Friday, July 01, 2011

کامیان (ASP.Net) یا (PHP)


زۆرکات ئەم پرسیارەم بینیوە لە مەکۆکانی (چاوگ، وێبچن، کوردئایتی گرووپ) دا. بە پێی شارەزایی خۆم لەو ڕووەوە، لە خوارەوە وەڵامێکی کورتم نووسیوە. ئەگەرچی پێموایە کە ئاسانی و شارەزایی دوو کاران لە خوی فێرخوازەوە دێن و دوورە لە تواناکانی (ASP.Net) یا (PHP).


هەمیشە فێرخواز دەبێت ئامانجەکەی لە پێش چاوی بێت، هەیە دەڵێ بۆ زانکۆیە و بەس دەرچم تەواو، هەیە ئارەزووی هەیە و خواستێتی هونەر بنوێنێت، هەیشمانە بۆ بازرگانییەتی و کامیان زوو هاتنە دەست و بازاڕی هەبوو ئەوە ئامانجە و بڕایەوە.

Thursday, June 30, 2011

ئاو و ئاگر


ئاگر کڵپەی سەند و هەموو وشکانی گڕ تێبەردا، کاتێک ئاو هات زیندەوەران ڕزگار بکات و ئاگر بکوژێنێتەوە، ئاگر هاواری کرد:

"هۆ خەڵکینە ئاگادارن ئاو دەیەوێت بتانخنکێنێت، هۆ خەڵکینە ئاو هاتووە زەوی باووباپیرانتان لێ بستێنێت!."
ئاو گوێی نەدا و بە هانای سووتاوانەوە  بوو، ساردی دەکردنەوە پێی دەوتن:"دڵنیا بن ئێوە هەبن، ئەم خاک و نیشتمانەش بۆ ئێوە دەمێنێت، من لە باوەشتان دەنێم تا دەتوانم، من وشک بم نابێ ئێوە بسوتێنرێن."

Tuesday, June 21, 2011

هین و مین


لە باشوور وا ڕاهاتووین کە لە قسەکردندا بەرامبەرمان دڵنیا بکەینەوە، کاتێک کەسی قسەکەر دەیەوێت هیچ نەهێڵێتەوە و بە بەرامبەرەکەی بڵێ هەموو شتەکانم مەبەستە، چی هەیە چی نییە لەو بارەوە، وشەکە دووبارە دەکاتەوە بە جۆرێ تر، ئەمە بە گۆڕینی یەکەم پیتی وشەی ویستراو بۆ پیتی (میم) ئەنجام ئەدرێت، بۆ نموونە:
- دەرگا و مەرگاکان داخە درەنگە. (مەرگا مانای نییە، بەس بۆ ئەوەیە کە چی هەیە دابخرێت)
- ژنەکە خواردن و مواردن بێنە برسیمە. (مەبەستی هەموو ئەو شتانەی دێنە سەر سفرەکە)
- ڕۆن و مۆنی سەیارەکەم گۆڕی.
- لە بازاڕ شت و مت دەکڕین.
- تەلەبە و مەلەبە لە حەوشەی زانکۆ دانیشتوون.
- کت و مت لە مام زۆراب ئەچوو.
- هین و مینم بۆ باس مەکە..
..هتد

Monday, June 06, 2011

تاک


ماوەیەکە وشەی تاک حەشر دەکات، جاران کە گوێم لێ دەبوو، تاکە پێڵاو، تاکە گۆرەوی...هتد هەموو تاکی جووتەکان دەهاتنە پێش چاوم، ئێستا تاک گۆڕاوە، بووە بە (تاکە کەس) و جووت نابێ، بووە بە زرتە زەلام، و ئەمانەی لێ دروست بووە:
تاکی کورد
تاکەکانی کۆمەڵ
مافی تاک...و هەروەها

نموونە لە ڕستەدا:

- کۆڕێک دەربارەی (هەڵوێستی تاکی کورد لە ئەمڕۆدا) بەڕێوەدەچێت.
- هه‌ڵوێستی سياسی لای هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگاکان به‌رامبه‌ر رووداوه‌کان...

Wednesday, May 18, 2011

بەراورد


ژن: ئەو جەریدەیەی پشتەوە ڕاکێشە و دایخە با خواردنەکەی بکەمە سەر..
پیاو بێ سێ و دوو دەیکات، و ژنە دوو قاپی بەدەستەوە دەبێت دایان دەنێت.. پیاو بەدەم کەچک لێیانەوە هەواڵێکی ناو ڕۆژنامەکە دەخوێنێتەوە...
پیاو: هاهاهای.. کچێ تەماشا هاهاهای ... وەڵا گریانم دێ بەحاڵمان...
ژن: چییە پیاوەکە، چیت خوێندەوە..
پیاو: ئەم هەواڵە ئەگەر ڕاست بێ..
ژن: ئێ، دە واز لە خواردنەکە بێنە جارێ، ...
پیاو: کچێ باسی پارە ئەکا، ئەڵێ ٤ ملیار دۆلاری حکومەت کەس نازانێ چی بەسەرهاتووە، ئینجا ئەڵێ بیست ملیۆن دراوە بە چاککردنی ڕێگایەک خۆی دوو ملیۆنی بەس بووە...
ژن: مردوی بێ ئەقڵیت مرێ، خەریکە خواردنەکە لەبینت دەگیرێ، جا ئەوە هەواڵە، ڕۆژی سەدی وا لە تەلەفیزیۆنا ئەڵێ و کەس خاوەنی نییە..

Monday, April 25, 2011

شارستانییانە




شارستانییانە

دەزگا حکومیە پەیوەندیدارەکان بەپێی قانوون هەموو توانای خۆیان دەخەنە کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرژی وئاڵۆزیە،

ئەفسەرێکی شارستانی لە دیواری زانکۆوە بەردبارانی خوێندکارانی ناو زانکۆ دەکات بە دارلاستیکی مۆدێرن*