Showing posts with label لێدوان و بۆچوون. Show all posts
Showing posts with label لێدوان و بۆچوون. Show all posts

Tuesday, February 28, 2012

چایخانەی زانستی


لەو وڵاتەی ئێمەدا زانست چارەی گران نییە، هەموو خەڵکی وێڵن بەدوای بەرهەمی نوێی تەکنەلۆجیا، لەگەڵ ئەوەی کە کارەبا چەند کاژمێرێک هەیە، خەڵکی پارە زۆر ئەدەن بە ئامێرە نوێیەکانی گەیاندن و ئامێرەکانی ناوماڵ. بەیانی مۆدێلێکی تەلەفیزیۆن، پلەی ستەیشن یا جلشۆرێک بێتە بازاڕ، دوو بەیانی نەماوە. ئێ ئەگەر چاولێکەری و خۆ دەرخستنیش بێ، هەر پارەی تێ دەچێت. 
هەر کە قوتابخانەی تایبەتی دروست کرا، هێندەی نەخایاند کە هەموو شوێنەکان پڕ بووەوە، مانگانەکەیشیان کەم نییە، ئەمەش نیشانەیەکی ترە بۆ خواستی خەڵکی بۆ فێربوونی نەوەکانیان، بێگومان ئەم نەوانە کە بە نوێترین تەکنیک و ئاکاری نوێ پەروەردە دەکرێن وفێر دەبن، گورزێکی توندە بۆ دواڕۆژی نەتەوەکە و سەرمایەیەکی پڕ بەهایە. بەڵگە زۆرن، ئەگەر ژماری بکەین کۆتایی نایەت، هەمووی ئارەزووی خەڵکی بۆ وەرگرتنی نوێترین و باشتر نیشان ئەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بەراوردی بکەین بە بوارەکانی تر، زانست و خەڵکی زانستی ون و نامۆن. نابینی دەستەیەکی زانستی خانەیەکیان هەبێ، یا کاریگەریی تەواویان لەسەر کۆمەڵگا هەبێ، یا کەسانی زانستیی لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەربکەون، یا حکومەت دوو کەسی زانستیی خەڵات بکا..یا و یا ...

Friday, February 17, 2012

یەکێتی ئازادی سۆشیالیستی

وحدة حرية إشتراکية
ئەوانە دروشمەکانی حیزبی بەعسن، ئەو حیزبەی بوو بە شێرپەنجەی ئێراق و نە یەکێتی (وحدة) و نە ئازادی (حرية) و نە سۆشیالیستیمان (إشتراکية) نەبینی لێی، بە پێچەوانەوە، هاووڵاتیانی کرد بە دوژمنی یەکتر، ئەوەی دژی ئەو بوایە لەناوی دەبرد، سامانی وڵاتی قۆرخ کردبوو و ئەو هاووڵاتییانەی لە حیزبی ئەو نەبوونایە پلە دوو و پلە سێ بوون، نە دادەمەزران و نە ئاوڕیان لێ ئەدرایەوە.

ڕۆژێک سەدام لە پێشانگایەکی هونەریدا، چاوی بە وێنەیەک کەوت (لەوەی کە دانراوە).. زۆر تووڕە دەبێت، ڕیزێک جوێن دەدات و دەڵێت:

Tuesday, February 14, 2012

نوێنەرتان کێیە؟


لە گەڕەکی ئێمە ئەنجومەن هەیە، ئەوان نوێنەری ئەم گەڕەکەن، کە بمانەوێ داخوازییەک بەرز بکەینەوە بۆ شارەوانی، ئەیدەینە دەست ئەوان. حکومەت لەمە زۆر ڕازییە، چونکە ئیتر کەس ناچێتە سەر شەقامەکان و کەسیش سەری ناشکێت بە دارلاستیکی هەڵمات. دوو نوێنەر دەچن و لەوسەرەوە بەکۆمەڵێک بەڵێنەوە دێنەوە.

لەم ڕۆژانە حەمە زوو هاتەوە ماڵ و کتێبەکانی دانا، وتم چییە زوو هاتویتەتەوە، دەرسی وێنەتان هەیە؟ وتی نە، خۆپیشاندانە خۆپیشاندان. تەسبیحەکەم هەڵگرت و منیش دوای کەوتم. هۆڕنی سەیارە ڕۆژە ڕێیەک دەڕۆیشت، لەوە دەچوو ئەمڕۆ مەکتەب لەسەر ئەم شەقامە دەوام بکەن، هەموو هاواریان دەکرد، نامانەوێ..

