Sunday, December 31, 2023

ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی ژیریی دەستکرد



ئەتوانم بڵێم "ژیریی دەستکرد" وەکو زاراوە، پێشڕەوی هەموو ئەوانی ترە لە ساڵی ٢٠٢٣ دا. لە ٢٠٢٣ دا ژیریی دەستکرد کە ساڵانێکی زۆرە لە توێژینەوە و جیهانی تەکنۆلۆجیادا ناسراوە و بەرجەستە دەکرێت، بووە دەستکەلای هەموو کۆمپانیا و پەرەپێداران لە جیهاندا، هاوکات مانا و کاریگەرییەکانی لای خەڵکی ڕوونبووەوە، بەشێوەیەک کە کەس نیە داهاتوو بێ ژیریی دەستکرد ببینێت.

(چات جی پی تی ChatGPT) لە ماوەیەکی زۆرکورتدا توانی وێبدۆزی بگۆڕێ. ئەگەر چی  چات جی پی تی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دا ئاشکرا کرا، بەڵام لە مانگی شوباتی ٢٠٢٣ دا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان چالاککرا و لەکاتێکی پێوانەییدا بووە ڕێبەر. ئەمڕۆکە بۆتەکان یاریدەرەی سەرەکین لە وێبدا، لە ڕێی ژیریی دەستکردەوە گۆرانی و مۆسیقا بەرهەم دەهێنرێن، سەمفۆنیای بیتهۆڤن کە چەندین ساڵ بە نیوەماوەتەوە تەواو دەکرێ.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی IDC حکومەتەکان و کۆمپانیاکان زۆرتر لە ٥٠٠ ملیار دۆلاریان بۆ ژیریی دەستکرد تەرخان کردووە. بۆ یەکەمین جار ئەوروپا ڕیسا و یاسای دانا بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرهەمەکانی ژیریی دەستکرد و بەکارهێنانیان لە ژیانی ڕۆژانەدا.

لە ساڵی ٢٠٢٣ دا بابەتی (چات جی پی تی ChatGPT) لە ویکیپێدیا نزیکەی ٥٠ ملیۆن جار کرتەی لێ کراوە، گەڕان بۆ وشەی ChatGPT پێشەنگە لە گوگلدا. بۆرسە و نرخی هاوبەشەکانی ئەو کۆمپانیایانەی لە ژیریی دەستکردا چالاکن، لە جیهانی ئابووریدا بەهێندەی ١٠ جار بەرزبوونەتەوە، کۆمپانیاکانی ئەم بوارە (وەکو مایکرۆسۆفت، نڤیدیا، و هیتر) زۆرترین دەستکەوتیان هەبووە.

نەک تەنیا حکومەتەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان، بەڵکو کۆمپانیا و دامەزراوە بچووکەکانیش پێیان لەناو بوارەکەدا چەقاندووە و ژیریی دەستکردیان کردووە بە بەشێکی لێک دانەبڕاو لە نەرمەواڵەکانیاندا. بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، لە ٥ ساڵ و بگرە کەمتردا، کەس ناپرسێ ئاخۆ ئەم بەرنامەیە ژیریی دەستکردی لەگەڵە یان نە.

پرۆژەکانی chatgpt-4 و گوگل (وەکو Gemini) نەک تەنیا لە دەق دەگەن، بەڵکو دەتوانن وێنە و ڤیدیۆش وەربگرن و وەڵامیان بدەنەوە. بە دەق و بە دەنگ و بە ڤیدیۆ وەڵام هەڵدەهێنجێنن و پێشکەشی بەکارهێنەرانی دەکەن.

ئێمەی کورد لەم ڕووەوە، بەهۆی وەرگێڕانەکان لەلایەک و جێگیربوونی زمانی کوردی لە سیستەمە جۆربەجۆرەکاندا تا ڕادەیەک لەم ڕەوتەدا بوونمان هەیە، زۆر پرۆژەی تاکەکەسی و گروپ هەن کە دەبنە بەردێک بۆ جێکردنەوەی زمانی کوردی و بێبەش نەبوونی کورد لەو هەڵمەتەدا. بێگومان وەکو جوانەمەرگ (ئاسۆی نادری) دەیوت، کار نیە نەتوانرێت باشتر نەکرێت، لەم ڕووەوە هەرەوەزی  نێوان گروپەکان و برەوی کاری زانکۆکان لە ژیریی دەستکردا پێویستن. بەردەوامی پرۆژەکانی حکومەتی هەرێم لەبواری دیجیتاڵکردن و نەهێشتنی ڕۆتین و گەندەڵی پێویستن و زۆریش بەپێویستی دەزانم کە وەزارەتێکی تایبەت بۆ تەکنۆلۆجیا و زانست تەرخان بکرێت لە کابینەی داهاتووی حکومەتدا.

لە دوا پۆدکاستی چاوگ لە ساڵی ٢٠٢٣ دا باسی ئەو بابەتانەمان کرد کە ئەمڕۆکە بەزەقی لە دونیای تەکنۆلۆجیادا پێشبڕکێی بۆ دەکرێت و ڕاستەوخۆ ژیان و گوزەرانی خەڵکی دەگۆڕێت: ژیریی دەستکرد، ژیانی گریمانەیی، گۆڕینی تویتەر بۆ ئێکس و هیتر.

پێم وایە ساڵی ٢٠٢٤ ساڵێکی ئاسان نابێ بۆ کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کە هێشتا لە بازنەی بڕیاردان و کۆچکردن بەرەو دونیای دیجیتاڵدا دەسووڕێنەوە قەتیس ماون. ساڵێکی ئاسان نابێت بۆ ئەوانەی لە پێشبڕکێی ژیریی دەستکردا شکستیان خواردووە، ئیدی چ بەهۆی نەشارەزاییەوە بێ یان چ بەهۆی بڕیاری هەڵە. زۆر لە کۆمپانیا گەورەکان لە بوری پیشەسازیدا ٢٠٢٤ بە ئاڵۆزی و داڕمانی ئابووری ناو دەبەن (وەکو فۆلکس واگن، سیمێنس، بۆش).

ئەمساڵ ژیریی دەستکرد لە هەڵایەکی گەورەوە دەبێتە ئەرکێکی نوێ بۆ ئەندازیاران، بۆ هەموو ئەوانەی نەخشەی پێشکەوتن و دارایی دامەزراوەکان دەنەخشێنن. هەروەها هەڵە تێگەیشتنی خەڵکی لە دروستکردنی ترس و ئایندەی چاوەڕواننەکراو شی دەبێتەوە و وەکو کۆرۆنای لێ دەێت و لەگەڵیا دەژین.