Tuesday, January 21, 2020

داتاکان چۆن دەبنە نەوت - ٢

* ئەڵمانیا چەندین ملیۆن ئیۆرۆ لە کڕینی داتا و زانیاریی دزراودا خەرج دەکا

ئەڵمانیا سیستەمی سۆشیالیستی پیادە دەکات. بۆ بەڕێکردنی ئەوەش، باجی ماڵی لەسەر دەستکەوتی مانگانە وەردەگرێت بە ڕێژەی ١٤ تاکو ٤٢. باج گەورەترین داهاتە، بێ ئەوە حکومەتی ئەڵمانیا ناتوانێت مانگانە ملیۆنەها خێزان بژێنێت و پارەی کرێ خانوو و ژیانیان بۆ دابین بکا.

هاوکات وەرگرتنی باج، مسۆگەرکردنی بەردەوامی سیستەمەکەیە. هۆکارێکی گەورەیە کە خەڵکی پارەکانیان لە ئەڵمانیا دانەنێن و بیر لە خۆ دزینەوە لەو بڕە زۆرە بکەنەوە.

لێرەوە داتا و زانیاریی ئەو کەسانە بەنرخ بوون کە پاشەکەوتکراوەکانیان لە بانکی وڵاتان کۆگا دەکەن و سەرمایەداری لە شوێنی تر دەکەن.

لە ساڵی ٢٠٠٧ دا، ڕۆژنامەی (پاریس Le Parisien) باسی لە دزە پێکردنی داتای ١٣٠هەزار هەژماری بانکی کرد، کە فالسیانی (Hervé Falciani) بە ڕەگەز نیوە فەرەنسی و نیوە ئیتاڵی دەستی کەوتوون. ڤالسیانی کە خۆی فەرمانبەری بانکی (Schweizer HSBC Private Bank) بوو و پیشەکەی لە بواری کۆمپیوتەردا بوو، بەهاوکاریی هاوکارێکی خۆی کە ئەویش لوبنانی بوو، کاری دزینەکەی ئەنجامدا [١]. 
لە شوباتی ساڵی ٢٠٠٨ دا دەنگۆی دزینی هەژماری بانکی ٧٠٠ کەس لە وڵاتی لیشتنشتاین بڵاوبووەوە، کە لەو داتایانەدا هەبوون پێشتر ڤالسیانی دزیبوونی. ئەم حەوسەد هەژمارە هەمووی هی دەوڵەمەندەکانی ئەڵمانیا بوون، کە بۆ سووی زۆرتر و نەدانی باج لەوێ کۆگایان کردبوو، لەوانە هی سەرۆکی پۆستەی ئەڵمانیا. ئەو دەمە لەگەڵ فرۆشیاری داتاکاندا ڤالسیانی بە بڕی پێنج ملیۆن ئیۆرۆ ڕێک کەوتن و زانیارییەکانی فرۆشت بە ئەڵمانیا[٢]. 

ساڵی ٢٠١٠ ئەڵمانیا داتای ١٥٠٠ کەسی کڕی بە ٢،٥ملیۆن ئیۆرۆ. داتاکان دزراوبوون و هی هەژماری هاووڵاتی ئەڵمانیا بوون کە پارەکانیان لە بانکەکانی سویسرا دانابوو تاکوو باجی ساڵانەی لەسەر نەدەن[٣]. دەیان کەس لە ترسی سزای یاسایی قورس، خۆیان ڕادەستی دادگا کرد و پارەکانیان ئاشکرا کرد. وەکو ئولی هیونس بەڕێوەبەری یانەی بایەرن میونخ کە بەهۆیەوە لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا بەند کرا وچەند ساڵێکی تەمەنی لە بەندیخانەدا بەسەر برد[٤]. هیونس بێ لە گەڕاندنەوەی دەیان ملیۆن باج بۆ خەزێنەی دەوڵەت، ٢٨،٥ملیۆن ئیۆرۆ سزای بەسەردا سەپێنرا. دەیانی تر لە خەڵکی ناسراو و نەناسراو خۆویستانە خۆیان دەرخست و چوونە بەردەمی دادگا. لەمەوە دەرکەوت کە ئەو کارە فشارێکی باش بووە.

دزەکان چەند کەلێنێکی ناو سیستەمەکان و ڕایەڵەکانی بانکەکانیان قواستوەتەوە، یان پیشەکەی خۆیان لەناو دەزگاکەدا بەکار هێناوە بۆ چەتەگەری، بۆخۆیان بووە بە دەستکەوتێکی ماڵی و بۆ خەڵکیش دەیان گرفت و کێشەیان ناوەتەوە.
هاوکات حکومەتەکان کەوتنە هەواڵ دزی لەیەکتری و گۆڕینەوەی تانە و توانج لەسەر ئەو کردارانە. سویسرا و ئەڵمانیا لە ٢٠١٢ ەوە بیریان لە شیکارێک کردەوە ئەم جۆرە شتانە ڕوو نەدات. دەستووری هەردوو وڵات ڕێگربوو، سیاسەتی حیزبی دەسەڵاتدار دژواربوو، بەو شێوەیە تاکو ساڵی ٢٠١٨ چەندین جۆر داتا و زانیاریی تر ژێربەژیر مامەڵەی پێوەکرا. ساڵی ٢٠١٨ هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و سویسرا لەسەر ئاڵوگۆڕی زانیاریی بانکەکان بە میکانیزمێکی خۆکارانە هاتوچۆ بکا لە نێوانیاندا [٥].

ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە خەرمانێک، کاری هاوشێوە کە وڵاتانی تریش کردویانە. داتاکان هەر جۆرێک بن، گرنگی خۆیان هەبووە، لە بوارێکدا دەسەڵات بە زەبری هێز توانیویەتی هۆکاریش بدۆزێتەوە بۆ بەدەستهێنان و هەڵێنجانی زۆرترین سوود لێیان.

داتاکان ئاکار و هەڵسوکەوتی ژیانی ئێمەن، پێناسەی خێزانی و ماڵی ئێمەن. ئێمە بڵاوەمان پێ کردون لە دەزگا و بەڕێوەبەرایەتیەکان، لە تۆڕەکۆمەڵایەتی و پۆڕتاڵە ئەلیکترۆنیەکان، ئەوانەی بەدەستیان دەکەوێ، دەبنە کۆنتڕۆڵی بوارێک لە ژیانی ئێمە و ڕێسا و ویستی خۆیان لەسەر ئەنجام ئەدەن.

جاران ئەگەر بوترایە هاوڕێکانت کێن، پێت دەڵێم تۆ کێیت؟[٦]، ئەوا ئەمڕۆ دەڵێین داتاکانت چین با پێت بڵێم تۆ کێیت!
__________________________________
[١] ڕۆژنامەی (پاریس Le Parisien)، بڕوانە (https://en.wikipedia.org/wiki/Herv%C3%A9_Falciani)
[٢] ڕۆژنامەی باسلەر (Basler Zeitung)ی سویسری، هەروەها بڕوانە ڕۆژنامەی (بیلد Bild)ی ئەڵمانی ڕێکەوتی ١/٢/٢٠١٠
[٣] بڕوانە (www.nrz.de) - "کڕینی داتا لە لایەنی حکومەتی خۆجێی ناوچەی نوردڕاین ڤێستفالن"
[٤] بڕوانە (br.de) - بابەتی "Der Herbst des FC-Bayern-Patriarchen" - 
[٥] توێژینەوەی دزینی داتاکان (correctiv.org)
[٦] ڕەسوڵ هەمزەتۆف - داغستانی من