Saturday, February 29, 2020

داتاکان چۆن دەبنە نەوت - ٤

* داتاکان چۆن دەگوازرێنەوە
ناوزەندکردنی داتاکان بە نەوت لە سەدەی ٢١هەمدا، هەوڵێکە بۆ دەرخستنی گرنگی داتا و زانیارییەکان. نەوت لێرەدا نەک تەنیا وەکو سەرچاوەیەکی وزە، بەڵکو نەوت وەکو مادەیەکی خاو کە نەتوانرێت بە ئاسانی لە زۆر بواردا دەستی لێ هەڵبگیرێت. لەم بەراوردەوە داتاکان تەواو ئەو گرنگی و ڕۆڵەی نەوت وەردەگرن.
کێ داتا و زانیارییەکان بەشێوەک دەگۆڕێت کە لە کارەکەیدا بیانخاتە گەڕ و بەرهەمەکەی پێ بەرەو پێش ببات، ئەوا پێشەنگە و کۆنتڕۆڵی بەرهەمەکەی لە جیهانی دیجیتاڵدا سەرکەوتوو دەبێت.

لە بەشی پێشوودا ئاماژەیەکی کورتم لەسەر ڕەنگدانەوەی تەکنلۆجیا، لەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی ناوماڵدا دا. کە داهاتوو هەموو دەبینە خاوەنی (خانووی زیرەک Smart Home) تا ڕادەیەک ڕوونە. خانوویەک کە کلیلی دەرگاکەی پەنجەکانی دەستە و دەنگت فرمانە بۆ ئامێرەکانی ناوی. ڕووناکی و کارپێکردنی زۆر لە ئامێرەکان لەسەر تەلفۆنە هۆشمەندەکەی دەستتە و لە هەرکوێ بیت دەتوانی دەستەڵاتت بۆ کوژانەوە و بەگەڕ خستنیان بەکار بهێنی. سیستەمێکی زیرەک لەگەڵ ڕۆژئاوابوون پەردەکان دائەداتەوە، پەنجەرەکان دادەخات، تەلەفیزیۆنەکەت کز دەکا و ڕەنگی ڕووناکیەکەش دەگۆڕێت. تۆ لە مرۆیەکی چالاک و هەڵسوڕاو دەبیتە بەکارهێنەرێکی تەمەڵ، ئیتر پێویست ناکا حەوشە و هەیوان و ژوورەکان بپشکنیت پێش نووستن، چونکە بە دووگمەیەک لە بن دەستت هەموویت ئەنجام داوە. ماڵەکەت بووە بە (ڕایەڵە network)یەکی ناوخۆیی و هەموو ئامێرەکان زیندوون.

ىروام نیە هیچ کاتێک دانیشیت کە بزانیت مانگی پێشوو جلشۆرەکەت چەندجار کاری کردوە و تەزووی کارەبا و ئاوی چەند ویستووە، یان مێژووی کوژاندنەوە و کارپێکردنی تەلەفیزیۆنەکە لە مانگێکدا تەماشا بکەیتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە هەمووی زانیارین و لەم ئامێرانەدا ڕۆژانە دروست دەبن. داتاکان وەکو باسم کردن گرنگن بۆ لێکۆڵینەوە و بڕیاردان لەسەر باشکردنی ژیانی مرۆڤایەتی، داتاکان گرنگن بۆ ئاکامی توێژینەوەکان و نەخشە دانان بۆ داهاتوو. بەگوێرەی ڕێسا و هەموو کلتوورە جۆراوجۆرەکانیش بێ، ئەوەی لە ماڵدا دەگوزەرێ تایبەتیە و داتاکانیشی موڵکی خۆتن.

ئەی چۆن ئەم داتا تایبەتیانەم دەگوازرێنەوە؟ بە چ یاسایەک کارگە و دروستکەرتی ئامێرەکان، یان مۆڵەتبەخشی ئینتەرنێت ئەمان دەکاتە سەرچاوەی خۆی و دەیبات بۆ لێکۆڵینەوەکان؟

لە ڕاستیدا لە ساتی بەستنەوەت بە ئینتەرنێت، ئیتر داتاکانی ژیانت پارێزراو نین. ئەگەر مۆڵەتبەخشی ئینتەرنێتەکەت هیچی نەوێ ئەوا بۆی هەیە (هەواڵدز spy) و (تێکشکێنەر hacker)ی تایبەتی هەبن، داتاکان هەڵینجێنن و لە ئامێرەکانتەوە وەریبگرن. ئیتر دەیفرۆشنەوە وەکو (دژەڤایرۆس antivirus)ی ئاڤاست[١]، یان ئوتۆمبیلەکەت خراپ دەکەن[٢] وەکو لە ئەمەریکا چەندجار ڕویداوە.

