Thursday, January 02, 2020

داتاکان چۆن دەبنە نەوت - ١

پێشەکیەک
* ئەم کۆمەڵە وتار و بەدواداچوونەم باس لە گرنگی داتاکان و داهاتووی داتاکانمان دەکات.


سەدەیەکە نەوت گەورەترین ڕۆڵ دەبینێ لە ئابووری وڵاتاندا[١]، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیشەوە کارایەک بووە بۆ سیاسیەکان نەخشەی ڕێککەوتنی درێژخایەن و گرەوی داهاتووی سەقامگیریی وڵاتیان پێ بردوەتەوە. داتا و زانیارییەکان لە سەردەمی ئەلیکترۆن و خوولی چوارەمی پیشەسازیدا بونەتە کلیکی پێشەنگی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و بەدەست هێنانی متمانەی سیاسیە ئابووریناسەکانی وڵات.

داتا و زانیاریەکان نەوتی خاوی دواڕۆژن، ئەوەی خاوەنیان بێ، لە پێشبڕکێی تەکنۆلۆجیادا دەمێنێتەوە. ئەگەر وزە نوێیەبووەکان جێگرەوەی نەوت بن، ئەوا داتا و زانیاریەکان تاکو ئەمڕۆ هیچ جێگرەوەیەکیان بۆ پێناس نەکراوە. وەکو چۆن نەوت بە ئامێر و بزوێنەری جۆراوجۆر خۆکارانە لە بنی زەوی دەردەهێنرێت و جۆرەکانی لەیەک جیا دەکرێنە، ئاوهاش ئامێر ڕاهێنانی پێ دەکرێت کە لە زانیارییەکان بگات و بڕیاریان لەسەر دروست بکا.
نەوت و داتا لەیەک دەچن، هەردووکیان گرنگن، هەردووکیان شیکاری و جیاکردنەوەیان دەوێت، پاڵاوتنیان دەوێت [٢]

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا چەندین کاری دژوار و ڕوداوی سەیرمان بینیوە و بیستووە لەسەر دزینی داتا، تێکشکانی سیستەمی کارگێڕیی ئەلیکترۆنی و دزەکردنە ناو سیستەمی حکومی، تەنانەت تێکشان و بەدەستهێنانی هەزاران هەژماری بانکی هاووڵاتیان، کە هەندێکجار خۆشمانی گرتووەتەوە و بەش بووین لێی و زیانمان بەرکەوتووە.

یەکێک لە پرژەی بۆنە و باسەکانی ساڵی ٢٠١٩ لە بواری تەکنۆلۆجیای زانیاریدا، قسە و گومان بوو لەسەر کۆمپانیای هواوای چینی[٣]. کە بەشدار ببێ یاخود نا لە ئەوروپادا بۆ دانانی ژێرخانی وەشانی پێنجەمی گەیاندن بە مۆبایل (5G). هۆکارەکەیشی زۆرتر بۆ ڕێکەوتنی هواوای دەگەڕێننەوە لەگەڵ حکومەتی چینیدا، کە هەموو دراوە و داتاکانی بەشداربووانی واڵا کردوە بۆ حکومەتی چینی، کە لە ئەوروپادا بە ڕژێمی داپڵۆسێنەر و ستەمکاری ئازادی مرۆڤەکان ناوی دەرکردوە.

لە ڕاستیدا هاوشێوەی ئەو ڕێکەوتنە لە نێوان ئەپڵ و حکومەتی ئەمەریکا، یاخود مایکرۆسۆفت و ئەمەریکا، گووگڵ و ئەمەریکا دا هەیە[٤]. ئەگەر بۆ من و هاووڵاتیەکی تر ئەمە شاراوە بێ، ئەوا لە جیهانی پێشکەوتووی ئاڵوگۆڕی دراوەکاندا ئەم کارە شتێکی نامۆ نیە. ئەگەر جاران ئەوروپا ڕەخنەی توندی لە حکومەتەکانی وەکو ئێران، سعودیە و ڕووسیا و هیتر دەگرت بە چاودێریی ژیانی تایبەتیی هاووڵاتیان و زەودکردنی ئازادی ڕا دەربڕین، ئەوا ئەمڕۆکە بە یاسا و بەهانەی جۆراوجۆر چاودێری هاووڵاتیانی خۆی دەکات و گوێ لە تەلفۆنیان دەگرێ، بگرە وەکو کاڵایەک تەواو لە دەیانخاتە ژێر چاودێریی و ملیۆنەها دۆلار خەرج دەکەن بۆ دەستکەوتنی داتا و زانیاریی ورد لەسەر دانیشتوانەکەیان.

