Friday, February 18, 2011

دەوڵەمەندی و بەخشندەیی


دەگێڕنەوە دەڵێن کوڕێک دێتە لای موسای پێغەمبەر (هەزار سڵاو لە گیانی) داوای لێدەکات کە خوا دەوڵەمەندی بکات و بۆی بپاڕێتەوە...
موسا لێی دەپرسێت دەتەوێت خوا دەوڵەمەندت بکات، لە یەکەم سی ساڵی تەمەنت؟ یان لە سی ساڵی کۆتایی تەمەنتدا؟
کوڕە کەوتە بیر کردنەوە و بەراوردکردن، سەرەنجام بڕیاری بۆ سی ساڵی یەکەمی تەمەنی دا، وتی من بە بە گەنجێتی پارەم دەوێت و ئارەزووم هەیە بە گەنجێتی خۆش بگوزەرێم، جگە لەوە بەس خوا دەزانێت کە چەند دەژیم و کێ ناڵێ بە ٣٠ ساڵی نامرم، بیری چۆوە کە مرۆڤ بە پیری لاواز دەبێت و پێداویستییەکانی زیاترن. موساش لە خوا پاڕایەوە، خواش وەڵامی پاڕانەوەکەی دایەوە کە یەکەم ٣٠ ساڵی تەمەنی دەوڵەمەندی دەکات.
کوڕە خوا ڕزق و ڕۆزی بۆ نارد و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پایەدارتر دەبوو. گەورەبوو بوو بە گەنجێکی ساماندار، هەمیشە هاوکاریی ماڵی خەڵکی دەکرد، پارەی ئەدا بە نەداران، دەستی یارمەتی بۆ هەموو کەس درێژ دەکرد، ژنی دەخواست بۆ بێ باوکان، خانووی دەکرد بۆ بێ لانەکان...
سی ساڵ تێپەڕی و نۆرەی ٣٠ ساڵی دووەمی ژیانی هات... موسا چاودێری ڕووداوەکانی دەکرد، بارودۆخی کوڕە کە بووە بە پیاوێکی دەوڵەمەند وەکو خۆی ماوەتەوە و بگرە زیادی کردوە و بەردەوامیش زیاد دەبێت...
موسا ڕووی کردە خوا و پرسی: "خوایە گیان ٣٠ ساڵی یەکەم تەواو..."
خواش وەڵامی دایەوە: "بەندەی خۆمم بینی کە دەرگای بەخشینەوە و یارمەتی بۆ هەموو کەس کراوە بوو، ئیتر شەرمم کرد، چۆن ڕزقی لێ ببڕم و دەرگای لێداخەم!."

دەسا ئێمەیش تا هەبووین، تا لە تواناماندا هەیە، با دڵفراوان و بەخشندەبین، با دەرگای خێر و چاکەکاری لە هەژار و نەدار دانەخەین. کەسانی وەکوو بەخشندە (کەریمی عەلەکە) و چەندینی تر بهێنینەوە بەرچاومان و دوای ڕێوشوێنیان بکەوین.

Tuesday, February 15, 2011

کەڵەکە تڕە



مامۆستایەک لە دێیەک وتار دەدات و ئامۆژگاریی خەڵک دەکا، دەڵێت ئەم زەویە وا و ئەمە وا، یەکێک دەپرسێت: "مامۆستا توخوا باسمان بۆ بکە زەوی چۆنە؟ چۆن ئیش دەکات". ئەویش  دەڵێت: "زەوی وەکو تۆپێکی  خڕە، لەسەر قۆچی گایەکی شێت (ئەو باران بەفر و تۆفانە دروست دەکات و ڕادەکات) ئەم گایەش خۆی لەسەر پشتی ماسییەکە وەکو حوت وایە و بەرز و نزم دەکات (وەرزەکان دروست دەکات)"، کابراش دەڵێت: "وەڵڵا مامۆستا بەقسەی تۆ بێت، ئەم تڕە کەڵەکە ڕۆژێک هەر دەڕوخێ."

