![]() |
| بە ژ.د |
لە زۆربەی دۆخەکاندا:
- کارمەند هەست ناکات کە لە ناو دامەزراوەکەدا (سیستەمەکەدا) شوێنی دیاریکراوی هەیە.
- نە دەزانێ چی لێی داواکراوە لە ماوەیەکی درێژخایەندا.
- نە ڕوونە بۆی کۆمپانیا بۆ کوێ هەنگاو دەنێ و ئەو چی ڕۆڵێکی تێدا دەبینێت.
لە لایەکی ترەوە، کۆمپانیاکانیش:
- زۆرجار کارمەند تەنیا وەکو «سەرچاوەی مرۆیی» دەبینن، نە وەکو هاوبەشێک.
- بە شێوەیەکی ڕوون قەدری کۆشش و دڵسۆزی ناکەن.
- پلانێکی دیاریکراوی گەشەپێدان و گەورەبوونی زانینی کارمەندی نییە.
ئەنجامی ئەم دۆخە، مانەوەی کارمەندەکانە نەکو بە دڵ، بەڵکو بە ناچاری؛ چونکە هێشتا هەڵبژاردەی باشتری نییە، یان کۆمپانیاش توانای گۆڕینیانی نییە.
گرێبەستی ڕەسمی بەراورد بە گرێبەستی هەستی
کاتێک کۆمپانیا کارمەندێک دادەمەزرێنێت، تەنیا گرێبەستێکی یاسایی واژۆ ناکرێت؛ بەڵکو دەبێت گرێبەستێکی هەستی و ئیتکی دروست بکرێت. ئەمە واتە:
کۆمپانیا هەستی ئەوە بدات کە: «تۆ ئیتر ئەندامێکی ئەم دامەزراوەیە، نە تەنیا کەسێک بۆ ئەنجامدانی ئەرکێک.»
کارمەندیش لە یەکەم ڕۆژەوە:
- مەرامی خۆی ڕوون بکاتەوە،
- ویستەکان و سنوورەکانی بڵێت،
- وەک هاوبەشێک هەڵسوکەوت بکات، نە تەنیا وەک مووچەوەرگر.
کاتێک ئەم دوو لایەنە قایل بن، بەرهەمهێنان بە گڕ و تینەوە بەردەوام دەبێت، چونکە هەردوو لا هەست بە بردنەوە دەکەن.
لە باشترین حاڵەتدا کە هەردوولا براوە بن (Win–Win)
لە چاوی کۆمپانیاوە:
- کارمەند مووچەی دیاریکراوی هەیە.
- شوێن و ڕۆڵی ڕوونی هەیە لە ناو تیم و دامەزراوەکەدا.
- ئەرک و لێپرسراوێتییەکان دیارن.
- مافەکان بەپێی گرێبەست و یاسا پارێزراون.
لە چاوی کارمەندەوە:
- دەزانێ چی لێی داواکراوە و بۆچی.
- بەرهەمی کارەکەی دەناسێت و کاریگەرییەکەی دەبینێت.
- بە ئامانج و ڕووناکبیری کۆمپانیاکە ئاشنایە.
- نەخشەیەکی هەیە بۆ گەشەپێدانی زانین و پێگەی خۆی.
- لە مووچە، کات، و هەلومەرجەکان قایلە، چونکە هەست بە دادپەروەری دەکات.
قۆناغی مەترسیدار: کاتێک دوودڵی دەست پێدەکات
کێشەی سەرەکی لێرەدا دەست پێدەکات؛ کاتێک کارمەند دوودڵ دەبێت لە هەموو یان بەشێک لەو خاڵانەی سەرەوە، ئیدی
- خۆی بە نامۆ دەبینێت لە شوێنی کار.
- خاوەنکار یان بەڕێوەبەر وەکو نامۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
- پەستان زیاد دەبێت، بەبێ گفتوگۆی ڕوون.
- متمانە لاواز دەبێت.
- بۆی هەیە بەرهەمهێنانیشی دابەزێت.
لەم قۆناغەدا:
- کارمەند چیتر خۆی وەکو ئەندامێکی دامەزراوەکە نابینێت،
- بەڵکو بیر لە وازهێنان، گۆڕینی شوێن، یان دەرچوون دەکاتەوە.
- هێشتا کارەکەی دەکات، بەڵام بێ ڕۆح و بێ دڵسۆزی.
- خاوەنکاریش دەبینێت کە بەرهەم هەیە، بەڵام تێدەگات کە ئەو بەرهەمە پایەدار نەماوە و گومانی زۆر دەبێ.
لە زۆربەی ئەم حاڵەتانەدا، لەبری: گفتوگۆ، ڕاستگۆیی، و هەڵەدۆزیی هاوبەش، هەردوولا جیابوونەوە هەڵدەبژێرن، کە زۆرجار زیانە بۆ هەردوو لایەن.
کورتەی قسە
کۆمپانیا و کارمەند ئەگەر تەنیا لەسەر کاغەز هاوبەش بن، مانەوەیان درێژ نابێت. هاوبەشی ڕاستەقینە پێویستی بە: متمانە، ڕووناکبیری، قەدرگرتن، و گفتوگۆی بەردەوام، گفتوگۆیەک کە کارمەند بەشدار بێ لە بڕیاردان و بێبەری نەکرێ لە نەخشەی داهاتووی دامەزراوەکە.
بێ ئەمانە، هەر گرێبەستێک تەنیا کاتییە.
