Thursday, September 26, 2024

لە داهاتوو بەگومان بە و مەترسە


جاران ڕادیۆمان دەکڕی دوای مانگێک دەمان کردەوە، هەم بۆ پیل گۆڕین و هەمیش بۆ سەیری پشتەکەی و پاککردنەوە، ئەو دەمە، کەم لە ئێمە خەیاڵی بۆ تەقینەوە و سووتانی لە پڕی  ئامێرەکان دەچوو.

لەگەڵ هاتنی مۆبایل و دواتر تەلەفۆنی هۆشمەند، زەبری دابینکاران لەسەر نەمانی گەرەنتی و دەستوەردان لە باتری و ناوەکەی بڤەیە، وای کرد کە نەزانین ئەمەی بەردەستمان چی لەناخدایە، بیرمە لاوێکی گەنج ئایفۆنی کردەوە و تەماشای کردبوو وایەرێکی تیایە کە هۆکارە لە قەدەغەکردنی تەلفۆنەکەی لەگەڵ کارگێڕیی دابینکاری تردا، چونکە زۆر لە ئامێرەکان دابینکاری هێڵەکە دەیبەخشن بەو مەرجەی کە سیمکارتی ئەوان بەکار بهێنیت بۆ ماوەیەکی درێژ، ئەو کوڕە لاوە هەڵای نایەوە و ئەپڵ و دابینکارەکەی خستە جێی گومان، چونکە ئیدی دەتوانترا بە ئاسانی ئەو وایەرە لاببرێت و مۆنۆپۆلی دابینکارەکە بشکێنرێت.


پەیجەرەکانیش (Pager) بەر لە تەقینەوەی کەس نەبووە بزانێت ناوەکەی چیە و چۆنە، هەر بۆ ئارەزووش گەنجێک نەبوو کە بیکاتەوە و ناوەکەی لە تۆز و خۆڵ پاک بکاتەوە!، بەڵام دوای تەقینەوەکان هەموو بوونە شارەزا و تۆزی تەقینەوە و ماددەی تریش دەدۆزنەوە. بەگوێرەی بەدواچوونەکان، دروستکەری ئامێرەکە ماددەی تەقینەوە و هۆکاری بۆ ڕەخساندووە کە بتوانێت لەساتێکدا کاری خۆی بکا. بۆ مۆبایل و تەلەفۆنی هۆشمەند کە بەردەوام هەوڵیانە ملیمەترێک پاشەکەوت بکەن و کێش و شوێنی پارچە و تەڵەزمەکان جێگیر بن و بچووک بن، زەحمەتە ئەو کارە بکرێت، بەدووریشی ناگرم. 

حەقی خۆیەتی گومانت لا دروست بێ. بۆی هەیە لەداهاتوو، ئەمەی ئەمڕ دەبینرێت ئاوێنەیەکە بۆ چۆنێتی هێرشی ئەلیکترۆنی دادێ. ئەگەر ئەمڕۆ باروود و خۆڵی تەقینەوە لە ئامێری والکی تۆلکی و پەیجەردا دابنێن، بۆی هەیە سبەینێ لە کۆمپیوتەر و مۆبایل و ئۆتۆمبیل ..هتد دای بنێن. مانەوە و دەسەڵات ڕەوشتی لە بەرجەستەکردنی تەکنیکەکانیشدا نەهێشتووە.


ئەمڕۆکە تەلەفۆنی هۆشمەند تەنیا تەلفۆن و کامێرا نین، تەنیا جێدۆز و کەرەستەیەکی یاریکردن و کات بەسەربردن نیە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، تەنیا ئامرازێک نییە بۆ پارە پەیداکردن و خۆناساندن بە جیهانی دەرەوە، بەڵکو بۆ زۆر لە حکومەتەکان ئامێرێکی چاودێری و سیخوڕییە لەسەر گومانلێکراو و تاوابنارەکانیش، ئامێرێکە کە بۆی هەیە کۆمپانیای پیشەسازی و بەهەمهێنی خۆراک لەڕێگەیانەوە دەست بگرن بەسەر شێوازی ژیان و خواردن و کردنماندا، ئامێرێکە ڕۆژانەی ژیانمان کۆنووس دەکات و داتاکانمان بە دەنگ و ڕەنگ و دەق کۆگا دەکا. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکار و هەڵسوڕانی تایبەت هەن کە دەتوانین بیگرینە بەر، خۆ لەبەر دزینی داتاکان کە س باکی نەبووە و ئامێرەکەی دانەناوە، بگرە تیکتۆکیش دەکا.


