من لێرەدا باسی بواری پەروەردە دەکەم و لە چۆنێتی چەسپاندنی بڕیارەکە و کارە تەکنیکییەکانی ناکۆڵمەوە. تاکو لە پاشبنەمای بڕیارەکە تێبگەیت، پێشوەختە ئامارەکانی ئوسترالیا بخوێنەوە[٢]، پاشان قسە و بەراورد لەسەر تەکنیکەکان و ئاستی گونجاوی ڕاژەکان بۆ ژێر ١٦ ساڵ بهێنە بەر باس، لەبیریشت نەچێ کلتور و ڕاهاتنی خەڵک و کۆمەڵگاش دەبێت لەبەرچاو بگریت، زۆر لە بەڵگە و بەهانەکان بەندن بە جوگرافیا و پرسە کۆمەڵایەتییەکان[٣].
لێکەوتەکانی چاوەڕوان دەکرێت بریتین لە:
|
لێکەوتەی
پەروەردەیی |
سوود |
|
فێربوون و سەرنجدانی
باشتر لە پۆلدا، بەرزکردنەوەی ئاستی فێربوون. |
تەندروستی دەروونی
باشتر دەبێ و بەهۆیەوە سەرنجدان لە ئەرک و وانەکان زیاتر دەبێت. |
|
دەوڵەمەندکردنی کاری هونەری، وەرزش و هاریکاریی یەکتر. |
کاتی زیاتر بۆ
چالاکییەکانی دەرەوەی تۆڕەکان دەمێنێتەوە. |
|
دەرفەت بۆ فێرکردنی
ڕەفتاری بەرپرسیارانەی سەرهێڵ باشتر دەبێ |
گواستنەوە بۆ
فێرکردنی شارەزایی دیجیتاڵی دەبێتە ڕەوتێکی بێ پەستان. |
لایەنە ئەرێنییەکان (هۆکارەکانی سەرکەوتن)
١. باشترکردنی ژینگەی فێربوون: سوودە ڕاستەوخۆکان وەک "تەندروستی دەروونی باشتر و سەرنجدانی زیاتر" کە دەبێتە هۆی "فێربوون و سەرنجدانی باشتر لە پۆلدا" بە شێوەیەکی بنەڕەتی جۆرێتیی (کوالیتی) ڕەوتی فێربوون بەرز دەکاتەوە.
٢. پەرەپێدانی گشتگیر: زیادبوونی کات بۆ "چالاکییەکانی دەرەوەی هێڵەکان" (وەک هونەر و وەرزش) دەبێتە هۆی "دەوڵەمەندکردنی ئاستی هونەری، وەرزشی، هاوکاریکردنی یەکتر"، کە پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و جەستەیی خوێندکاران تەواو دەکات.
٣. بنیادنانی ڕەفتاری بەرپرسیارانە: گواستنەوەی فێرکردن بۆ لای "شارەزایی لە ڕاژەکانی دیجیتاڵدا" دەرفەتێکی زێڕین دەڕەخسێنێت بۆ فێرکردنی "ڕەفتاری بەرپرسیارانەی سەر هێڵ" لە ژینگەیەکی کۆنترۆڵکراودا. واتە تەکنۆلۆژیا بە هۆش و زانینەوە بەکاردەچێ و هەڵپە بۆ سوودوەرگرتن لێیان لە فێربوونەوە دەبێ.
ئەگەرچی ڕاپۆرتی ناوخۆیی ئوسترالیا دیمەنێکی ترمان پیشان ئەدات، بەتایبەتی کە هێشتا زۆر لە (سەکۆکان platforms) ئامادەباش نین بۆ بەربەستکردنی ڕاژەکەیان بۆ بەگوێرەی تەمەن و لێپرسینەوەیان نییە بۆ دروستی (دراوەکان data)ی بەکارهێنەر[٤]. هاوکات هەندێک لە هەرزەکاران بە ڕەوتێکی (نەمانی هیوا anti-climactic) ناوی دەبەن و خۆزگەیانە لە بری قەدەغەکردن بیر لە (شێوەگۆڕین reform) و چاککردنی تۆڕەکان بکرێتەوە.
بەشێوەی درێژخایەن، ئەم بڕیارە پێشکەوتنێکی بەرچاوی لەسەر (جۆرێتی quality)ی فێربوون و ژینگەی پۆل دەبێت. بەڵام کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە گۆڕینی گەورە لەسەر پڕۆگرامەکانی پاراستن و پاڵپشتی کۆمەڵایەتی بکرێت، تاکوو قەرەبووی ئەو شتانە بکرێتەوە کە خوێندکاران لە سۆشیال میدیاوە وەریان دەگرت.
پێویستە هاوشانی ئەو بڕیارە وشیاریی لە پاراستنی دراوەکان و مافی تاکەکەسی ناو تۆڕەکان پەخش بکرێ بۆ هەموو، بەرنامەی پێشوەختەی پارێزگاریکردن و سەلامەتی دیجیتاڵی دابنرێت لەپێناوی:
١. بنیادنانی بەرگری (Building Resilience): نەک تەنها قەدەغەکردنی مەترسی، بەڵکو فێرکردنی قوتابی و فێرخوازان بۆ ناسینەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکان کاتێک ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
٢. وشیاری یاسایی وئیتکی (Legal and Ethical Awareness): فێرکردنی سنوورەکانی یاسا و ڕەوشتی دیجیتاڵی (بۆ نموونە مافی خاوەندارێتی و سوکایەتیپێکردن).
