بوونی ئامانج (گۆڵ goal) واتە هەبوونی ئاڕاستەیەکی دیاریکراو لە ژیانتدا. بێ بوونی ئامانج، هەوڵەکان بە فیڕۆ دەچن و هەست بە بێ مانایی دەکەیت، ئەگەرچی ئاکامی باشیشت هەبێ.
ژیان وەک یارییەکە؛ ئەگەر گۆڵت دیاری نەکەیت، بردنەوە ڕوون نییە. ئامانج، تەنها پارە و پلە نییە؛ بەگەیشتن پێی ئارامی دڵ و باوەڕ بەخۆبوونی لێ بەدەست دەهێنرێت، لەبەرئەوەیە هەر ئامانجێک پێویستی بە هەوڵ، بەردەوامی و ئاراستەی دروستە بۆ پێکانی، بێگومان ئامانجەکان پێویستە ڕاستگۆیانە و گونجاو بە توانا و نرخەکانت بن.
سێنیکای فەیلەسوف دەڵێت: "ئەگەر مرۆڤ نەزانێت بەرەو کام بەندەر کەشتی لەنگەر دەگرێت، هیچ بایەک بۆ ئەو لەبار نییە."
ئەرستۆ (فەیلەسۆفی یۆنانی) پێی وابوو: "مرۆڤ بوونەوەرێکی ئامانجدارە، ژیانی تەنها ئەو کاتە مانای دەبێت کە هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بدات."
ئەمڕۆکە زانستیش سەلماندوویەتی کە سروشتی مرۆڤ وایە، دەبێت بەردەوام شتێکی هەبێت بۆی بژی، بەبێ ئامانج ژیان چۆڵ و بێ مانا دەبێت. لەبەرئەوە زوو دەست بە دانانی ئامانجی خۆت بکە؛ دواخستنی، ئەنجامی ژیان دواخات. هەر ئامانجێک نەگەیشتە ئەنجام، وانەیەکی فێربوون لەخۆیدا دەهێنێت و بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی داهاتووت کەڵکی لێ وەردەگریت.
پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: «إِنَّمَا الأَعْمَالُ بِالنِّيَّاتِ...»
واتە: "کردەوەکان تەنها بە نییەتەکانەوە بەستراون." نیەت لێرەدا واتە "ئامانج". هەر کارێک ئامانجێکی لەپشت نەبێت، نرخێکی نییە.
خودا جەخت دەکاتەوە کە مرۆڤ تەنها ئەوەی بۆ دەمێنێتەوە کە هەوڵی بۆ داوە: «وَأَن لَّيْسَ لِلْإِنسَانِ إِلَّا مَا سَعَىٰ» (سوورەتی النجم: ٣٩)
واتە: "بۆ مرۆڤ نییە تەنها ئەوە نەبێت کە هەوڵی بۆ داوە." ئەمە هاندەرە بۆ ئەوەی مرۆڤ ئامانجی هەبێت و ماندوو ببێت بۆی.
لە دیدی ئیسلامەوە، مرۆڤی بێ ئامانج وەک کەسێکی سەرگەردان وایە و ئامانجەکان دابەش دەبن بۆ ئامانجی دونیایی و ئامانجی ئایینی. ئایینی وەکو ڕەزامەندی خودا و بەدەستهێنانی بەهەشت لە ڕۆژی دوایی. ئامانجی دنیاییش وەکوو: فێربوونی زانست، کارکردن، بەخێوکردنی خێزان و خزمەتکردنی خەڵک، کە ئەمانەش ئەگەر نییەتی چاکیان لەپشت بێت، دەبنە پەرستکاریی.
با سێ ئامانجت هەبێ، ئامانجێکی نزیک، دوور و ئامانجی تەمەن (کە لەگەڵت دەژی و بەدیهێنانی زۆرترین کاتی دەوێت لەوانەی تر). بیرمان نەچێ پێشینان دەڵێن: "بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنە"، واتە ئامانجێکی گەورە مرۆڤ دەترسێنێت و تووشی سستی دەکات. وەک فەیلەسۆفەکانیش دەڵێن: "هەزار میل بە یەک هەنگاو دەست پێ دەکات."، لەبەرئەوە ئامانجە گەورەکان ورد بکەرەوە و بیکە بە ئامانجی بچوک و کاتیان بۆ دابنێ.
بۆ ئەوەی ئامانجەکانت لە تەنها "خەیاڵ"ەوە بگۆڕیت بۆ "ڕاستی"، پێویستە ئامانجەکانت لەسەر بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندن دابڕێژیت. ئامانجی گشتی وەک "دەمەوێت سەرکەوتوو بم" کار ناکات. باشترە کە ئامانجەکەت دیاریکراو بێت، بە تەواوی چی دەوێت؟، وە پێوانەکراو بێ، چۆن دەزانیت گەیشتوویت پێی؟ وەکوو لەسەریشەوە ناومان برد، بەرجەستە بکرێت، ئایا لە توانادایە؟ و پەیوەندیدار بێ بە ژیانتەوە و ماوەیەک بۆ بەدیهێنانی دیاری بکرێ، کەی دەبێت تەواو بێت؟
ئەرستۆ دەڵێت بەختەوەری لە "چالاکی"دایە. تەنها چاوەڕێی کۆتاییەکە مەکە، بەڵکو هەوڵ بدە لەو ڕەوتی فێربوون و ماندووبوونەشدا مانا بدۆزیتەوە. من ڕاهاتووم ئامانجەکانم دەنووسمەوە، چونکە بێ نووسین و یادداشتکردن، لەبیر دەچنەوە. تۆش وا بکە و ئامانجەکانت تۆمار بکە تاکو لە مێشکدا جێگیر ببن.
هەروەها ئەمەش بخوێنەوە: گۆڵ