Friday, July 01, 2011

کامیان (ASP.Net) یا (PHP)


زۆرکات ئەم پرسیارەم بینیوە لە مەکۆکانی (چاوگ، وێبچن، کوردئایتی گرووپ) دا. بە پێی شارەزایی خۆم لەو ڕووەوە، لە خوارەوە وەڵامێکی کورتم نووسیوە. ئەگەرچی پێموایە کە ئاسانی و شارەزایی دوو کاران لە خوی فێرخوازەوە دێن و دوورە لە تواناکانی (ASP.Net) یا (PHP).


هەمیشە فێرخواز دەبێت ئامانجەکەی لە پێش چاوی بێت، هەیە دەڵێ بۆ زانکۆیە و بەس دەرچم تەواو، هەیە ئارەزووی هەیە و خواستێتی هونەر بنوێنێت، هەیشمانە بۆ بازرگانییەتی و کامیان زوو هاتنە دەست و بازاڕی هەبوو ئەوە ئامانجە و بڕایەوە.
(ASP.Net) یا (PHP) هەردوکیان دوو زمانن بۆ هۆنینەوەی ماڵپەڕی بزۆک (dynamic). وەلێ هەریەکە و تایبەتمەندی جیای هەیە کە پێکانی خواستی بەکارهێنەران کۆدەکاتەوە. هەردووکیان پێوەرە بنچینەیی و پێوانەییەکانیان بەجێ هێناوە، وەکو پاراستن یان مامەڵە کردن لەگەڵ پرۆتۆکۆلەکانی ئینتەرنێتدا بە نموونە. بوونی فەلسەفەی جیا، سەکۆی کاری جیا، خاوەندارێتی و هەڵسوکەوتی پێکهێنەرەکانیان دەلاقەی جیاکردنەوەیان پێناس دەکات. لە بینایی منەوە هەبوونی کەرەسە و تێچوونی دابینکردنی سەرچاوەکانیان هاوشانی سانایی و فێربوون کارای گرنگن.
کارای خێرایی جێبەجێبوون، مامەڵەکردن لەگەڵ بنکەدراوە، مامەڵەکردن لەگەڵ بیرگە، ...هتد بابەتی تەکنیکین کە لەوانەیە ڕێژەییانە تێڕوانینیان بۆ بکرێت و پەیوەندی بە پرۆسەی فێربوونەکەوە کەمتر بێ، بەس لێی جیا نابێتەوە.


PHP  لە C و ڕێزمانەکەیەوە بناغەی گرتوە، ئەمڕۆکە برەوی تەکنیکی وێب وایکردوە کە باڵبکێشێت بۆ هەموو ئاستەکان، نەک وەکو زمانێک بۆ داڕشتنی ماڵپەڕ و ئاخاوتن لەگەڵ ڕاژەکار بەتەنها.
بە وردی ئەمانە تەماشا بکە:

١. توانا و سیفاتەکانی PHP
http://php.net/manual/en/features.php
٢. ئەرێ PHP دەتوانێ چی بکات؟
http://www.php.net/manual/en/intro-whatcando.php

