Sunday, September 05, 2010

پێشنیارێک بۆ: دامەزراندنی بنکەی بنیاتنان و گەشەپێدانی زانیین

 ئەندازیار ئاراس نوری ئەحمەد- ئەڵمانیا

((مەبەست لەم دەزگایە هاوکاریی کردنی حکومەتە لە زیادکردن هەلی کار بۆ گەنجان و تەرخانکردنیان لەبوارەجیاجیاکاندا))

بنکەیەک کە دەرچووانی پەیمانگا و زانکۆکان لە رێگەیەوە، خولی ڕاهێنان و فێرکردنی کرداری وەرگرن لەسەر بوارە پسپۆڕیەکانی تیا خوێندویانە و بەهیوان دواڕۆژ ببنە پسپۆڕ و چالاک تیایدا. دەرچووانی پلەکانی خوێندنی باڵا زۆر کات خۆیان لە پیشەیەکدا نەدۆزیوەتەوە، بوارێکی خوێندوە کە بۆی هەیە دە لقی هەبێ، ئەمان نازانن کامەیان ئارەزووی تەواویان بۆی هەیە و بە کرداری چۆن مامەڵەی دەکەن. ئەم بنکەیە هەلی کارەکان بە بێکاران و کارخوازان دەناسێنێ، ئامادەیان دەکا. زانینیان لە بوارێکی دیاریکراودا بەهێز دەکات. زۆر لە کارخوازان بڕوابەخۆبوون نادۆزنەوە لە خودیاندا، پێویستیان بە هاوکاری هەیە، پێویستیان بە هەلێک هەیە خۆیان بسەلمێنن، کە ئەم بنکەیە لە رێگەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە بۆیان دەستەبەر دەکات.


ئێستا:
-          هەندێک لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بێکارن. بێ شارەزایی کردارین
-          مامۆستای خوێنگاکان، و پەیمانگاکان، مووچەخۆرانی دەوڵەت، و کارمەندانی کەرتی تایبەت ئاستی زانینی تەکنۆلۆجیای ئەمڕۆیان نییە  یان نزمە و پێویستییان بە نوێبوونەوەی update زانیینەکەیان و ناسینی تەکنۆلۆجیای نوێ هەیە.
-          ساڵانە حکومەتی هەرێم سامانێکی زۆر تەرخان دەکات بۆ ناردنەدەرەوەی کارمەندان و مامۆستایان ..هتد لەهەموو بوارەکاندا.
داهاتوو:
-          دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان خولی تایبەت بەبوارە پسپۆڕییەکان وەردەگرن، ئاستی زانین و زانستییان پەرەپێدەدرێت. هاوشان دەبن لەگەڵ تەکنیک و داهێنەرەنوێیەکان
-          کەمبوونەوەی بێکاریی و سەرقاڵکردنی گەنجان بە بوارێکی پیشەیی کە خواست و ئارەزوویان لەسەرە
-          حکومەتی هەرێم خەرجی کەمتر تەرخان دەکات بۆ پێگەیاندنی فەرمانبەران و مامۆستایان، زانینەکە دێتە بەردەم ماڵیان.
-          پشتیوانی بۆ ژێرخانی ئابووری حکومەتی هەرێم، بە هۆی دروست بوونی توێژێکی شارەزا لە بوارە تەکنیکییە سەردەمییەکان
-          دروستبوونی چاکسازی خۆکارانە لە دەزگاکانی حکومەتدا، چ لە بەڕێوەبردن و چ لە ئەندازیاری لە ئەنجامدانی کارەکاندا
      -          بەرزبوونەوەی ئاستی داخوازی کەرتی تایبەت بۆ دەستی کاری خۆماڵی