ماوەی پێشوو فەنتازیای هۆلیوود و زۆر لە میدیا جیهانییەکان ژیریی دەستکرد و داهاتوویان دەکردە پەڵەهەوری ڕەش، دەمێ دەسەڵات بە مرۆڤ نەدەما و دەمێک بێکاری و نەمانی پیشەکان و جێگرەوەیان بە ڕۆبۆت دەبوونە باسێکی گەرم و ڕێ لادەر. لەگەڵ ئەوەشدا ژ.د ناکرێت بەهەند وەرنەگیرێت و کاری بۆ نەکرێت، چ لەمڕۆدا و چ لە داهاتووشدا سەدان شارەزا و ئەندازیاری کارامەی پێویستە کە دڵسۆزانە سەنگی مەحەکی ژ.د لەسەر ڕێی خۆی بچەسپێنن. یەکێک لە دیارترین کارەکانی ڕۆبۆتەکان و ژ.د خۆکاریکردنە، ئیدی تۆ خەمی سات و کارگێڕی شتەکانت نامێنێت، ئەو وەکو کاژێر پاش و پێش ناکا و بەردەوامیش دەبێ تاکو تۆ دەیوەستێنیت، کە ترس و گومانت هەبێ لێی ئیدی ڕۆبۆتەکان بایەخیان چییە و چۆن کاری پێ دەسپێرین؟ بێگومان تاکو هاژەکێک گەیشتە   خولگەی دەرەوەی زەوی، چەندین دانە تەقینەوە و لە ئاسماندا هەڵپروکان، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکان و کەوتنەکان بوونە فەراهەمکردن و ڕاستکردنی هەڵەکان و بەردەوامبوون. لێرەدا ترس بوونی نەبوو، بەڵام گومان لە سەرنەگرتنی هەوڵی داهاتوو هەڵەکانی پێشووی نەهێشت.


دی ئێن ئەی ئێمە بۆ ئەوە تایبەتمەندیی هەیە کە گرنگییەکی ورد بە ترسەکان بدەین چونکە لە ڕابردوودا مانەوەمانی مسۆگەر کردووە

ماریۆ هێرگەر Mario Herger


ترسی ئێمە لە شتی نوێ ئیفلیجمان دەکات بەرانبەر گەشەی تەکنۆلۆجیا. ئەم ترسەش لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە و لە کۆمەڵگادا لەنێوان ئەندامەکانیدا ئاڵوگۆر دەبێ. گوتاری ترس و گومان لەلایەن کەسانی گوایە پسپۆڕەوە پەخش دەبن کە هۆشداری دەدەن لە تەکنۆلۆجیا نوێیەکان لە میدیاکاندا، ڕووداوەکانی دەوروپشتیشمان هەندێکی وەکو خۆی ناگات. لەبەرئەوەی وەکو خەڵکی ئاسایی خۆمان متمانەمان بە خۆمان نییە بۆ حوکمدان و بڕیار، دەبینیت سڵ دەکەینەوە و تەنانەت نامانەوێت ئەم تەکنۆلۆجیایانە بەکاربهێنین یان لەو کۆمپانیایانە کاربکەین کە بەرهەمیان دەهێنن. 

لە ڕاستیدا گومان وامان لێ دەکات کە وردتر شتەکان ببینین و باشتر خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، ئەگەر گومان هەبێت بە ئەندازەیەک، ئەوا پەسەندە. ئەگەر بمانەوێ لە خولی بەکارهێنەرەوە بچینە ناو بەرهەمهێنان پێویستە سەرکێشی بکەین و لە شکستەکاندا کۆڵ نەدەین. ئەوەی گرنگە گۆڕانکارییەکی گشتییە لە هۆشیاریدا، ئامادەیی زیاتر بۆ وەرگرتنی مەترسی و سۆز لە تاکەکانی کۆمەڵ کە دەتوانن بەهرەبەخش بن بۆ ئەوانی دیکە لە بوارە زانستییەکاندا. پێویستە لەبیرمان بێت جیهان لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا چەندین پێشکەوتنی بەدەستهێناوە و ڕەوڕەوەی گەشەکردنیش بەردەوامە. با واز لە سۆز بۆ ڕابردوو و ترس لە داهاتوو بهێنین بەو ڕوانگەیەی کە دەتوانین لە ساڵانی داهاتوودا سەرکەوتنی باشتر بەدەست بهێنین بۆ نەوەی داهاتوو.