ئەمە سیامەند بۆی گێڕامەوە، لە کاتێکدا کە باسی حکومەت و ئەم ڕووداوانەی دواییمان دەکرد.

Wednesday, February 09, 2011

سلێمانی

بیری سلێمانی ناکەی؟


هۆنراوەی ئیسماعیل محەمەد ٢٢/٧/٢٠١٠

نایەیتەوە...
سەرێ لە شار نادەیتەوە
بیری سلێمانی ناکەی؟
حەز بە پیاسە و گەڕانێکی...
دەمەو ئێوارانی ناکەی؟

ئەگەر ئەمجارە بێیتەوە
ئەمشارە نانــــاسیتەوە
سیمای بەجۆری گــۆڕاوە
یادگاری هەر تیا نەماوە

وەرەوە بۆ سلێمانی
بۆ شاری ئەوین و جوانی
حەیف چۆڵ بوو لە یارانی
نەما خۆشییەکەی جارانی

گەرچی جاران شارەکەی شێخ...
کوچە و بازاڕی کەمتر بوو
بەڵام لای من سلێمانی...
هەرجاری جاران خۆشتر بوو

ئەمێستاکە هەر تەلارە و ...
بەناخی ئاسمانا ئەچێ
وەفا و سۆز و خۆشەویستی...
بەرەو کاڵبوونەوە ئەچێ
ئەمشارە وا جەنجاڵ بووە...
خۆمم لێ ون بووە تیایا

زۆرجار ئەمەوێ جێی بێڵم
بەڵام چیبکەم دڵـــــمـنایە
ئەزانم بێ سلێمانی...
لە شوێنی تر هەڵ ناکەم
باخچەیەکم لێرە نەبێ...
لە خاکێکی تر گوڵ ناکەم

سەرچنار چۆن لەبیر ئەکرێ؟!
کوێ جێی ئەزمەڕ ئەگرێتەوە؟!
هەتا ئەمجارە دێیتەوە...
هیچ وەک خۆی نامێنێەتەوە

Tuesday, December 28, 2010

گۆڤاری توێشووی زانستخوازان

توێشووی زانستخوازان 
هەندێکجار لاپەڕەکانی ڕابردوو یادەوەری خۆشیان هەیە، پێم خۆشە ئێوەیش تەماشایەکی ئەم لاپەڕانە بکەن، ژمارە چواری گۆڤاری توێشووی زانستخوازان.
یانزدە ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا ئەم گۆڤارەم بۆ دواجار چاپ کرد.

Sunday, December 26, 2010

کەڵەشێر

کەڵەشێرە هارەکە و ئازادی
دەگێڕنەوە پیاوێک کەڵەشێرێکی دەبێت، ئەم کەڵەشێرە لەگەڵ گزنگی بەیاندا دەست دەکات بە (قوقاندن) و دەچێتە سەر دیواری ئەم ماڵ و ئەو ماڵ و دەقوقێنێت. دراوسێیەک زۆر بێزار دەبێت و دەچێت بۆ لای کابرای خاوەن کەڵەشێر، داوای لێدەکات کە کەڵەشێرەکەی سەرببڕێت و بەرامبەر بەو کارەی سێ هێندەی نرخی کەڵەشێرەکەش پارەی ئەداتێ، بە خاوەن کەڵەشێریش دەڵێت گۆشتەکەی حەڵاڵی خۆت بێت و نۆشی بکەن. کابرای خاوەن کەڵەشێر بە پێشنیاری دراوسێکەی قایل دەبێت و هەر لەبەر چاویا چەقۆ بە ملی کەڵەشێرە هارەکەدا دەهێنێت.

