Thursday, March 03, 2011

چاکسازیی

پرۆژەی چاکسازی
ئەمڕۆ "ئۆپۆسیزیۆن" / گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ پرۆژەیەکی چاکسازییان پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە لە ٢٢ خاڵ پێکهاتووە و لەم بەستەرەدا لەبەرگیراوەکەی دەخوێننەوە: http://bit.ly/f3KAJc

Monday, February 21, 2011

پەندی پیرەمێرد

ژین - ١٠٠٩  / ٤ مایسی ساڵی ١٩٥٠
لە پەندەکانی پیرەمێرد
بۆ کاری دەوران خەم مەیەنە بەر
هەرچۆنێک بیگری ئەو دەچێتە سەر
درەختی دنیا پڕیـــە لــــــە مــیـوە
هیچکەسێ تا سەر بەری نەچنیوە
هەندێ کە نصیب بۆی ئەگەیێنێ
تێر ئەخوا و لق و پۆپی ئەشکێنێ
هەندێکیش کەوا قیسمەت نایداتێ
هەر هەڵدەپەڕێ و دەستی نایگاتێ
سێـبــەرەکەشی هەر تـــاوە، تاوە
جێ جێ ئەگۆڕێ لەگەڵ هەتاوە
ئەیشزانین تاسەر بۆ هیچ کەس نییە
کەچی ئەم خەڵکەی لە دوو شەقییە
دوو کەس گرەویـان لێ بردۆتەوە
کەوا پشـتێنیــان لـــێ کـردۆتـەوە
یەکەمیان ئەوەی کە لە هیچ ناگا
بوون و نەبوونــی کاری لێ نـــاکــا
شەیتان بەم خەڵکە وا پێدەکەنێ
ئەم بە پێکەنین ئەو دەتەقێنــــێ
دووەمــیان ئەوەی کە بــە هیدایەت
کەوتۆنە سەر ڕێی عەقڵ و درایەت
هەمیشە لەگەڵ خوای خۆی هەڵدەستێ
بەوە لایداوە لە هـەموو کەســـــــــــــــــێ!

Friday, February 18, 2011

دەوڵەمەندی و بەخشندەیی


دەگێڕنەوە دەڵێن کوڕێک دێتە لای موسای پێغەمبەر (هەزار سڵاو لە گیانی) داوای لێدەکات کە خوا دەوڵەمەندی بکات و بۆی بپاڕێتەوە...
موسا لێی دەپرسێت دەتەوێت خوا دەوڵەمەندت بکات، لە یەکەم سی ساڵی تەمەنت؟ یان لە سی ساڵی کۆتایی تەمەنتدا؟
کوڕە کەوتە بیر کردنەوە و بەراوردکردن، سەرەنجام بڕیاری بۆ سی ساڵی یەکەمی تەمەنی دا، وتی من بە بە گەنجێتی پارەم دەوێت و ئارەزووم هەیە بە گەنجێتی خۆش بگوزەرێم، جگە لەوە بەس خوا دەزانێت کە چەند دەژیم و کێ ناڵێ بە ٣٠ ساڵی نامرم، بیری چۆوە کە مرۆڤ بە پیری لاواز دەبێت و پێداویستییەکانی زیاترن. موساش لە خوا پاڕایەوە، خواش وەڵامی پاڕانەوەکەی دایەوە کە یەکەم ٣٠ ساڵی تەمەنی دەوڵەمەندی دەکات.
کوڕە خوا ڕزق و ڕۆزی بۆ نارد و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پایەدارتر دەبوو. گەورەبوو بوو بە گەنجێکی ساماندار، هەمیشە هاوکاریی ماڵی خەڵکی دەکرد، پارەی ئەدا بە نەداران، دەستی یارمەتی بۆ هەموو کەس درێژ دەکرد، ژنی دەخواست بۆ بێ باوکان، خانووی دەکرد بۆ بێ لانەکان...
سی ساڵ تێپەڕی و نۆرەی ٣٠ ساڵی دووەمی ژیانی هات... موسا چاودێری ڕووداوەکانی دەکرد، بارودۆخی کوڕە کە بووە بە پیاوێکی دەوڵەمەند وەکو خۆی ماوەتەوە و بگرە زیادی کردوە و بەردەوامیش زیاد دەبێت...
موسا ڕووی کردە خوا و پرسی: "خوایە گیان ٣٠ ساڵی یەکەم تەواو..."
خواش وەڵامی دایەوە: "بەندەی خۆمم بینی کە دەرگای بەخشینەوە و یارمەتی بۆ هەموو کەس کراوە بوو، ئیتر شەرمم کرد، چۆن ڕزقی لێ ببڕم و دەرگای لێداخەم!."

