Tuesday, June 09, 2020

داتاکان چۆن دەبنە نەوت - ٥


نەوت و داتاکان
لیترێک نەوتی خاو لە هەر شوێنێکی دونیا بێ، هەر لیترە نەوتەکەیە و هەمان کێش. لەوپەڕی دونیا لە بەڕازیل، لە مەکسیک، لە سۆدان، لە نەرویژ و لە نیوزلەندا و شوێنەکانی تر نەوتی خاو نرخێکی نزیکەیی هەیە. دوای ئەوە ئەو نەوتە کرداری لەسەر دەکرێت و دەبێت بە ماددەی تر کە لە بەشێوەی جیا جیا سوودی لێ دەبینرێ. بە کورتی، بازاڕی نەوت نرخێکی دیاریکراوی بە نەوت داوە[١]، کە هەموو جیهان مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.

بەڵام داتاکان لەم ڕوەوە هاوتا نین لەگەڵ نەوتدا، لەوەیە نرخی داتاکان کڕیارەکە و داخوازی کڕیار ئاستەکەی بگۆڕێت[٢]. داتاکان وەکو نەوت بازاڕێکی جیهانی بە ڕێککەوتنی زل هێزەکان و وڵاتانی دونیا نەبووە، لەوەیە ئەو داتایانەی کە لە ئەمەریکا بەدوای دەگەڕێن و پارەی پێ ئەدەن زۆر جیاواز بن لەو داتا و زانیاریانەی کە لە بەریتانیا یا وڵاتێکی تر لەدووی دەگەڕێن. نیرۆک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا باس لە دروستبوونی بازاڕێکی نوێ دەکات بۆ داتاکان[٣]، ئەگەرچی چاوەڕوانیەکان بەهۆی کۆرۆناوە گۆڕاون، بەڵام خواستی ئابووری دیسان پەستان لە دزەپێکردنی زانیاریی خەڵکی دەکاتەوە.

داتاکان سنووری وڵاتان دەبەزێنن، نەوتێک کە لەژێر زەوی وڵاتێکدا بێ، موڵکی ئەویشە، بەڵام داتاکانی خەڵک و ناوچەیەک لە وڵاتێک بۆی هەیە ببنە جێی لێکۆڵینەوەی کۆمپانیا و وڵاتانی تر[٤]، ئیدی بۆ بازرگانی و ئابووری بێ یا بۆ مەبەستی سیاسی، لەسەر داوای ناوخۆ بێ یاخود پیلانی وڵاتانی تر.

لە دونیای دیجیتاڵدا، بۆ کۆمپانیا و دامەزراوە بازرگانیەکان، تەنیا ناو و ناونیشان و ئارەزووکانی سەنیارەکان بەس نین. بەڵکو زۆرجار ئەو لاپەڕانەی سەنیار سەردانی دەکات، یاخود وێبگەڕی بۆ کامە بەرهەم و هەڵسەنگاندن بۆ چ شتێک دەکات، زۆرتر جێی بایەخن لە لای. ئەمە هۆکارێکیشە کە کۆمپانیای نوێ لەدووی هەوادارانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانە، تاکو سەردانکەر و بزوێنەری زۆربن و لە ئامێرەکانی گەڕاندا پێڕست بکرێن. بەداخەوە متمانەی خەڵکیش بۆ خۆپاراستن قۆستراوەتەوە بۆ گەیشتن بەزۆرینەی داتا و زانیاریی تابیەتی کەسی [٥]، لەکاتێکدا تۆ پشت بە ئامرازێک دەبەستیت بۆ پارێزگاری سیستەمەکەت، نازانی ئامرازەکە هۆکاری تێکشکان و بڵاوکردنەوەی داتاکانتە. 

جۆرێتی لە نەوت و جیاکراوەکانیدا هەیە، پاڵاوتەیەک بۆ ئەویتر بۆی هەیە باشتر و چووستر بێ، جاران دەمانبیست بەنزینی بەغداد باشترە لە هی ئێران. لە داتاکانیشدا وردی و دروستی داتاکان نرخ و ناوداری بەرز ڕادەگرێت. کاتێک داتاکان لە فەیسبووکەوە دزە دەکەن و ئامرازێک هەژمارەکان و زانیارییەکانی ناویان بە گورزەیەک دەخاتە بازاڕەوە، زۆر جیاوازی دەبێ لە تێکشکانی (زووم Zoom) کە لە سەرەتای کەرەنتێنەکردنی کۆرۆنا سەری هەلدا[٦]. تۆ دەتوانیت وەکو تاکەکەس دەست لە فەیسبووک هەڵبگریت، بەڵام زانیاریی هەژمارەکانی کارمەندانی کۆمپانیایەک ببێتە کاڵا و بفرۆشرێ، زیانێکی زۆر بە کۆمپانیاکە دەگەیەنێت، بێ لەوەی کارمەندەکانیش دەبنە هێمای پرسیار. 
نەوت بۆخۆی ئەو گرفتەی نیە، بەڵام سیستەمە ئەلکترۆنیەکانی کە کاری نەوت و گازو پاڵاوتگەکان ڕێک دەخەن لە ئەگەری دزەکردن و تێکشکان بەدوور نین. لێرەدا زیانەکان تەنیا دراو نین، بەڵکو بۆی هەیە کارەساتی پیسبوون و کاریگەری چاوەڕواننەکراویش دروست بکا لەسەر دەوروبەر[٧]. دزە پێکردنی زانیاریی ڕێککەوتننامەکان و نەخشەی داهاتووی فرۆشی نەوت دیوێکی تر جیاکەرەوەی نەوت و داتاکانە لە یەکتری. کە لە زنجیرەکانی داهاتوودا بە نموونەیەک شی دەکەمەوە.

ماوەتەوە بڵێم، تەکنۆلۆجیا ڕێگەی دوورت بۆ نزیک دەخاتەوە، سامانی سروشتی وەکو نەوتیش دراوێکت ئەداتێ کە بتوانیت باشترین لەنێو تەکنۆلۆجیاکاندا بژار بکەیت و خۆت و داتاکانت بپارێزیت.


بەشەکانی تری ئەم بابەتە




--------------------------------------------------------
[١] بۆرسەی نەوت و نرخەکانی
[٣] مۆبایلەکەت دەزانێ چیت کردوە Your Apps Know Where You Were Last Night, and They’re Not Keeping It Secret
[٤] داتاکان چەند گرنگن بۆ کۆمپانیاکان لە Unternehmerhandbuch - Wie wichtig sind Daten für Unternehmen
[٥] بەرنامەی دژەڤایرۆسی ئەڤاست داتاکانی خەڵک دەفرۆشێتەوە
[٦] سەدان هەزار زانیاری هەژماری زووم لە دارکنێت بۆ فرۆشتن دانرا - Datenleck: Hunderttausende Zoom-Login-Daten im Darknet angeboten
[٧] کاریگەری تێکشانی سیستەمی کارگێڕی نەوت و گاز - Lack of cybersecurity awareness in the oil & gas industry