارە، پارەکەیشی ئەدەین بە
خواردن و یاری و جلی جوان بۆ تۆ".

Tuesday, March 20, 2012

نەورۆز

ئاهەنگی نەورۆز ٢٠-٣-٢٠١٢ لە شاری نوێرنبێرگ
وێنە لە ناوەندی کوردی وەرگیراوە

نەورۆزتان پیرۆز
ساڵی نوێی کوردی ٢٧١٢ لە هەموو کوردێک پیرۆز بێت!


ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆز ھاتەوە 
جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە
چەند ساڵ گوڵی ھیوای ئێمە پێ‌پەست بوو تاکو پار
ھەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەھار
ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد
مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد
نەورۆز بوو ئاگرێکی وەھای خستە جەرگەوە 
لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە
ئەوا ڕۆژھەڵات، لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە 
خوێنی شەھیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە
تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا 
قەڵغانی گولـلە سنگی کچان بێ لە ھەڵمەتا
پێی ناوێ بۆ شەھیدی وەتەن شیوەن و گرین 
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین