لەو وڵاتەی ئێمەدا زانست چارەی گران نییە، هەموو خەڵکی وێڵن بەدوای بەرهەمی نوێی تەکنەلۆجیا، لەگەڵ ئەوەی کە کارەبا چەند کاژمێرێک هەیە، خەڵکی پارە زۆر ئەدەن بە ئامێرە نوێیەکانی گەیاندن و ئامێرەکانی ناوماڵ. بەیانی مۆدێلێکی تەلەفیزیۆن، پلەی ستەیشن یا جلشۆرێک بێتە بازاڕ، دوو بەیانی نەماوە. ئێ ئەگەر چاولێکەری و خۆ دەرخستنیش بێ، هەر پارەی تێ دەچێت.
هەر کە قوتابخانەی تایبەتی دروست کرا، هێندەی نەخایاند کە هەموو شوێنەکان پڕ بووەوە، مانگانەکەیشیان کەم نییە، ئەمەش نیشانەیەکی ترە بۆ خواستی خەڵکی بۆ فێربوونی نەوەکانیان، بێگومان ئەم نەوانە کە بە نوێترین تەکنیک و ئاکاری نوێ پەروەردە دەکرێن وفێر دەبن، گورزێکی توندە بۆ دواڕۆژی نەتەوەکە و سەرمایەیەکی پڕ بەهایە. بەڵگە زۆرن، ئەگەر ژماری بکەین کۆتایی نایەت، هەمووی ئارەزووی خەڵکی بۆ وەرگرتنی نوێترین و باشتر نیشان ئەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بەراوردی بکەین بە بوارەکانی تر، زانست و خەڵکی زانستی ون و نامۆن. نابینی دەستەیەکی زانستی خانەیەکیان هەبێ، یا کاریگەریی تەواویان لەسەر کۆمەڵگا هەبێ، یا کەسانی زانستیی لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەربکەون، یا حکومەت دوو کەسی زانستیی خەڵات بکا..یا و یا ...
لەم ماوەیەدا (قاوەخانەی کلتوری) دروست بوو، هەواڵ هەیە (قاوەخانەی هونەری)ش دروست ببێ، کاتی خۆی (قاوەخانەی ژنان)یش دروست کراوە، لەمەشدا دەبینیت زانست گۆشەگیر بووە. زۆر دڵنیام کە پێداویستیی و خواستی خەڵکی ئەو شتانە دروست دەکا، هێشتا زانست و کەسی زانستیی خوازراو نین بەو واتایەی کە ئەمڕۆ خەڵکی لێی گەیشتوون. خەڵکی هێشتا لە بازنەی سیاسیدا دەخولێنەوە و گوێی زانستییان نییە، هێندەی گوێ لە ڕۆژنامەنووسان دەگیرێت هەواڵێکی ناوچەی سەوز و پەرلەمانمان بۆ باس بکەن، گوێ لە بەرهەمهێنانی دەرمان و کەرەسەی تەکنیکی تر ناگرن، هێندەی سووربوون بزانن پارێزگار مۆڵەت ئەداتەوە بە ڕێبەر کویک یا دادگا بەچی دەگا، هێندە پەرۆش نەبوون بزانن بۆ هێڵەکانیان خاون و تەکنیکەکەیان چییە وا جاروباریش هێڵەکانیان دەوەستن؟.
بۆچوونم وابوو کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە قاوە خانەیەکیش بۆ زانست و زانستخوازان دروست ببێ، هەم زانستەکان ڕوون بکەنەوە و هەم ڕووی خەڵکی وەرگێڕن بەرەو وشیاریی زانستی. بەڵام ئێمە هێشتا بە کلتور و هونەری خۆمان ئاشنا نەبین، زانستمان گەرەک نییە، ئەوە چ کلتورێکە دەرمانی خراپ و بەسەرچوو دەهێنێتە بازاڕەکان، چ کلتورێکە خواردنی بۆگەن و بەسەرچوومان پێ دەفرۆشێت، چ کلتورێکە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی پێناسەکان دەگۆڕێت، چ کلتورێکە گوێ نە لە یاسای خوا و نە لە یاسای خەڵک ناگرێ؟.
لە ڕاستیدا مافی خۆیەتی پرس بکەم، ئەم خەڵکە هەر چا خۆر بوون، نازانم بۆ ناوەکان بووە بە "قاوەخانە" و "چایخانە" نین، تۆ بڵێی ناوەکەش مۆدێرن کرابێتەوە لە ناوی (قاوەخانەی ئینتەرنێت)ـەوە؟، چونکە من بە نیاز بووم (چایخانەی زانستی) بکەمەوە لە دواڕۆژدا، تۆ بەشداریم دەکەیت؟
3 comments :
دەست خۆش کاکە ئاراس گیان بۆ وتارەکەت ، براکەم کولتورێکی زانستی کۆمەڵگایەکی نەرم و نیان و دیموکراسی وە بەرهەم دێنێ ، چونکە بیری زانستی لە سەر بنەمای لێکۆلینەوە و گەڕان بنیات نراوە لە هەمووش گرنگ تر ئەوەیە کە ئەقلیەتی زانستی توانای قبوڵ کردنی رەخنەی هەیە هەربۆیە لە ئەنجامدا گوێگرتن بنەمایەکی تری زانستە ڕەخنە گرتن شادەماری زانست و زانایانە، کۆمەڵێک کە خاوەنی کولتورێک و فەرهەنگێکی زانست و عەقڵی بێت دەزانێت گوێ بگرێت و ڕەخنەش قبوڵ کات بێ ئەوەی کەسیش بەر شەق و زلە بدات، ڕێکەوت نیە وڵاتانی خاوەن کولتوری زانستی خاوەنی سیستەمێکی حوکمڕانی دیموکراسین. Sarkhel www.kurdi.it
دەمخۆش کاکە سەرخێڵ. سەد لەسەد لەگەڵتم.
گرفتی ئێمە ئەو فەرامۆش کردن و بە هەند وەرنەگرتنەی زانستە. سوپاس بۆ لێدوانەکەت.
کێشەکە لەوەدایە هەموو کارێک تا سەربگرێت پێویستی بە پارەیە گەر دروستیش ببێت لەوانەیە ئەو گەشەکردنەی نەبێت کە پێویستە و ساڵانێکی زۆری بوێت ئەوە لەکاتێکتدا گەر پشتگیری مادی شوێنێک یان دامەزراوەیەکی راستی بکرێت لەوانەیە بە چەند ساڵێک نەوەیەک بگۆرێت بەڵام زۆربەی سەرمایەدارەکانی ئێرە روویان لە کاری عەقارات و کافتریا کردنەوە و کڵەبی شەوانە کردووە چوونکە خەڵکەکە حەزی بەو شتانەیە، گەر دامەزراوەیەکی زانستی هەبێت دەبێت بە پارە بەرێوە بچێت تاوەکو ئەو خەڵکە کەمەی هەیە زیاد ببن و کاریگەریەکی باشیان لەسەر کۆمەڵگە هەبێت.
Post a Comment