Monday, August 17, 2020

ببە بەو دایکە یان ببە بەو باوکە - بەشی دووەم

لەوەیە بڵێی ژیان و کلتووری ئێمە زۆر جیاوازە لەو نموونە زیندوانەی باسکران، بەڵام بیرت نەچێ تۆ مرۆڤیت و بە دەسەڵاتترین زیندەوەری سەر زەویت، ئەوەی تۆکۆششی بۆ دەکەیت زۆرکات دێتە بەرهەم.
تەنگوچەڵەمە لە پەروەردەکردنی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت بە ئاسانی تێپەڕ نابێ، مامەڵەی منداڵانی تر و شێوازی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ مناڵەکەی تۆدا زەحمەتە بەتۆ بگۆڕدرێ، لەو گۆشەیەوە ئەرکی کۆمەڵگا (بە تایبەتی لەسەر باوان و مامۆستاکان) فێرکردنی ڕێز و ڕەوشتی یەکتر قبوڵ کردنە، ئایینەکان لەم ڕووەوە دەکرێ ببنە سەرچاوەی پەند و ئامۆژگاری. چونکە گاڵتە پێکردن و بەکەمزانین لە ئاکار و ڕەوشتی بڕواداردا نیە. ئاکاری هەڵسوڕان لەگەڵ خەڵکدا دەبێت بە ڕاست و دروستی فێری منداڵ بکرێت. 

گرفتێکی ترلەم دەڤەرەدا، کەمیی بوونی چارەسەر و پسپۆڕە، چارەسەرێکی گونجاو و بەردەوام، هاوکات پسپۆڕێک کە هەم دڵسۆز بێ بۆ پیشەکە و هەمیش شارەزایانە ڕێنیشانت بێ. پارە و خەرجی بۆ چارەسەر وەرگرتن ڕێگریەکی ترە. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ئەرک لەسەر دایکوباوک دەمێنێتەوە کە گرنگترینیان شێوازی هەڵسوڕان و مامەڵەکردنە لەگەڵ منداڵەکەیاندا. چەندین گێرمەوکێشەی تری ژیان هەیە کە دەبێت زانایانە لە بەرژەوەندی پەروەردەی ساخ و دروستدا لە کاتی خۆیاندا چار بکرێن. 
ئەمە ڕەوتێکی یەک دوو ڕۆژی نیە، بەڵکو بەرەنگاربوونەوەیەکی بەردەوامە، کە بۆی هەیە چەندین ساڵ بخایەنێ. لە زووەوە دەبێ نەخشەی ئەمڕۆ و سبەیت هەبێ. لویزە بە بەردەوامی بڕوابەخۆبوون پەروەردە کرا، دایکوباوکی بیریان تەنیا لەوە کردەوە کە وەکو مناڵی تر ئاسایی بێ.

کەس گومانی لە دڵسۆزی دایکوباوک نیە، ئەکرێت ڕوانین و هەڵوێست باشتر بکرێن، ئەمڕۆکە دونیای ئەلیکترۆن و ئینتەرنێت بەشیکی ژیانی داگیرکردوە، زۆرکەس، بەخۆشمەوە، کاتمان بیر دەچێتەوە کاتێک سەرقاڵی خوێندنەوە و تەماشای وێنە و نوێکارییەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانین، سەرەنجام ڕۆژ ئاوا دەبێ و هیچمان نەکرد. ئەمە ڕۆتینێکی سادەی گوزەرانە، بەڵام بۆ کەسی خاوەن تایبەتی لەوەیە ببێتە پەستانێکی تر و پەرچەکرداری نەرێنی لێ بکەوێتەوە. منداڵە چینیەکە بهێنە بەرچاوی خۆت، ئەگەر دایکی ماوەیەک گرنگی پێ نەدایە چی دەبوو؟.

لەبەرئەوەیە ناونیشانی وتارەکەم کردوە بە ئاراستەیەک بۆ چاولێکردنی ئەو باوک و دایکانەی کە بێ وچان کۆشش دەکەن لەپێناو پێگەیاندن و فێرکردنی منداڵەکانیان، خەمی داهاتوویان دەخۆن و تەنیا لە ئەمڕۆ و ژیانی ئەمڕۆی خۆیان ناڕوانن. بۆی هەیە نوکتە و خۆشی وتارەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و چەلەحانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی چێژت پێ بدەن، بەڵام هیچیان ناگەنە ئەوەی کە دەبینیت منداڵەکەت سەرکەوتووانە قۆناغێکی ژیانی تێپەڕ دەکا، هیچ شتێک هێندەی تەندروستی و پێکەنینێکی منداڵەکەت ناتخاتە نەشئەی خۆشی. ئیتر خۆت بڕیار بدە، ئەگەر ئەمە تۆ ناگرێتەوە، ئەوا وتارەکەم بۆ تۆ ناشێ و لەو جۆرە دایکوباوکانە نیت کەمن باسیان دەکەم.

ئەوانەی ئالوودەن، سەخترین هەنگاو لایان، بڕیاردانە بۆ گەیشتن بە ئامانج، کە لەپێناویدا لە ئالوودەبوون دەتەکێنەوە و پێ دەجووڵێنن. 
کاتێکیش بەخۆیان دەزانن و دیوەکەی تری ژیان گوزەر دەکەن، ئاخی پەشیمانی هەڵدەکێشن، کە تەمەنیان بەفیڕۆ چوو، بۆ باوان، لێرەوە تەمەنی خۆت بەتەنیا تێپەڕ نابێ، بەڵکو هی منداڵەکانیش، ئەوەش خەمێکی ترە و هەڵدێرێکی تر دێنێتە پێش، تاکو هەنگاوەکانی ڕابردووش بگێڕیتەوە قۆناغی ئەمڕۆت لە دەست دەچێ و ماندوو دەبی. خەمی تۆ با لە زووەوە ئەوە بێ باشترین ئاست ببێتە بەروبوومی قۆناغەکان. بیرت تەنیا لای سەرکەوتن بێ، ئەمڕۆی منداڵەکەت لە دەست مەدە بەسەرقاڵی چات و فەیسبووک.