Wednesday, February 19, 2020

داتاکان چۆن دەبنە نەوت - ٣



ماوەی دە ساڵێک دەبێت زاراوەی کاڵای زیرەک و (ئینتەرنێتی شتەکان Internet of things - IoT ) لە جیهانی کۆمپیوتەر و ڕایەڵەدا دروست بوون. جاران تۆ ئامێرێکی ساردکەرەوەت هەبوو، تەزووی کارەبات لەسەر دادەنا و کاری دەکرد و دڵت بە ئاوە فێنکەکەی شاد دەبوو.
پاشان هاتن، ساردکەرەوەیان هێنا کە لەسەر دەرگاکەی (پەردە screen)یەک هەبێ پیشانی بدا چی تیایە، وە ئەگەر بەسترابێتەوە بە هێڵی ئینتەرنێت، ئەوا زانیاری بنێرێت. بۆ وێنە شیر و پەنیری تیا نەماوە، پەیام دەنێرێت بۆ ئەو ناونیشانەی کە تیایدا ساز کراوە، لە بەرانبەریشدا، پەیام وەرگر، ڕۆژی دواتر هەڵدەستێت بە دابینکردنی شیر و پەنیر و پسووڵەی تێچوونەکەت ئەدەنێ.

ئەمڕۆکە ئەم کارانە جۆرێک (خۆکاری automatic) تێدا ئەنجام دراوە، هاوکات، نەک تەنیا ساردکەرەوە بەڵکو زۆرینەی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان (بیرگە memory) و (تەڵاش chip)ی لەسەرە کە بێ لە ڕێکخستنی کاڵاکان ئامارت نیشان ئەدەن، هەڵسەنگاندن بۆ تەندروستیت دەکەن. کاژمێرێکت لە دەستە هەموو جموجوڵێکت پاشەکەوت دەکات و ئاگاداریت ئەداتێ پەستانی خوێن و لێدانی دڵت چەندە. بۆ بازرگانان هەموو ئەم داتا و زانیارییانەی کە لەم ئاماێرانەوە دێن و دەڕۆن هەلێکی باشە بۆ نەخشە و کاری داهاتووی، بۆ دروست کردنی بەرهەمی نوێ. بۆ تۆش وەکو بەکارهێنەر ژیانت ئاسانتر دەکا، کات و پارە پاشەکەوت دەکەیت. کڕین و جووڵەت دەزانی و باشتر ڕێکیان دەخەیت. جاران دەبوو بچیتە لای پزیشک پەستانی خوێن و پشکنینی تری بۆ بکا، کە تۆ ئێستا لە ئامێرەکەی دەستتدا ئەوانەت هەیە، هەموو پشکنینەکانیش هەڵدەگرێ.
ئامێری ئەمڕۆ لە ڕێێ (فێربوونی ئامێر machine learning)ەوە، داتاکانی ڕابردووت شیتەڵ دەکات و باشترین هەنگاوی داهاتووت نیشان ئەدات. بهێنە بەرچاوی خۆت جاران دوای دوو هەزار کیلۆمەتر ڕۆنی ئۆتۆمبیلەکەت دەگۆڕی. جاری وابووە کە بیرت چوە کەی گۆڕیوتە و لەدەست دڵەڕاوکێ چوویت دیسان گۆڕیوتە. ئەمە ئەمڕۆ ئامێر بە دوگمەیەک پیشانت ئەدات، پێش گۆڕین ئاگادارت دەکاتەوە، لەبری دووهەزار تەماشا دەکەیت چوارهەزار کیلۆمەترت بڕیوە، هەم دڵەڕاوکێ و هەمیش کات و پارەت پاشەکەوت کرد، چونکە ئامێرەکە تەواو دەزانێت کەی پێویستە ڕۆنی نوێ بکرێتە ئۆتۆمبیلەکەوە. بۆ خاوەن ئۆتۆمبیل ئەم داتایانە لە نەوت گرنگترە، بۆ دروستکەری ڕۆن و هەموو ئەوانەی داتاکانی تۆشیان پێ دەگات، دانانی ڕاژە و بەرهەمهێنان سازتر دەکەن و پوختە دەبێت. بیهێنە بەرچاوی خۆت هەموو ئامێرەکانی تری ناو ژیانت بەم شێوەیە ساز درا بن.

لەمەوە گرنگی (ئینتەرنێتی شتەکان IoT) بۆ ئێمەی بەکاربەریش تەواو ڕوونە، هەر بۆیە خەڵکانێکی زۆر بەردەوام بەدوای نوێکاریی و بەدەست هێنانی ئامێری نوێوەن. تەریب بەمەش، ئینتەرنێتی شتەکان زۆر بایەخی پێدراوە لە پیشەسازیدا. کارگەکانی بەرهەمهێنان بێ گەڕان و شەونخونی، سەرچاوەیەکی گەورەی داتایان دێتە بن دەست. کە لەبەشەکانی توێژینەوە و بەدواداچووندا سوودی لێ وەردەگرن. تەلفۆنێکی ئایفۆن دەفرۆشرێت لە یابان، ئەپڵ لە ئەمەریکاوە پێی دەزانێ.

ئەگەر بە وردی باس لە بازرگانی کاڵاکان بکەین، بۆت دەردەکەوێت کە داتاکانن مایەی گرنگیدان بە ناوچەیەک دیاری دەکەن. 

لێرەوە گرنگە ئاوڕێکیش لە ئاڵوگۆڕی داتاکان بدەینەوە. داتای ئامێرەکان لە پیشەسازیدا دیارن، خۆکارانە ئاڵوگۆڕ دەبن و ئینتەرنێت هەبێ، ئەوا دەگوێزرێنەوە بۆ بەرانبەر.دەرهێڵیش لە ڕێگەی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن و گواستنەوەوە بەڕێ کراوە.

ئێمەیش وەکو بەکارهێنەر داتاکانمان لەسەر ڕەزامەندی خۆمان دەگوێزرێنەوە. بەکارهێنەر هەمیشە پەلەیەتی، زۆرجار پەیامی ئاگادارکردنەکان لەسەر کۆمپیوتەر و تەلفۆنە هۆشمەندەکەی (smartphone) دەستی پشت گوێ دەخات. هەژمارێکی فەیسبووک دروست دەکات، مەرج و ڕێنوێنی بەکارهێنان ناخوێنێتەوە و کرتە لە ڕەزامەندی دەکا، تاکوو زوو دابمەزرێ و ببێتە خاوەنی هەژماری خۆی، لە ڕاستیدا بیری چووە کە بەو ڕەزامەندیە بڕیاری لەسەر چۆنێتی ناردن و وەرگرتنی داتاکانیشی داوە.  بە هەمان شێوە لە کاتی دامەزراندنی (داوانامە application)ێکی نوێدا هیچ گوێناداتە ئاگادارییەکان.