دەسا ئێمەیش تا هەبووین، تا لە تواناماندا هەیە، با دڵفراوان و بەخشندەبین، با دەرگای خێر و چاکەکاری لە هەژار و نەدار دانەخەین. کەسانی وەکوو بەخشندە (کەریمی عەلەکە) و چەندینی تر بهێنینەوە بەرچاومان و دوای ڕێوشوێنیان بکەوین.

Tuesday, February 15, 2011

کەڵەکە تڕە



مامۆستایەک لە دێیەک وتار دەدات و ئامۆژگاریی خەڵک دەکا، دەڵێت ئەم زەویە وا و ئەمە وا، یەکێک دەپرسێت: "مامۆستا توخوا باسمان بۆ بکە زەوی چۆنە؟ چۆن ئیش دەکات". ئەویش  دەڵێت: "زەوی وەکو تۆپێکی  خڕە، لەسەر قۆچی گایەکی شێت (ئەو باران بەفر و تۆفانە دروست دەکات و ڕادەکات) ئەم گایەش خۆی لەسەر پشتی ماسییەکە وەکو حوت وایە و بەرز و نزم دەکات (وەرزەکان دروست دەکات)"، کابراش دەڵێت: "وەڵڵا مامۆستا بەقسەی تۆ بێت، ئەم تڕە کەڵەکە ڕۆژێک هەر دەڕوخێ."

ئەمە سیامەند بۆی گێڕامەوە، لە کاتێکدا کە باسی حکومەت و ئەم ڕووداوانەی دواییمان دەکرد.

Wednesday, February 09, 2011

سلێمانی

بیری سلێمانی ناکەی؟


هۆنراوەی ئیسماعیل محەمەد ٢٢/٧/٢٠١٠

نایەیتەوە...
سەرێ لە شار نادەیتەوە
بیری سلێمانی ناکەی؟
حەز بە پیاسە و گەڕانێکی...
دەمەو ئێوارانی ناکەی؟

ئەگەر ئەمجارە بێیتەوە
ئەمشارە نانــــاسیتەوە
سیمای بەجۆری گــۆڕاوە
یادگاری هەر تیا نەماوە

وەرەوە بۆ سلێمانی
بۆ شاری ئەوین و جوانی
حەیف چۆڵ بوو لە یارانی
نەما خۆشییەکەی جارانی

گەرچی جاران شارەکەی شێخ...
کوچە و بازاڕی کەمتر بوو
بەڵام لای من سلێمانی...
هەرجاری جاران خۆشتر بوو

ئەمێستاکە هەر تەلارە و ...
بەناخی ئاسمانا ئەچێ
وەفا و سۆز و خۆشەویستی...
بەرەو کاڵبوونەوە ئەچێ
ئەمشارە وا جەنجاڵ بووە...
خۆمم لێ ون بووە تیایا

زۆرجار ئەمەوێ جێی بێڵم
بەڵام چیبکەم دڵـــــمـنایە
ئەزانم بێ سلێمانی...
لە شوێنی تر هەڵ ناکەم
باخچەیەکم لێرە نەبێ...
لە خاکێکی تر گوڵ ناکەم

سەرچنار چۆن لەبیر ئەکرێ؟!
کوێ جێی ئەزمەڕ ئەگرێتەوە؟!
هەتا ئەمجارە دێیتەوە...
هیچ وەک خۆی نامێنێەتەوە

Tuesday, December 28, 2010

گۆڤاری توێشووی زانستخوازان

توێشووی زانستخوازان 
هەندێکجار لاپەڕەکانی ڕابردوو یادەوەری خۆشیان هەیە، پێم خۆشە ئێوەیش تەماشایەکی ئەم لاپەڕانە بکەن، ژمارە چواری گۆڤاری توێشووی زانستخوازان.
یانزدە ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا ئەم گۆڤارەم بۆ دواجار چاپ کرد.