بواری خولەکان:
*       بوارە زانستییەکان (تەکنۆنۆجیای نوێ: کۆمپیەتەر، وێب، بنکەدراوە database وهیتر، فیزیای نوێ، بەڕێوەبردن بە بەکارهێنانی ئایتی، دەروونزانی، گرفتە کۆمەڵایەتییەکان، زیندەوەرزانی، ..هتد)
*       فێرکردنی خۆناساندن، نووسینەوەی ژیاننامە، کارنامەنووسین
*       ڕاهێنان لەسەر هەلسوکەوتی پیشەوەران لە دەزگاکاندا
*       بوارەکانی تری وەک پەروەردەی منداڵان، بەڕێوەبردن، یاسانایی، زمان فێربوون، هەرێنەکردن design ..هتد بەپێی خواستی دۆخی کوردستان و، بوونی پسپۆڕی کورد (لەناوەوە یان لەدەرەوەی کوردستان)
*       ناسینی پێوانەیی (standard)ە جیهانیەکان، کە بۆ هەموو بوارێک ئەندازە و پێوەری خۆی بۆ دانراوە.
*       بەهێزکردنی زمان، خولی کرداری و قسە کردن لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا
*       بەشداری لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکانی کە ئاستی شارەزایی لە پیشەیەکدا نیشان ئەدەن (وێنەگرتن، زمان، کۆمپیوتەر، وێب ...هتد)


فێرکارەکان کێن:
*       مامۆستای خوێندنگاکان
*       شارەزایانی بوارەکە (مەرجە وانەبێژ بڕوانامەیەکی هەبێت لەوبوارەی ئەیڵێتەوە)
*       پسپۆڕانی کورد لە دەرەوەی وڵات (لەڕێگەی وێب و ڕاگەیاندنەکانەوە پەیوەندی دروست بکرێت)
*       پسپۆر و ئەکادیمییە بیانییەکان

پێداویستییە سەرەتاییەکان (وەک دەستپێکێک بۆ چوونە ناو پرۆژەکە):
*       نووسینگەیەکی بچووک
*       ٣ کارمەند (دووانیان لەبەڕێوەبردندا شارەزایی هەبێت، یەکێک لەمامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک و پێوەندیکردن)
*       ٢ کۆمپیوتەر و چاپکەرێک
*       مێز و کورسی – پێداویستی ناو نووسینگە
*       هەمائاهەنگی لەگەڵ خوێندنگاکان لەڕێگەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، تاکو ڕێگەبدرێت هۆڵەکانی خوێندنگاکان و شوێنە حکومییەکان بەکارببرێن بۆ ئەو مەبەستە.
*       چێکردنی وێبگەیەک website بۆ ناساندنی خشتەی خولەکان و پەیوەندیکردن و دانانی هەلی کار


چۆنێتی کارکردن:
١. خشتەیەکی ساڵانە دابنرێت بۆ دەست نیشان کردنی خولەکان و لەسەری کاربکرێت. هەموو خولێک ژمارەی فێرخوازان و کات و شوێن و فێرکەر پێشپارێز کراوە.
٢. دابینکردنی شوێن لەئەستۆی وەزارەتی پەروەردە دەبێت، واتە خۆڕاییە!
٣. کرێی فێرکەران، زۆرینەی حکومەت دابینی دەکا، هەر خولێک باجی خۆی دەبێت و هەموو فێرخوازەکان بەخۆرایی ناخوێنن.
٤. وەزارەت (کۆمەڵایەتی) پشتیوانی دەرچووانی پەیمانگا و زانکۆکان دەکات بەوەی کە نیوەی یان تێکڕای تێچوونی خولەکەیان بۆ ئەدات.
٥. لەسەر ڕێنومایی وەزارەت ڕێسای تایبەت دادەنرێت بۆ وەرگرتنی فێرخوازان، نرخی خولەکان، چۆنێتی دان و وەرگرتنی کرێ، و بەڕێوەبردنی دەزگاکە.
٦. شوێن دۆزینەوە و یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە تۆمارکراون یا لە خوولەکاندا بەشداربوون.
٧. هەموو خولێک هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی تێدایە، کە بنکەی گەشەپێدان بتوانن لەسەری نەخشەی کاری داهاتوو دروست بکەن.