فێربوونی PHP بە ڕۆژ و دووان نابێت، ئەگەر تەنها ئارەزووتە لە گۆشەیەکەوە فێر بیت، ئەوا کتێب هەیە زمانەکەت فێر دەکات و هەندێک خاڵی گرنگ کە لە بەستەری ژمارە ١ دا هاتوون، زانینی گرنگن. بەرنامەی وەکو DreamWeaver و Eclipse و هیتریش زۆرن کە کۆدەکان دەهۆننەوە و تۆش دەتوانیت لێوەیان فێربیت کە چۆن کارەکان دەکرێت.
باشی PHP بۆ فێرخواز لەوەدا دەبینم کە بۆ هەموو سەکۆ و سیستەمێکی کارپێکردن وەشانی هەیە و خۆڕاییە.
ASP.Net لە چێوەکاری دۆت نێتدا مەڵاس دراوە، زمانی ئەمڕۆی دۆت نێت (#C و VB.Net) - ئەگەرچی تەکنیکی سەکۆی دۆت نێت وایە کە توانات ئەداتێ هەموو زمانەکانی ناو سەکۆکە بەکارببەیت، واتە (C, C++, Fsharp و تەنانەت WPF و Jsharp یش)، ئەو زمانانەش گەر بتەوێت بۆ وێب کاریان پێ بکەیت هاوشێوەی (PHP) چەندین کتێبخانەی دەرەکی و تەکنیکیان هەیە، فێربوونی ئەم دوو زمانە ئاسانە ئەگەر پێشینەیەکت لە زمانی بەرنامەداڕشتندا هەبێ، بەتایبەت ئەگەر MS VisualStudio بەکاربهێنیت، کە خۆی یارمەتیدەری لەگەڵ بێنووسینی کۆد و تەنها لە ڕێگەی کرتەی مشکۆکەوە پرۆژەیەکی وێب یا بەکاربەرییەکت Application بۆ دروست دەکات. سی شارپ پتر لە جاڤا دەچێ، ئەگەر جاڤا بزانیت ئەوا تەنها گونجاندنت دەوێ لە چێوەکاری دۆت نێتدا .Net Framework، خەڵکی ڤیژواڵ بەیسک.نێت بەئاسانتر دەزانن، بەڵام چونکە هەردووکیان لە یەک چێوەکاردا هەڵدەسووڕێن، و کتێبخانەکانیان چوونیەکە، بە ئاسانی لەمەوە باز ئەدەیت بۆ ئەویتر. مایکرۆسۆفت دۆت نێتی زۆر فراوان کردوە، هەموو گۆشەیەکی وێب بەنموونە بە مۆدێلێک داناوە، بەکوردی گەر بتەوێت وێبسازی بکەیت بە (ASP.Net) ئەوا دەبێت تێگەیشتنت بە تواناکانی .Net یەکەم هەنگاو بێت.
١. ئەم دۆت نێتە چییە dotNet Framework؟
http://msdn.microsoft.com/library/zw4w595w.aspx
وەشانی ٤ چی تیایە؟
http://msdn.microsoft.com/en-us/library/w0x726c2.aspx

٢. لە MSDN فێری سی شارپ ببە:
http://msdn.microsoft.com/en-us/library/a72418yk.aspx

گرفتی ASP.Net ئەوەیە کە لەسەر هەموو وەشانێکی ویندۆز (home بۆ نموونە) کار ناکات. چونکە ڕاژەکارەکەی دانامەزرێت.  جگە لەوەی پۆڕتاڵی بۆ سەر سیستەمەکانی تریش نییە ئەگەر هەشبێ خۆڕایی نییە.


سەرەنجام، بۆمن ئارەزوو لەهەموو شتێک گرنگترە، پاشان بۆ پارە پەیداکردن و بازرگانی دەبێت لە چواردەورت بڕوانیت. بۆ کەسێک لە مشک گرتنەوە دەستی بە مایکرۆسۆفت و ویندۆز ڕاهاتبێت، دەوروبەری هەموو داوای ویندۆزی بکەن و بازاڕی بازرگانی ئەویش گەرم بێت ئەوا (ASP.NET) هەڵبژێرە. (PHP) سەرچاوەی فێربوونی زۆرترە، و زووش دەخزێیتە بواری کۆدنووسین. لە هەموو بارێکیشدا ئاسانی و شارەزایی دەکەوێتە سەر سەلیقەی خۆت و چۆنێتی فێربوون.



2 comments :

Unknown said...

دەست خۆش کاک ئاراس ، ئەمە باشە بکرێتە ویکیەکەوە . تۆش پێت وانیە؟

بژین،

arasn said...

سڵاو. کاک جوتیار هەندێک دەستکاریی دەوێت. پاش ئەوە بۆ ویکی زۆر شیاو دەبێت.
سوپاس.