Tuesday, September 20, 2016

پەیامی وێنە - ١

وێنە: ڕووکاری ماڵپەڕی ئاوێنە لەسەر وێبگەڕی IE
 
شیتەڵکردن: بەهۆی دەستکاریی کردن یان نوێکردنەوەی بەشێک لە ستایڵی وێبگەکە بۆی هەیە چەند خولەکێک تاکو گۆڕینەکان دەچەسپێن، شێواز (ستایڵ style) لەبری ئەوەی باشتر ببێ، تێک دەچێ. لەم وێنەیەدا، پەڕگەی ستایڵ نەدۆزراوەتەوە، لەسەر وێبگەڕی تریش وەکو فایەرفۆکس، هەمان شت بوو.

ئاوێنە لەسەر بنچینەی (وۆردپرێس WordPress) دروستکراوە، بەهۆی بزۆکی پەڕەکانیەوە دەبوو کاری لەو شێوەیە ڕوو نەدات، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆر لە ماڵپەڕە کوردییەکان و  ئاوێنەش بێگومان، کۆمەڵێک پەڕگەی وەک ستایڵ، فۆنت، بەیداخ، وێنۆچکە، ...هتد کاش دەکرێن بۆئەوەی لاپەڕەکان زوو بکرێنەوە، هاوکات لە  ڕاژەی (CDN) یا (کلاودفلەیەر Cloud Flayer) کە بۆ خۆپاراستن لە هاککردن و هێرشبردن پەنای بۆ دەبرێت، کاش دەکرێت. ئەوسا دەبێت پاش گۆڕینی ستایڵ یان شێوازی لاپەڕەکان، ئەو کاشانە بسڕیتەوە و پەڕە نوێیەکان بخەیتە بری کۆنەکان.
 
وێبداڕێژ ئەم کردەیە لە پشتەوە ئەنجام ئەدات، بۆئەوەی خوێنەری وەکو من، کە سەردانی ماڵپەڕەکەیان دەکەم دیمەنی لەو شێوەیەی سەرەوە یان پەڕەیەکی بەتاڵ نەبینم. ئەمە لە ڕێی خودی وێبگەڕەکانەوە ئەنجام ئەدرێت. لەگەڵیدا وێبداڕێژ لەسەر پەڕەی ڕاستەوخۆ تاقیکاریی هەرگیز ئەنجام نادا، بەڵکو سەرهێڵ پەڕەیەکی هاوشێوە دروست دەکات و لەسەر چەند سەکۆیەکەوە تاقی دەکاتەوە، ئەوسا دەتوانێت بڕیار لە کۆچکردن بدا بەرەو نوێکارییەکانی.
 
پوختە: کەموکورتی هەیە لە ڕەوتی ئەنجامدانی کارەکاندا. لە تاقیکاریی، لە نوێکردنەوە، لە شێوازی گۆڕینی لاپەڕەکانی وێبگەکە.
 
تاکو وێنە و شیتەڵکارییەکی تر سەرکەوتوو بن.
 
 
---------------------------------------------------------------
* پەیامی وێنە زنجیرە بابەتێک دەبن، کە بە پێی کات و بوونی پەیامێکی تایبەتی لە وێنەیەکدا دەیانووسم و بڵاویان دەکەمەوە. مەبەست لێی گەیاندنی شارەزایی خۆمە لە ڕێی شیتەڵکردن و لێدوانەوە، هاوکات کردنەوەی گفتوگۆی کراوەیە بۆ پەخشکردنی زانست بە زمانی کوردی. بۆئەوەی هەموو سوودمەندبین لە شارەزایی یەکتر، وێنەکان دەکەینە نێوانەبەستێک.