Saturday, June 13, 2026

لە لینکدئین کێ دەکەیتە هاوڕێت؟



ڕۆژانە ئەلگۆریسمی پێشنیارەکانی لینکدین هانمان دەدات کە تۆڕی پەیوەندییەکانمان فراوانتر بکەین. هەندێک جار، ئەمە لۆژیکییە، کاتێک هاوپیشەیەکمان پێشنیار دەکات کە خاوەنی هەمان ئەزموونی پیشەیییە لەو سەری جیهانەوە یان هاوزمانین و هەمان ئامانجمان داناوە. بەڵام لە پاڵ ئەمەدا، پێشنیارەکانی تریش هەن.
سەکۆی لینکدئین، بە بەردەوامی پێشنیاری ئەوەمان بۆ دەکات کە چاودێریی کەسایەتییە سیاسییە جیهانییەکانی وەکو (باراک ئۆباما) یان ئایکۆنە کلاسیکییەکانی وەکو (بیل گەیتس) بکەین. ئەمە دەمخاتە سەر ئەو پرسیارەی: سوودی ڕاستەقینەی ئەمە لە تۆڕێکی پیشەییدا چییە؟ ئایا ئێمە هیچ سوودێکی پراکتیکی یان ئەزموونێکی هاوبەشی پیشەسازی لەوانەوە بەدەست دەهێنین؟ همم، بێگومان نەخێر.

بەڵام جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە لە نێوان چاودێریکردنی ناوداران و شوێنکەوتنی سەرکردە هەنووکەییەکانی. بۆ نموونە، شوێنکەوتنی پێشەنگەکانی بواری تەکنەلۆجیا وەک جێنسن هوانگ (Jensen Huang) یان ڕۆڵاند بوش (Roland Busch) بە تەواوی لۆژیکییە. ئەوان بە شێوەیەکی کاریگەر بیرکردنەوەکانی خۆیان بۆ داهاتوو هاوبەش دەکەن لەگەڵمان، ئامۆژگاری بەنرخ پێشکەش دەکەن و سەرنج دەخەنە سەر ئەو ئاڕاستەیەی کە ئایتی بەرەو ڕووی دەڕوات. سوودی ڕاستەقینە لێرەدایە.


کێشە سەرەکییەکە هاوپۆلی دووەمە: (تۆڕە مۆتەییەکان Ghost Networkers). ئەمانە ئەو پرۆفایلانەن کە پارە دەدەن بۆ بەرزکردنەوەی بینراویی خۆیان تەنها بۆ ئەوەی تەماشای زیادبوونی ژمارەی هاوڕێیەتیکردنیان بکەن. ئەوان تەنها ژمارەیان دەوێت، بەڵام قەت کۆمێنتێک نانووسن بۆمان، (بەدڵبوون Like)ی خۆیان بۆ هیچ پۆستێک دەرنابڕن و هیچ تێڕوانینێکی ڕاستەقینە هاوبەش ناکەن. ئەوان لەسەر سەکۆکە تەنها بۆ ئەوە هەن کە "زیاد بکرێن".


کاتێک بە وردی سەیری لینکدئین دەکەین، دەبینین ئەمە ڕێک بەو شێوازەیە کە پلاتفۆرمەکەی بۆ دیزاین کراوە. لینکدین لەسەر لۆژیکی پەیوەندیی مرۆیی بنیاد نەنراوە؛ بەڵکو لەسەر لۆژیکی کۆکردنەوەی داتا کار دەکات. وەک بەڕێوەبەرایەتییەکی دیجیتاڵیی گەورە کار دەکات کە تێیدا ناسنامە پیشەیییەکانی ئێمە بەرهەمەکەیەتی.



بۆچی نامەوێت لە لینکدین لەگەڵ باراک ئۆباما ببمە هاوڕێ و پێکبەست بین؟


لەو کاتەوەی کە مایکرۆسۆفت ئەم سەکۆیەی کڕیوە (ساڵی ٢٠١٦، بە ٢٦.٢ ملیار دۆلار)، ئامانجی کۆتایی کێشانی نەخشەی (گرافی داتای جیهانی Global Data Graph) بووە، واتە بەستنەوەی ئەو ئامرازانەی بۆ کارکردن بەکاریان دەهێنین بە داتای وردی ئەو کەسەی کە کارەکە دەکات. ئەلگۆریسمەکە لەسەر ژمارەی بەرزی هاوڕێیەتی، ڕێژەی زۆری هەوادار (فۆڵۆوەر follower) و بینراویی گشتی گەشە دەکات، چونکە (بنکەدراوە database)یەکی گەورەتر و فرەبەستەر ئاسانترە بۆ بەدەستهێنانی داهات لە ڕێگەی ڕیکلامی بازرگانی (B2B)، ئامرازەکانی دامەزراندنی کۆمپانیاکان و مۆدێلەکانی ژیریی دەستکردی دامەزراوەییەوە. بەڵام تەنها لەبەرئەوەی سەکۆکە وەک خاڵی داتایی مامەڵەمان لەگەڵدا دەکات، واتاى ئەوە نییە کە ئێمەش دەبێت وەک داتا پەیوەندی پیشەیی دروست بکەین!.

بەئاگا بن، تۆڕسازیی ڕاستەقینە لە کۆکردنەوەی ژمارەدا نییە؛ بەڵکو لە هاوکاری و بەدەستهێنانی تێڕوانینی داهاتووبیاندایە. من نرخی یەک ئامۆژگاری بەپێز لە سەرکردەیەکی پیشەسازی، یان گفتوگۆیەکی تەکنیکی لەگەڵ هاوپیشەیەک کە لەسەر کێشەکانی جیهانی ڕاستەقینە کار دەکات، بەرزتر دەنرخێنم وەک لە هەزار هاوڕێیەتی بێدەنگ و تەنها ژمارە. با واز لە ڕاوکردنی ژمارەکان بهێنین و دەست بکەین بە ڕاوکردنی ناوەڕۆکی بەپێز.