Monday, August 10, 2020

ببە بەو دایکە یا ئەو باوکە - بەشی یەکەم

زۆر کات ناوەکان جیاکەرەوەی ماناکانیشن. تۆ کاتێک بە کەسێک دەڵێیت دایکە، چونکە سیفەتی دایکایەتی تیا دەبینیت.
هەموو دایکێک حەز و ئاواتی ئەوەیە منداڵەکانی سەرکەوتوو دڵشاد ببینێ، لە پێناو ئەو ئاواتەشیدا زۆر ناڕەحەتی دەچێژێ.

بێ درێژەدان بە ڕۆڵ و ئەرکی دایک، کە مەگەر هەر دایک خۆی بیزانێ بە تەواوی چین، دێمە سەر گێڕانەوەی باسەکەم بە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکانە.

- ١ -
لە وڵاتی چین، لە یەکێک لە گوندەکان، ژنێک کوڕێکی دەبێت، دوای دوو ساڵ هەست دەکات منداڵەکەی جیاوازە، پزیشکەکان پێی دەڵێن جۆرێک لە ئاوتیزمی هەیە[١]، درەنگ فێری قسەکردن دەبێت و توانای فێربوونی کەمە. دایکەکە زۆر بێتاقەت دەبێ، بڕیار ئەدات ڕۆژانە لانیکەم دوو کاژێر تەرخان بکا لەگەڵ مناڵەکەیدا یاری بکات و فێری بکا. بەردەوام دەبێت و لە کاتی دیاریکرویشدا سەردانی پزیشکەکان دەکات. کاتێک منداڵەکە تەمەنی دەگاتە ٤ ساڵ و نیو، دایکەکە نەک تەنیا قسەکردنی فێرکردوە، بەڵکو نووسین و خوێندنەوەی چیرۆکی منداڵانیشی فێرکردوە، پزیشکەکان بەسەرسوڕمانەوە پێی دەڵێن منداڵەکەت هەموو شتێکی تێپەڕاندوە و وەکو منداڵێکی ئاساییە لە قسەکردن و هەڵسوکەوتیشدا.

- ٢ -
ئاوگی بەهۆی گۆڕین لە جیناتەکانیدا، شێوەی دەموچاوی تێک دەچێ، هەر لە تەمەنی منداڵیدا ٢٧ نەشتەرگەری بۆ دەکەن تاکو دەموچاوی ڕێک بکەن و ڕووخسارێکی هەبێ کە خەڵک لێی نەترسێ و بەجیاوازی نەزانن. دایکی وەکو هەموو دایکێکی تر، خەمێکی زۆر لە دڵی دەبێ و بەردەوام قسەی بۆ دەکا. ئاوگی لە دەرەوەی ماڵ، سەرە زلەکەی و دەموچاوە تێکچوەکەی بە کڵاوێکی ماتۆڕسواری دادەپۆشێ، دایکی لە ماڵەوە خوێندن و نووسینی فێر دەکا. ئاوگی پەروەردەیەکی جوان وەردەگرێ لە ماڵەوە، خوشکەکەی خۆشی دەوێ و گوێی لێ دەگرێت، باوکی هانی ئەدا و دایکیشی ژیانی خۆی دەگۆڕێت بۆی. دایکی دواجار لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا، بڕیارێکی سەخت ئەدات کە ئیتر کوڕەکەی دەبێ بچێتە قوتابخانە و وەکو منداڵی تر لە پۆلدا دابنیشێ. ئەرکێکی زۆر گرانە، کە منداڵێک لە دەرەوە سەروچاوی داپۆشراوبووە و ئێستا ببێتەوە بە کەسێکی ئاسایی. ئاوگی دایکی فێری کردوە کە بیر لە کەوتن نەکاتەوە و لەهەموو شتێک فێر ببێ. لە کۆتاییدا ئاوگی بە سالاری خۆی سەرنجی هاوڕێیانی پۆلەکەی و قوتابخانە ڕادەکێشێت و سەرکەوتووانە قۆناغی خوێندن دەبڕێ[٢].

