Friday, July 31, 2026

بەهرە و هاندان


ئایا بێ هاندان بەهرە دەپوکێتەوە؟

بەهرە وەسفی تایبەتمەندییەکی خۆڕسکانەیە و بە هەڵگری ئەم سیفەتەش دەوترێت بەهرەمەند؛ کە ئاماژەیە بۆ زیرەکی، زانایی لە مامەڵەکردن و لێهاتوویی لە ڕاپەڕاندنی کارەکاندا. هەموو بەهرەمەندێک ئاستێک لە زیرەکی و وردبینیی هەیە، بەڵام هەموو زیرەکێک لێهاتوویی و بەهرەی نییە.

زانای عێراقی (عەلی وەردی)، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەهرە و توانای شاراوەی مرۆڤ وەکو دانەوێڵەیەکە لەژێر زەویدا؛ ئەگەر ژینگەیەکی گونجاو، ئاو و هاندانی پێنەگات، ڕەشۆک دەبێت و دەفەوتێت[١]. عەلی وەردی پێی وابوو کۆمەڵگا دواکەوتووەکان زۆرترین بەهرە دەکوژن، چونکە لە بری هاندان و پشتگیری، سزای جیاوازی و داهێنان دەدەن. لە ڕوانگەی وەردییەوە، بەهرە بەبێ هاندانی کۆمەڵایەتی و کەشوهەوای ئازاد، بەرەو پووکانەوە و لەناوچون دەچێت[٢]. عەلی وەردی پێی وایە بەهرە، ئیلهام و بیرۆکە مەزنەکان لە مێشکی ناوەوەوە دەهەڵقوڵێن، نەک لە لۆژیک و شیکاریی وشکی مێشکی دەرەوە. کاتێک کەسێک خەریکی کارێکی ئاڵۆز یان هونەرییە، مێشکی دەرەوەی (بیرکردنەوەی ئاگایانە) تەنها وەکو ئامرازێکە، بەڵام هەوێنی سەرەکی و پڕشنگی داهێنانەکە لە نەست و مێشکی ناوەوەیدا دروست دەبێت. هەر لەبەرئەمەیە دانایی ڕاستەقینە لەوەدا نییە مرۆڤ تەنها بیرکارانە یان لۆژیکییانە بیربکاتەوە، بەڵکو لەوەدایە بتوانێت هاوسەنگی لە نێوان هەردوو مێشکەکەدا دروست بکات. کە بەداخەوە پێی وایە ئەمە کاریگەریی نەرێنی خەڵکی دەوروپشت (بە تایبەتی مامۆستا و دایکوباوک) تێکی ئەدەن[٢].


لە دەروونناسیدا گۆردۆن ئۆلپۆرت ئاماژە بەوە دەکات کە بەهرە تەنها ئامادەیییەکی بایۆلۆجییە، بەڵام (هاندان Motivation) و (ڕاهێنان Practice) ئەوەندەی تر دەینەخشێنن[٣]. ئەگەر بەهرەمەند هاندانی ناوەکی یان دەرەکی نەبێت، تواناکەی لە ئاستی تیۆریدا دەمێنێتەوە و بەرەو لاوازی دەچێت. تۆماس ئەدیسۆن لە وتە بەناوبانگەکەیدا دەڵێت: "داهێنان پێک دێت لە ١٪ بەهرە و ٩٩٪ ئارەقڕشتن و تێکۆشان[٤]." ئەمەش نیشانی دەدات کە بەهرەی ڕووت بەبێ هاندان و کارکردنی بەردەوام ناتوانێت بڕشت بێ و ئەنجامی باشی ببینی، باشترە بڵێم کە بەهرە لە کردارەکاندا دەبینرێن، خۆ ئەدیسۆن لە خوێندندا سەرکەوتوو نەبوو، دایکی هاندەری سەرەکیی بوو و بەرانبەر خەڵکی وەستا، کە وردی و کۆڵنەدانی کوڕەکەیشی بە تێپەڕبوونی کات سەلماندی کە بەهرەمەندە.

هاندان تەنها دروشمێک یان هەستێکی کاتی نییە، لە لێکۆڵینەوەکاندا سەلمێنراوە کە گەورەترین هاندەر بۆ مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەدا، هەستکردنە بە چوونەپێشەوە (گەشەکردن Progress)، واتە بەهرەکانی بە تاقیکاری و کرداری تێپەڕێت و شتی نوێیان لەسەر هەڵچنێ. لەوەیە تیۆری خۆبڕیاردان کە لەسەر تێرکردنی لێهاتوویی، خۆکردەیی و پەیوەستبوون دەچەسپێت[٥]، نەخشە ڕێگایەکی باش بێ تاکوو بەردەوام کاریان بۆ بکەین و هەستی گەشەپێدان ون نەکەین.

لە لایەکی ترەوە، (دەمارزانی Neuroscience) ڕوونی دەکاتەوە کە هاندان ڕەوتێکی فیزیۆلۆجییە و پەیوەستە بە دەردانی هۆڕمۆنی دۆپامین[٦]. دۆپامین سووتەمەنیی مێشکە بۆ چالاککردنی سیستەمی بەدوادا گەڕان، کە وا لە مرۆڤ دەکات نەک تەنها لە کاتی سەرکەوتندا، بەڵکو لە کاتی هەستکردن بە گەشەشدا چێژ ببینێت. لێرەشدا جیاوازیی نێوان هاندانی ناوەکی (خولیای ڕاستەقینە بۆ خودی کارەکە و ئەنجامدانی) و هاندانی دەرەکی (پاداشت و پلە و لایک و چەپڵە) دەردەکەوێت؛ بەهرەمەندێک کە خاوەنی هاندانی ناوەکی بێت، زۆر کەمتر تووشی ساردبوونەوە و پووکانەوەی تواناکانی دەبێتەوە. کە لەوەیە بمانگەڕێنێتەوە سەر بیرۆکەکەی عەلی وەردی.

بەهرە وەک ئاگرێکە لە ناخی مرۆڤدا، بەڵام هاندان ئەو بایەیە کە دەیگەشێنێتەوە و دەیکاتە ڕووناکی. بەبێ هاندانی بەردەوام، زەقترین تواناش تەمبەڵ دەبێت و بەرەبەرە بەرەو خامۆشبوون دەچێت. تەنها کاتێک بەهرە دەبێتە داهێنان کە هاندانی ناوەکی، هەستکردن بە گەشەکردن و ئیرادەی تێکۆشانی لەگەڵدا کۆببێتەوە. 

تۆش بەهرەمەندی و کۆڵمەدە لە برەوپێدانی.

وێنەکە جی پی تی بەرهەمی هێناوە

 سەرچاوەکان

[١] الوردي، علي. (١٩٥٩). مهزلة العقل البشري. بغداد: مطبعة الرابطة.

[٢] الوردي، علي. (١٩٥١). خوارق اللاشعور. بغداد: مطبعة المعارف.

[٣] Allport, G. W. (1937). Personality: A psychological interpretation. New York: Henry Holt & Company.

[٤] Ericsson, K. A., Roring, R. W., & Nandagopal, K. (2007). Giftedness and evidence for reproducibly superior performance: An account based on the expert-performance framework. High Ability Studies, 18(1), 3-56.

[٥] Deci, E. L., & Ryan, R. M. (2000). The "what" and "why" of goal pursuits: Human needs and the self-determination of behavior. Psychological Inquiry, 11(4), 227-268.

[٦] Schultz, W. (2015). Neuronal reward and decision signals: with a focus on dopamine. Physiological Reviews, 95(3), 853-951.