Monday, March 30, 2020

پووشە خورماکە

پووشەخورما
ساڵی ١٩٩٣ کاتێک سەددام ڕەتی کردەوە چاودێرەکان بچنە پشکنینی دەزگا و تاقیگەکانی کە ماددەی کیمیاویان بەرهەم دەهێنا، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا، بیڵ کلینتۆن بڕیاری هێرشکردنە سەر ئەو شوێنانەی دەرکرد. ئێوارەیەک پاش ڕۆژێکی ئاسایی زانکۆ کە هیچ باس و خواستێک لە ئارادا نەبوو.

چووم بۆ لای چالاک و ئیسماعیل. شەو لە گەڕامەوە، لە بەنزینخانەی قەدۆ شپرزەیی دیاربوو، دەیان ئوتۆمبیل سەرەی بەنزینیان گرتبوو. کە گەیشتمەوە شوقە، لە مەتبەخەکە بینیم پووشەخورمایەک لەسەر سفرە دانراوە.

نەسرەدین گێڕایەوە، وتی لێرە نەبوویت، ئەو سەوزەفرۆشەی ژێرمان دوکانی کردوەتەوە و دەیانکەس لێی کۆبوونەتەوە، هیچیان لێ نەهێشت، هەڵایەک بوو لەسەر خواردن لەم ناوە، ئەو دوکانانە هیچیان تیا نەما.
شێرکۆش وتی، من لە شەڕی کەنداو لێرە گیرم خوارد، هیچ دوکان و بازاڕێک نەما شەش هەفتە نەکرایەوە، لەبەرئەوە بە باشم زانی کە شتێک بکڕین، هیچ نەمابوو لە بازاڕەکان مەجبور ئەوەمان کڕی.
کلینتۆن ئەو شەوە چەند شوێنێکی بۆردومان کرد لە بەغدا و دەوروپشتی، لە موسڵیش دووجار تەیار خولایەوە. دواتر سەدام زوو چۆکی دا و قایل بوو بەبێ مەرج پشکنین بکرێ. دوای دوو ڕۆژ دۆخەکە ئاسایی بووەوە و ئێمەیش پووشەخورمامان هەر مابوو.

بە کاڵی، سوورەوکراوی و بەخشینیش تەواو نەدەبوو، زۆرکات بە چاوە دەمانخوارد. بەشی هاوڕێکانمان لێ دا، لێی بەخشرایەوە، هەر تەواو نەبوو. لەمەوە دەموت بوین بە شوقەی "پووشەخورما"کە.

زانکۆ یادگاریی و ڕۆژانێکی خۆش بوو، لەم ماوەی کۆرۆنایەدا بەبیرمهاتەوە، کە بینیم خەڵک زۆر هەڵپەیەتی بۆ کڕین و زەخیرە خستن، بەشێوەیەک کە ئارد و مەعەکەرۆنی و زۆر لە گیراوەکانی پاکژکردنەوەیان لە بازاڕدا نەهێشت. هەبوو ١٠٠ دەستە دەسڕی تەوالێتی کڕیبو، کە ئەمڕۆ لێیان بوە بە تەوق و نازانن چۆن تەواوی بکەن.