- ٣ -
کاتێک لویزە لەدایک دەبێ، دایکوباوکی دەزانن کە ناتەواوی هەیە لە دروستبوونیدا، ئەو لە دروستبووندا گرفتی جیناتی هەبووە (داون سیندرۆم)[٣]. دایکی لویزە تەواو لەسەر نەخۆشیەکە و کاریگەریکانی دەخوێنێتەوە و خۆی ئاشنا دەکا. سەرەنجام بڕیار ئەدات کە لویزە دەبێت وەکو کچێکی ئاسایی پەروەردە ببێت و هەموو شتێکی ژیانی ئاسایی بێ. ڕووخساری لویزە نایشارێتەوە کە چیە، خەڵکی ئەو جۆرە دەموچاوە دەناسن و هەندێک سڵ لەو کەسانە دەکەنەوە، چونکە بۆی هەیە ڕەفتاری جۆراوجۆر و چاوەڕواننەکراو لە ئاکاریاندا دەربکەوێ. دایکی لویزە دەڵێ هەموو شتێکم باش دەزانی، بەڵام دڵنیابووم کە ئەویش بەختێکی هەیە وەکو کەسێکی ئاسایی بێ. بەوشێوەیە لویزە لەگەڵ نەخۆشیەکەیدا، وەکو هەموو منداڵێکی ئاسایی تر بە قۆناغەکانی باخچەی ساوایان، قوتابخانە و پەیمانگای پیشەییدا تێپەڕ دەبێ. دواجار ئارەزووی خۆی و ئاوات بۆ ژیانی خۆی دروست دەکات. لویزە دەتوانێت لە شانۆدا خۆی بسەلمێنێت، و لەنێوان سەدان کەسدا بپاڵێورێ بۆ ڕۆڵێکی سەرەکی لە فیلمێکی سینەمادا. کە دواجار بە درامایەکی زۆر سەرکەوتوو پێشکەش کرا. لویزە دەکرا وەکو کەسێکی گۆشەگیر لە سوچێکی ماڵێکدا گەورە بوایە و تەنیا تێکەڵاوی خەڵکانی کەمئەندامانی تر بکرایە، کە ئەوکات هەرگیز نەدەبووە ئەو کچەی کە هەموو خەڵکی سەرسامی کردەوە و بیرکردنەوەکانی بن، دایکی واتایەکی تری دا بە ژیانی، کە ئەمڕۆ پزیشکەکان و مرۆڤایەتی کردویانە بە نموونە[٣].


-------------------------------------------------------
[١] ئاوتیسم یان ئۆتیزم به‌ نه‌خۆشییه‌کی ده‌ماری و ده‌روونی داده‌ندرێت،له‌ بنه‌ره‌تدا بەهۆی گۆڕانکاریی له‌ مێشکی که‌سه‌که‌دا دروست دەبێ، ده‌بێته‌ هۆی کۆمه‌ڵه‌ شێواندنێک له‌ گه‌شه‌دا، له‌ منداڵی بچووکدا، سێ جۆری گەشەی سه‌ره‌کی ده‌گرێته‌وه‌ که‌: یەکەم: ناسروشتی له‌ توانا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. دووەم: گرفتی قسه‌کردن و په‌یوه‌ندی { زمان و ئاخاوتن له‌گه‌ڵ بەرانبەر}. و سێیەم: شێوان له‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵسوکەوتدا.
[٢] بڕوانە ویکیپێدیا فیلمی (Wonder).ساڵی ٢٠١٧ بەرهەمهێنراوە و جولیا ڕۆبەرت ڕۆڵی دایکەکەی بینیوە.
[٣] گرفتی کرۆمۆسۆمی ٢١ - (Down syndrome)، واتە لەبری جوتێک، سێ دانە لە کرۆمۆسۆمی ٢١ لەکاتی دروستبوونی کۆرپەکەدا لەبەرگیراوەتەوە. هەموو ئەو منداڵانەی بەو شێوەیەن ڕووخسارێکی تایبەتیان هەیە، کە دەموچاویان جیا دەکاتەوە لەوانی تر. بەڵام کاردانەوەی ئەو کرۆمۆسۆمە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و شێوازی گەشەکردنی جیاوازیان هەیە.
[٤] بڕوانە ویکیپێدیا فیملی (ماسیەئاڵتونیەکان Goldfische) - ساڵی ٢٠١٩ کەوتە بەرچاوی بینەران