Sunday, December 07, 2025

بۆچی داهێنان دەپوکێتەوە: خولانەوە لە هەمان بازنەدا


زۆرکات وێنەکان دووپات دەبنەوە، کە تەماشای دۆخەکە دەکەیت، دەبینیت هەمان دەموچاوەکانی پێشوون، پار و پێرار و بەسرپێراریش هەر ئەمانە بوون، ئێ خۆ بە تێپەڕبوونی کات سەلمێنراوە ئەمانە بەهرەمەند نین و شیکاریان بۆ دۆخە قەتیسماوەکان نییە. تەنانەت ڕێیان نەداوە خەڵکی تر بێتە پێش و بیرۆکەی نوێ بهێنن.

لەم بازنەیەدا، ئەوەی بەو جۆرە هەناسەیە ڕێی پێ ئەدرێ، لە ڕۆتینێکی دووپاتبووەدا دەمێنێتەوە، چونکە هەمان وێناکردن بەڕەنگێکی تر سواخ ئەدات.


ترسی کۆمەڵایەتی و سزای بیرکردنەوەی جیاواز

بوێری لە بیرکردنەوە و لێکدانەوەی کراوە بریتییە لە ئامادەیی بۆ ناکۆکی، ڕووبەڕووبوونەوە، یان پرسیارکردن لە دۆخی ئێستا لە ژینگەیەکدا کە ئەنجامدانی ئەم کارە مەترسی کۆمەڵایەتی هەڵدەگرێت و دەتوانێت ببێتە هۆی شەرمەزارکردن، پەراوێزخستن، و تەنانەت سزادانیش. 

کاتێک ورەی بیرکردنەوە نامێنێت، ڕێکخراوەکان نەخشەی کوێربوونی بە ئەنقەست پەرەپێدەدەن. بیرۆکراسی بوێری دەخنکێنێت. لێهاتوویی داهێنان دەخنکێنێت. بەم شێوەیە دۆخی ئێستا کە چەسپاوە، بە چەقبەستوویی دەمێنێتەوە. بۆ نموونە لە پرسی دیجیتاڵکردندا، زۆر کۆمپانیا ڕەتیان کردەوە ئاسانکاری بۆ گۆڕینی دیجیتاڵی بکەن، چونکە کارمەندە باڵاکانیان لە لێکەوتە نادیارەکانی ئەم گۆڕانکارییانە دەترسان، دیارە ڕێی خەڵکانی تریش دەگرن.

لەمەوە، تۆ ناتوانی چاوەڕێی داهێنان و بیرۆکەی نوێ بیت لە کاتێکدا تیمەکەت یان کارمەندەکانت خەسێنراون و لەژێر پەستانێکی دەروونی بەردەوامدا بن.


دروستکردنی کولتوری بوێری فیکری لە ئەستۆی بەڕێوەبەران و سەرکردایەتیدایە. وەک لێپرسێک یا سەرکردەیەک تۆ ڕەوتێک دادەنێیت و کەشوهەوا دروست دەکەیت و ڕێساکانی باو دادەمەزرێنیت. ئایا دامەزروەکەتان خاوەنی کولتوری بوێری فیکرییە یان نا، ئەوە بەندە بە توانای تۆوە بۆ دروستکردنی کولتوورێک کە بوێری پاداشت بدرێتەوە نەک سزا بدرێت.


کەواتە چۆن داهێنان بگەڕێنینەوە؟

وەکو لێپرسراو یان سەرۆکی تیم: 

کەشێکی کراوە پێک بهێنە، تەنها پاداشتی ئەنجامە سەرکەوتووەکان مەکە، بەڵکو بوێری لە پرسیارکردن و تاقیکردنەوەی نوێ بە بەهایەکی گەورە دابنێ و خۆت کارایەک بە بۆ بەرجەستەکردنی.

ئاسایشتی دەروونی فەراهەم بکە، تیمەکان دەبێت دڵنیا بن کە شکستیان (ئەگەر لە پێناو فێربوون بێت) نابێتە هۆی سزادانیان. پێویستە ڕێگەیان پێ بدرێت بڵێن: "من هەڵەم کرد" بە بێ ترس.

بیر لە دانانی ڕێگە بۆ دەنگە نەبیستراوەکان بکەرەوە، لە دروستکردنی کەناڵی نهێنی یان کاتی تایبەت بۆ پێشکەشکردنی ڕەخنەی بنیاتنەرانە کە دەرچوون لە بیرۆکەکانی دەرەوەی بازنە چەقبەستووەکە زامن دەکات.


ئایا لە دامەزراوەکەتاندا چۆن مامەڵە لەگەڵ هزر و بیرۆکەی جیاوازدا دەکەن؟