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٩ دا باسێک دروست بوو لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، کە سیاسەتمەدارانی سۆشیاڵ دیمۆکراتەکان پێشنیاریان کرد کە تۆمارکراوەکانی (سیری Siri)ی ئامێرەکانی کۆمپانیای (ئەپڵ Aplle) و (ئەلیکسا Alexa)ی (ئەمازۆن Amazon) بکرێن بە شایەت و لە دادگادا بەکار بهێنرێن[٣]. زۆرکەس نازانن کە لە ئامێری ئایفۆنەکەی دەستیدا شتێک بەناوی سیری یا سیری گوێی لێ دەگرێت و هەموو شتێکی تۆمار دەکا. یاخود تەلەفیزیۆنە نوێیە (هۆشمەند smart)ەکەی بەکوژاوەیش دەنگ تۆمار دەکات و لەڕێی ئینتەرنێتەوە ڕەوانەی دەکا.

بەو مانایەی تۆ چی دەکەیت و چی دەڵێیت گوێت لێ دەگیرێ و تەماشات دەکرێت. ئایا ڕێ پێدراون بەم کارە؟ بەڵێ و نەخێر. بەڵێ بۆ ئەوەیە کە تۆ زۆرکات لە کڕینی کاڵاکاندا ئەوەت ئیمزا کردووە کە داتاکانت وەربگیرێت و بەمەبەستی توێژینەوە بەکار ببرێت، یاخود کە بەرنامە و سیستەمی ئامێرێک چێ دەکەیت، ڕەزامەندی ئەدەیت لەسەر ئەوەی داتاکانت لایەنی سێیەم  وەریبگرێت و بۆ ئامار و لێکۆڵینەوە بەکاریان بهێنێت. کەواتە لەم لایەنەوە یاساییە کە داتاکانت بەکار ببەن. نەخێریش بۆ ئەو گوێگر و وێنەگرانەن کە لە ئامێرەکاندا دروست کراون و بێ پرس و ڕەزامەندی هەموو داتا و تۆمارکراوێکمان دەگوێزنەوە، یان لایەنێکی تر بەهۆی کەلێنی پاراستنەوە زانیاریەکان لە ئامێرەکانت وەردەگرن (ئەیدزن) و دەیفرۆشنەوە.

هەرکەسێک تەماشای فیلمی (سنۆدن Snowden) [٤] بکات، تێ دەگات ژیانی ئەمڕۆمان نەک تەنیا لە ڕێی ئامێرەکانی ناوماڵ، بەڵکو لەڕێی سیستەمی نوێی تێکەڵاوی کلتورەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە بە چرکەیەک هەڵدەماڵرێ و دەکەوێتە ژێر مەترسیەوە، پرسی تایبەتی بوون و خاوەندارێتی دەمێکە هێمای پرسیاری لەسەرە.

لێرەوە ئیتر پێویستە حکومەت و یاسادانەران، ماف و شێوازی دەستاودەستکردنی داتاکانمان بە یاسا بپارێزن. پێویستە هاووڵاتی لە هەموو ئەگەر و مەترسیەک ئاگادار بکرێتەوە. ئەرکەکەش تەنیا یاساداڕشتن نیە، بەڵکو لە هاتنە ناوەوەی تەکنۆلۆجیا و کاڵاکانەوە دەست پێ دەکا تا دەگاتە ئەو کەسەی بانگهێشتی بازرگانی و ئەرکی بازاڕکردنیان دەکێشێت.

--------------------------
[١] پۆرتاڵی (heise.de) - (ئاڤاست Avast) چۆن داتاکانمان دەبات؟
[٢] هەفتەنامەی کۆمپیوتەر (Computerwoche) / فلۆریان مایەر - بابەتی (بەئاسانی سیستەمی ئۆتۆمبیلەکەت دەشکێنرێ)
[٣] بڕوانە (tagesschau.de) بابەتی - (کاتێک ئەلیکسا بەڵگەمان بۆ دێنێ Wenn Alexa die Beweise liefert)
[٤] فیلمی سنۆدن / ((https://en.wikipedia.org/wiki/Snowden_(film)



بەشەکانی تری ئەم بابەتە