Tuesday, December 21, 2010

پارە وعێراق

پارە بدە مەلا لە مزگەوت دەردەکەیت
 
نازانم ئەو ناونیشانەی سەرەوە پەندە یان نە، بەڵام دیارە مەبەست لێی کاریگەریی
پارەیە لەسەر مرۆڤ، کە تەنانەت کەسێکی وەکوو مەلا، کە ئەم دونیای کورت و بڕاوەیەی گۆڕیوەتەوە بەو دونیای نەمری و بێکۆتا، لە ئاستیا شل دەبێت و خۆی ناگرێت.
من لە سیاسەت هیچ نازانم، بەس ئەوەی کە لە ئەیاد عەلاوی و تاقمەکەیم دەبیست لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و دواتر، پێداگرتنیان بوو لەسەر ئێراقێکی یەکگرتوو، بەدەر لە دەست تێوەردانی ئێران، خەمخۆری لە دابەشکردنی داهات و سامانی دەوڵەت، و نەهێشتنی گەندەڵی، دەیانوت بەشداری لە حکومەتا ناکەین ئەگەر ئاوها نەبێت، کە هاتیشە سەر دابەشکردنی پۆست و وەزارەتەکان، دەرکەوت کە بیروباوەڕێکی فشەڵ ئەم لیستەی کۆکردبۆوە، لەسەر وەزیردانان جیابوونەوەیان تێکەوت، لەسەر داخوازییەکانی کورد هەر تاقمێک لە لیستەکەدا شتێکی دەوت، ئەوانەش بخەرەوە لاوە، دوا هەواڵیان ئەمەیە:

Sunday, September 05, 2010

پێشنیارێک بۆ: دامەزراندنی بنکەی بنیاتنان و گەشەپێدانی زانیین

 ئەندازیار ئاراس نوری ئەحمەد- ئەڵمانیا

((مەبەست لەم دەزگایە هاوکاریی کردنی حکومەتە لە زیادکردن هەلی کار بۆ گەنجان و تەرخانکردنیان لەبوارەجیاجیاکاندا))

بنکەیەک کە دەرچووانی پەیمانگا و زانکۆکان لە رێگەیەوە، خولی ڕاهێنان و فێرکردنی کرداری وەرگرن لەسەر بوارە پسپۆڕیەکانی تیا خوێندویانە و بەهیوان دواڕۆژ ببنە پسپۆڕ و چالاک تیایدا. دەرچووانی پلەکانی خوێندنی باڵا زۆر کات خۆیان لە پیشەیەکدا نەدۆزیوەتەوە، بوارێکی خوێندوە کە بۆی هەیە دە لقی هەبێ، ئەمان نازانن کامەیان ئارەزووی تەواویان بۆی هەیە و بە کرداری چۆن مامەڵەی دەکەن. ئەم بنکەیە هەلی کارەکان بە بێکاران و کارخوازان دەناسێنێ، ئامادەیان دەکا. زانینیان لە بوارێکی دیاریکراودا بەهێز دەکات. زۆر لە کارخوازان بڕوابەخۆبوون نادۆزنەوە لە خودیاندا، پێویستیان بە هاوکاری هەیە، پێویستیان بە هەلێک هەیە خۆیان بسەلمێنن، کە ئەم بنکەیە لە رێگەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە بۆیان دەستەبەر دەکات.

