Monday, May 24, 2004

كێ ڕاسته



+ مامه گیان ئه‌مجاره، بۆچوونه‌كانتم هیچ به دڵ نه‌بوون...
- بۆ، خۆ خراپم نه‌وتووه ؟!
+ من و هه‌موو لیژنه‌ی گه‌ڕ‌ه‌ك و ئاماده‌بووه‌كانی تریش، چاوه‌ڕوان بووین، قسه‌ی تۆ بڕیای كۆتایی بێت، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانكراو، تۆ پشتگیری ئه‌و منداڵانه‌ت كرد...

- گوێ بگره، من ئێستاش له‌سه‌ر قسه‌ی خۆم سوورم، منداڵی ئێستا په‌روه‌رده‌ی سه‌ته‌لایت و پله‌ی سته‌یشن و ئه‌تارین، به‌ تایبه‌ت منداڵانی ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌، بڕۆ پرسیان لێ بكه، بزانه كه‌سیان هه‌لوكێن، مووشین، بووژانه‌وه...ده‌زانن؟ كاتی خۆی منداڵان كۆ ده‌بوونه‌وه‌ و شه‌ڕه‌ گه‌ڕه‌ك و خراپه‌كارییان ده‌كرد، مناڵی ماڵی كه‌م بوو، قۆچه‌قانی و داربه‌ده‌ست تاقم و ده‌سته‌یان پێك ده‌هێنا سه‌ری یه‌كیان ده‌شکاند، منداڵێ ئێستا له ژووره‌وه‌ كڕ كه‌وتوون به دیار فیلمی كارتۆنی و هه‌مه‌ چه‌شن به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی و یاری ئه‌لیكترۆنی، جاران باس له گۆڕینه‌وه‌ی ده‌ستكه‌لا ده‌كرا، ئێستا ڤیدیۆ سی دی و ڕه‌سمی زیدان ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن. ئه‌م منداڵانه ته‌نها یه‌ك كاری خراپیان كردووه، بۆ ده‌بێت باوانیان سزا بدرێن، بۆ ده‌بێت منداڵه‌كان ماوه‌یه‌ك له یاری و به‌زمی خۆیان قه‌ده‌غه‌ بكرێن ؟!، پێویست ناكات ڕه‌وتی په‌روه‌رده‌ی دایك و باوك له‌به‌ر هۆیه‌كی وا بگۆڕدرێت..

+ مامه‌ تۆ دان به هه‌ڵه‌كه‌یاندا ده‌نێیت، ئیتر بۆ پێت ڕه‌وا نییه كه سزای خۆیان وه‌ربگرن ؟ ئێستا خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك بۆچوونیان وایه كه تۆ له‌به‌ر بازاڕ و فرۆشتنی دوكانه‌كه‌ی خۆت له دژیان وه‌ستاوی...

- نا، من له‌به‌ر خۆمم نییه، ئه‌وه‌نده خه‌می نان و گیرفانی خۆمم نییه، ئێوه هه‌موو ده‌ڵێن ئه‌مانه منداڵن، نابێت شته‌كه‌ گه‌وره‌ بكه‌ین و بچێته نێو گه‌وره‌كان، ئیتر بۆ چاوپۆشی ناكه‌ن، ئه‌ی ناڵێن سوار تا نه گلێ نابێت به سوار ؟

+ مامه گیان، تۆ له باسه‌كه‌ لاتدا، ئێمه كۆبووینه‌وه‌ تا بڕیارێك بده‌ین، پرسیارێك له هه‌موو كرا؛ "ئایا چۆن ڕه‌فتار بكه‌ین تا له ئاینده منداڵه‌كان هه‌ڵه‌ی وا دووباره نه‌كه‌نه‌وه"، هه‌موو بڕیاری سزادانی منداڵه‌كانمان دا، له‌گه‌ڵ وریا كردنه‌وه‌ی باوانیان... تۆ هاتیت باسی منداڵانی سه‌رده‌می پێش ئێستا و ڕژێم و....هتد ده‌كه‌یت...

- با منداڵ سزا بدرێ، ئێوه شته‌كان تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن، له ئاست قسه‌ی به‌رامبه‌رتان گوێ داده‌خه‌ن....
+ مامه‌ ببوره قسه‌كه‌ت پێ ده‌بڕم.... قسه هه‌زاره دووانی به‌كاره، با بڕیارێك بده‌ین و ده‌ست هه‌ڵبگرین له گفتوگۆ كردنی ئه‌و بابه‌ته‌. من هه‌ڵه‌ بم یا تۆ، هه‌ر یه‌كه‌مان بۆچوونی خۆی ده‌خاته‌ ڕوو.

1 comment :

Anonymous said...
This comment has been removed by a blog administrator.