هەمەئاهەنگی کەرتی تایبەت لەگەڵ ئەم دەزگایە:
ئەم دەزگایە حکومەت پشتیوانی دەکات، هاوکات هاوکاری تەواوی لە کۆمپانیا تایبەتیەکانەوە دەکرێت، لەو ڕووەوە کە:
-          هەلی کارەکانی خۆیان دەخەنە بەردەست
-          خەڵکی ڕاهێنراویان وەردەگرن بۆ کرداری و فێربوون
-          ئەگەر بوارێکی نوێیان لە کوردستاندا هێنایە پێشەوە، کەسیان هەبێ خوول و ڕاهێنان لەو بوارەدا بڵێتەوە لەم دەزگایە، بەپێی ڕێکەوتنی تایبەت، کرێی ڕاهێنەر دابینی بکا یا پێکەوە، بۆ نموونە لە بوارەکانی مۆبایل کە لە زانکۆکاندا ناخوێنرێن و دەرچووانی کۆلیژە تەکنیکیەکان بەختیان نیە تەواو شارەزا بن.

زۆر گرنگە کە ئەم هەماهەنگیە بەردەوام بێ، بێگوێندانە بچووکی و گەورەیی کۆمپانیاکان. زۆر هەلی کار هەن داوای تایبەتمەندیەک لە شارەزایانی بوارەکە دەکەن، کە بە کۆششی تایبەتی دروست دەبێ و لە خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکاندا ڕووکەشانە باس کراون. زۆرینەی بوارەکانی ئەمڕۆ لەسەر ئامێر و تەکنۆلۆجیای سەردەمیانە فێردەکرێن و بەڕێ دەکرێن. کە خوێندکاران بەکرداری لە زانکۆکاندا نەیانبینیوە، لەبەرئەوە ئەبێت کۆمپانیاکان لەم ڕووەوە دەرگایان کراوە بێ و تەواو هاوکار بن، ئەوکات تۆش کارمەندێکیان بۆ پێ دەگەیەنیت کە خواستەکانیان بپێکێت. تۆ ڕاهێنانت پێ کردون و بۆ پیشەیەک پێت گەیاندوون کە شیاو دەبن بۆی.

ئاکام و بەرچنین:
لە دیدی حکوومەتەوە، پاش هەموو ڕاهێنانێک، فێرخواز شتێکی نوێ فێربووە، ئەوکات دەتوانیت لەسەر ئەو زانینەی پێشنیاری شوێنی کارکردنی بۆ بکەیت، پشتبەست بەو هەلە کارانەی کە بەردەستن.
بوونی بنکەدراوەیەکی (database) فراوان کە کاری بەڕێوەبردنی بێکاران ئاسان بکا، دێتە پێش. ئەو سەرچاوانەی تەرخان کراون و خەرج کراون دیار دەبێت. نەوەیەک بۆ دواڕۆژ دروست دەبێ کە بتوانن کوردستان هاوشانی وڵاتانی پێشکەوتوو هەنگاو بنێ.
لە دیدی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە، هەل بدرێت بە کەسێک کە شارەزایی هەبێ باشترە، زانینێک لەگەڵ خۆی دێنێ نەک تەنیا بڕوانامەیەکی زانکۆ و بێ تاقیکردنەوەی پیشەیی، ئەم بنکەیە کەسی شیاوی بۆ پێشنیار دەکا، ڕاهێنان لەو بوارانەدا پێشکەش دەکا کە بازاڕی کوردستان دەیخوازێ.
لە تەنیشت ئەم کارانەوە، هەلێک بۆ خەڵکی تریش دێتە پێش، سوود لەو خوولانە ببین کە ئارەزوویان کردوە.

کات بۆ ئەنجامدان:
هەر لە دابین کردنی پێداویستییەکانەوە تاکوو وتنەوەی یەکەم وانەی کرداری، سێ هەفتە کاتی دەوێت.




دەکرێت ئەم پێشنیارە وەکو نموونەیەکی بچووک prototype لە شوێنێکدا دابمەزرێت و پاشان نەخشە بۆ فراوانکردنی دابنرێت

No comments :