Monday, June 22, 2009

دارسێو


خۆشه‌ویستی دارسێو

له دێرزه‌ماندا .. دارسێوێكی به‌رز و پته‌و هه‌بوو، منداڵێكی ڕووگه‌ش و نازدار ڕۆژانه‌ ده‌هات له‌ ده‌وریا یاری و ڕاوڕاوكێی ده‌كرد، به‌ لقه‌كانیا سه‌رده‌كه‌وت و له‌ به‌ری داره‌كه‌ی ده‌خوارد، كه‌ ماندو ده‌بوو له‌ سێبه‌ره‌كه‌یدا ڕاده‌كشا و سه‌رخه‌وی ده‌شكاند. دارسێوه‌كه‌ی زۆر خۆش ده‌ویست، دارسێویش زۆر دڵشاد ده‌بوو به‌ یاری كردن و خسنته‌پێكه‌نینی منداڵه‌كه..
ساڵ هاتوڕۆی منداڵ گه‌وره‌بوو، بوو به‌ مێردمنداڵ، بوو به‌ لاو، دووركه‌وته‌وه له‌ باوه‌شی دارسێو و ئیدی یاری نه‌ده‌كرد له‌گه‌ڵیا، ڕۆژێك هاته‌ لای دارسێو و زۆر دڵته‌نگانه‌ چۆكی دادا له‌ بن دارسێودا..
دارسێو: ئه‌وه‌ بۆ خه‌م دایگرتوووی، وه‌ره‌ یاری بكه‌ له‌گه‌ڵمدا.
كوڕ: نا، خۆ من منداڵ نیم، ئێستا گه‌وره‌بووم و پێویستیم به‌ كه‌ره‌سه‌ی یاریكردن هه‌یه‌، و پاره‌م ده‌وێت تا بیانكڕم.
دارسێو: به‌داخه‌وه‌، من پاره‌م نییه، به‌ڵام ده‌توانیت هه‌موو سێوه‌كانم ببه‌یت بیانفرۆشیت و ‌به‌پاره‌كه‌ی كه‌ره‌سه‌ و ئامێری یارییه‌كانتی پێ بكڕیت.
كوڕه‌كه‌ به‌م قسه‌یه‌ زۆر شادمان بوو، ده‌ستبه‌جێ به‌داره‌كه‌دا سه‌ركه‌وت و سێوه‌كانی لێكرده‌وه‌ و به‌ڕوویه‌كی گه‌شه‌وه‌ دابه‌زی و ڕۆی..

Tuesday, December 25, 2007

كرده‌وه‌ی خۆشه‌ویستان





 ده‌گێڕنه‌وه‌ ئه‌ڵێن دوو هاوڕێ پێكه‌وه‌ پیاسه‌یه‌ك ده‌كه‌ن به‌ بیابیاندا، له‌ڕێگا مشت و مڕیان ده‌بێت له‌سه‌ر بیروبۆچوونی جیا، یه‌كێكیان توڕه‌ ده‌بێت و زللـه‌یه‌ك
ئه‌دات له‌وی تر.زللـه‌ لێدراوه‌كه‌، ئازاری زلـله‌كه‌ له‌ دڵیا ده‌هێڵێته‌وه‌ و، له‌سه‌ر خۆڵی بیابانه‌كه‌ به‌ داره‌كه‌ی ده‌نووسێت:"ئه‌مڕۆ خۆشه‌ویسترین هاوڕێم، زلـله‌یه‌كی لێدام ".دوو هاورێ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر ڕۆیشتن، تاكو ده‌گه‌نه‌ مێرگێك، بڕیار ئه‌ده‌ن كه‌ گه‌یشتن مه‌له‌ی تیا بكه‌ن و خۆیان فێنك بكه‌نه‌وه‌.له‌ناكاو زللـه‌ لێدراوه‌كه‌ قاچی له‌ خۆڵه‌دا ده‌چه‌قێ (خۆڵه‌ جوڵاوی بیابان) به‌ناوا و له‌ جووڵه‌ ده‌وه‌ستێك، هاوڕێیه‌كه‌ی به‌هانایه‌وه‌ دێت، ده‌ستی ڕاده‌كێشێت و ڕزگاری ده‌كات له‌ خنكان له‌ناو خۆڵه‌كه‌دا. پاش ڕزگاربوونی له‌ مردن، له‌سه‌ر به‌ردێكی قه‌راغ مێرگه‌كه‌ ده‌نووسێت:"ئه‌مڕۆ خۆشه‌ویسترین هاوڕێم، له‌ مردن ڕزگاری كردم ".