٣. فێرکردنی هاوکاری (Fostering Help-Seeking): هاندانی فێرخوازان کە کاتێک ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە (وەک گاڵتەپێکردن یان هەڕەشە)، بە خێرایی داوای یارمەتی لە کەسانی متمانەپێکراو (مامۆستا یان دایک و باوک) بکەن.
لە ئەوروپا تا ساڵی ٢٠٢٤ وەتسئەپ لە تۆمارکردندا ١٦ ساڵ کەمتری وەرنەدەگرت، ٢٠٢٤ گۆڕی بۆ ١٣ ساڵ تاکو لەگەڵ گۆڕینەکانی دوای (کۆرۆنا، کۆڤید١٩) بگونجێ، چونکە زۆرینەی قوتابخانەکان گروپ و ژووری پەیوەندییان لە وەتسئەپدا دروست دەکرد تاکو ڕەوتی خوێندن و پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان قوتابیان دانەڕمێت[٥]. لەگەڵ ئەوەشدا خۆ زۆرکەس دەچوون ڕێکەوت و لەدایکبوونی هەڵەیان دەنووسی. تیکتۆک لە ١٣ ساڵانەوە ڕێگە بە هەژماردروستکردن ئەدات، بەڵام هەندێک تایبەتمەندی وەکو دوێت و بڵاوکردنەوە و هیتر تا ١٦ ساڵ قەدەغە دەکات، بەهەمان شێوە بۆ ئینستگرام و ئەوانیتر. ئەمانە بەگۆڕینی لەدایکبوون لێکۆڵینەوەی تر ناکەن، کە ئوسترالیا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی پەستان لە وردبوونەوە و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد دەکات بۆ ئەو مەبەستە، بۆ نموونە لە ڕێگەی ناسینەوەی دەموچاو یان هەژمار لەسەر پێناس دروست بکرێ.
زۆرینەی تۆڕەکان لەسەر یاسای (پاراستنی تایبەتمەندیی منداڵان لە سەرهێڵدا Children's Online Privacy Protection Act) کارگێڕن، کە بە کۆپا (COPPA)ناسراوە. هەندێک لە وڵاتان بەوەش قایل نەبوون و شێوازی تر و ڕێسای تریان تێکەڵ کردووە، تاکو هاووڵاتیانیان بپارێزن و سوودمەند بن لە تەکنۆلۆژیا نەک پێچەوانەکەی.
بۆ ئێمەش لە کوردستاندا، گرنگە بەڕەچاوکردنی تایبەتمەندییەکانی گەلەکەمان بیر لە دانانی پاڵفتەکردن و ڕێگەپێدان بکەینەوە، لەسەر هزری کۆمەڵایەتی و توێژینەوەی نوێ بڕیار بدەین و ڕێسای تایبەت داڕێژین. خۆ ئەگەر ئەوە نەکەین و بەرەڵایی بەردەوام بێ، زۆر لە بەهرەی داهێنان دەپوکێتەوە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ناو قوتابخانە و هاوڕێیەتی دروست دەکات.
ئەگەر پەرلەمان و حکومەتیش کەمتەرخەم بن لەم ڕووەوە، دەکرێت ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕاسپاردە و ڕێنوێنی دروست و تەواو بڵاو بکەنەوە، تاکو بەگوێرەی تەمەن و پەروەردەی دروست ڕەفتار لەگەڵ تەکنیکدا بکرێ، کاتێک یوتیوب بەشی بۆ منداڵان هەیە، پێویست ناکا منداڵەکەت دەستی بگا بە هی تەمەن گەورە، کاتێک ئایفۆن و سامسۆنگ لە ئامێرەکانیاندا ڕیگە بە باوان ئەدەن کۆنترۆڵی ئامێری منداڵەکانیان بکەن، ئەوا لە دەستی مەدەن و خەم سارد مەبن. فرسەتەکان بۆ پاراستنی منداڵەکەت لە بن دەستی خۆتدایە، پەروەردە و فێرکردن مەدە دەست ئامێر و خولیای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.
--------------------------------------------------
ژێدەرەکان
[١] لە نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٢٤ەوە لەسەر ئەم پرسە توێژینەوە و گفتوگۆی کراوە دەستی پێکرد. سەرەنجام (YouTube, Instagram, Facebook, Threads, TikTok, Reddit and Snapchat) بۆ منداڵ و هەرزەکار داخرا.
[٢] بڕوانە پهد و لێکدانەوەکانی حکومەتی ئوسترالیا.
[٣] گوێ بگرە لە (Why did Australia ban social media for kids under 16?).
[٤] ڕاپۆرتێکی کورت: هێشتا هیچ نەگۆڕاوە (Australia's grand social media experiment is finally live. Teens say nothing has changed).
[٥] بڕوانە گاردیان : (Anger from campaigners as WhatsApp lowers age limit to 13 in UK and EU).
[٦] بڕوانە (A Shift in Child Online Protection?).
[٧] ویکی: لیستی تایبەتمەندێتی وڵاتان (Social media age verification laws by country).