لەمەوە، هەوڵدانی حکومەتە زلەکان بۆ بەدەست هێنانی زۆرترین داتا و زانیاریی خەڵکی، سیستەمیانە چەسپێنراوە. ڕێگا و هەلومەرجی خۆی بۆ تەرخان کراوە. هەمەئاهەنگی لە نێوان وڵاتاندا خولقاندوە و بنکەدراوەیەکی هاوبەشیان پێک هێناوە.

هەرزانترین ڕێ بۆ ئەم کارەش، تەکنۆلۆجیایە. ڕۆژانە بواری بەکارهێنانی ئینتەرنێت و سەرهێڵ بوونی خەڵک فراوانتر دەبێ، ژمارەی هەژمارەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان زۆرتر دەبن و هەلومەرجی نوێ بۆ پەخشکردنی هەواڵ و وێنە دەهێننە کایەوە. ئەمانە و تەریب بە زانیاریی خەڵکی، ئامێرەکانیان و تایبەتمەندییان بە وردی لای دابینکارەکان کۆگا دەکرێ. جاران ئەگەر ناسنامەت لای گوگڵ بووبێ تاکو ڕاژەی پۆستی ئەلیکترۆنی خۆڕایی وەربگریت و سوودمەند بیت لێی، ئەوا ئەمڕۆ گوگل زانیاریی:
- تاکە کەسی
- ئارەزووەکانت
- خواردن و هەستان و ڕۆیشتنت
- هاوڕێ دوور و نزیکەکانت کە لە دەفتەری ژمارەکانت تۆمار کراون
- پیشە و ناو و ناونیشانی هاوڕێیانی کارەکەت
- بازنەی خێزان و کەسوکارت
- ئامێرەکانی بەکاریان دەهێنیت لە ماڵەوە و لە دەرەوە.
- هەموو وردەکارییەکی تر
- تەنانە گوێ لە زۆر ئاخاوتن و تەلفۆنەکانی ڕۆژانەت دەگرێت و زانیاریی لێ دەردەهێنێ.

ئەمانە لای گووگل، ئەگەر تەلفۆنەکەشت ئایفۆن بێ ئەوا هاوشێوەی ئەوانە لای ئەپڵن، ئەگەر هواوی بن ئەوا لای هواوین و هەروەه بۆ ئەوانی تریش. تەریب بەمانەش تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانە، کە بوونەتە خاوەنی هەموو قسە و باس و وێنەیەکی ژیانی تۆ.

وەکو سیناتۆرێک ساویلکانە پرسی لە دروستکەری فەیسبووک، مارک زوکەربێرگ کرد؛ "ئەرێ ئەم هەموو ڕاژەیە چۆن خۆڕایی پێشکەش دەکەن؟[٥]"، لە ڕاستیدا لە پای هەموو زانیارییەک فەیسبووک بازاڕێکی بۆ ڕێک خستووە، بۆ هەموو جووڵە و چالاکیەک، بانگێشتێکی بازرگانی پێوە لکاندوە. نوێترین هەنگاویشی، زۆرکردنی ڕیکلام و دانانی بانگهێشتە بازرگانیەکانە لە نێوان دەق و نووسینەکانی (وەتسئەپ whatsapp)[٦].
لێرەوە گرنگی داتاکان لە چەند شێوەیەکدا دەبینرێ، جارێک بۆ زاڵبوون بەسەر دەسەڵاتی سیاسی و جێگیرکردنی حوکمڕانی و جارێکیش بۆ بازرگانی. هاوشێوەی نەوت لە چەند ساڵی ڕابردوودا.

کۆتایی بەشی یەکەم
_______________________________
[١] ڕاپۆرتی DECC 1915، لە ناوەڕاستی پەنجاکانەوە، نەوت زۆرینەی سەرچاوەی وزەی تەرخان کرد.
[٢]  - گۆڤاری economics  - وتەی (David Buckingham)
[٣] - پۆدکاست چاوگ - (پانۆرامای ڕووداوە زانستییەکانی ٢٠١٩)
[٤] ڕۆژنامەی (sueddeutsche.de) ژمارەی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٣ - "ئەمەریکا داتاکانی ئەپڵ و گوگل و مایکرۆسۆفت بۆ سیخوڕی بەسەر خەڵکەوە بەکار دێنێ"
[٥] ڕاپۆرتی NBC - لە ڕێکەوتی ١٠ی نیسانی ٢٠١٨
[٦] بڕوانە (heise.de)  - نوێکارییەکانی وەتسئەپ لە ٢٠٢٠ دا



بەشەکانی تری ئەم بابەتە
بەشی چوارەم - داتاکان چۆن دەگوازرێنەوە