Tuesday, February 07, 2012

فانوسی سیحری


ئەگەر پرست لێ بکەن چیت دەوێت بۆت دەکەین، بەس فرمان بدە، ئەوا چ خواستێکت دەبێت؟
لەوانەیە؛ داوای پارە و خانوو و بڕوانامە و شتی ڕابواردن بکەیت، ئەوەش بێگومان شتێکی زۆرچاکە و کێ خوا ئەیداتێ هیچ نەبێت ماوەیەک ڕابوێرێت و هەموو خواستەکانی بێنە دی. 
ئەگەر هات و بڵێن تەنیا یەک خواستت هەیە چی داوا دەکەیت؟
هەیە هەر دەڵێت پارە، بەس خۆ دەوڵەمەندیش زۆرن کە ناتوانن جەوازی سەفەرت بە ڕۆژێک بۆ دەربکەن،

Monday, January 02, 2012

دانانی زانکۆ

پرۆژەی دانانی زانکۆ

ئەگەر بتەوێ دەوڵەمەند بیت، ڕێگە زۆرە، بەڵام ئەگەر بتەوێت دەوڵەمەندیش بیت و ناویش پەیدا بکەی ئەوا ڕێگەکان تەسک دەبنەوە و هەموو کەسێکی پیا ناچێت.
پرۆژەی دامەزراندن یا دانانی زانکۆیەک لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو پرۆژە نوێیانەی کە هاوشانی دروست کردنی گوندی نیشتەجێبوون هاتووەتە کایەوە. وا لە خوارەوە بە کورتی باسی دەکەم، سا ئەگەر پارەت هەیە و حەز دەکەیت، وەرە پێکەوە دەیکەین.
زانکۆیەکی ئەهلی، ساڵی ٥٠٠٠ دۆلار لە خوێنکار وەردەگرێ، تەنها ٥٠٠ خوێندکارت هەبێ واتە، ٢،٥ملیۆن داهاتە، پارەی بینا و مامۆستا و پێداویستییەکانی تر لە ١،٥ملیۆن تێپەڕ ناکات و هەم پێداویستی کۆمەڵگات دابین کرد، کە زانکۆیە، هەم پێداویستی گیرفانی خۆشت کە ملیۆنێک دۆلارە لە وەرزێکی خوێندندا.

Monday, December 05, 2011

ژووری عەمەلیات

ژووری عەمەلیات
زۆرکات کە ئەو برگەیەم گوێ لێ دەبێت، تەمسیلی هەڵەی دکتۆرم دێتەوە یاد، خۆ ناوەکەش لە بنەڕەتدا بەو مەبەستە کوردێنراوە. ژووری عەمەلیات وەک شاریعی کوردی وایە، ئەمیان کوردی پیا تێپەڕ دەبێت و ئەویان کورد تیا کۆ دەبنەوە بۆ عەمەلیات. لە خەستەخانە یا لە مەقەڕی حیزب و حوکومەتدا، عەمەلیاتەکان ئەوەڵ و ئاخیر هەر جەستەی مرۆڤەکان دەگرێتەوە، بۆ نموونە وەزیری پێشمەرگە ژووری عەمەلیاتی هەیە، لەوێوە فەرمانەکانی ئاراستە دەکات و هەواڵە گەرماوگەرمەکان تاوتوێ دەکا، یا لیژنەی بەدواداچوون ژووری عەمەلیات بۆ ڕێوشوێنی لێکۆڵینەوە دادەنێن و قەراری کۆتایی تیا بەیان دەکا. ژووری عەمەلیاتی دادوەریشمان هەیە، لێپرسینەوە لە خەڵکی بێ پەنا و یاساشکێنی تیا دەکرێ.

Wednesday, September 07, 2011

حەز لە پەرلەمانتاری دەکەیت

پەرلەمانتار
ماوەیەک بوو پەرلەمان و پەرلەمانتار تیشکۆی هەواڵەکان بوون، هەموو ڕۆژێ هەڵدەستاین چاوەڕێ بووین پەرلەمان بڕیاری نوێی پێ بێ، زۆرکات کە تەماشای هەواڵە بیانییەکانم دەکرد، بە دیقەتەوە گوێم لە هەواڵی گفتوگۆی پەرلەمانتاران و هەواڵی پەرلەمانی وڵاتانیش ئەگرت، خاڵی لەیەکچوون زۆر بوون لە نێوان ئەوەی کوردستان و ئەوانەی وڵاتاندا. تەنانەت لە باسی مووچەی خۆیان و دەوام کردن و پشووشدا لەیەکچوون هەبوو. یا لە گرفت و داڕشتنەوەی یاسای هاووڵاتیانا. دەمویست بزانم پەرلەمانتار لای خەڵکی کورد چۆن تەماشا دەکرێ، ئایا هەر قسەی ڕۆژنامە و تەلەفیزیۆنە یا هەر خودی پەرلەمانتار وەکو نوێنەری خەڵک، پیشەیەکی سانا نییە و ڕێسای ئاڵۆزی هەیە و هەموو لێی حاڵی نابین...

شوێن یەکێ لە شارەکانی کوردستان، ناوبازاڕ / پرسیاری من لە خەڵک؛ ئارەزووت لە پیشەی پەرلەمانتار هەیە؟ ئەگەر بخوازی، بۆ ئەبیت بە پەرلەمانتار؟

* گەنجێک: معاشی باشە و ئیشەکەشیان ئاسانە، بەس پەنجە بەرز دەکەنەوە، پێویستیش ناکا خۆت بیر بکەیتەوە، لە پشتەوە حیزب هەموو شتێکیان بۆ حازر ئەکا.

* تازە بووک و زاوایەک: وەڵا کاکە حەزمان ئەکرد لە دوبەی مانگی هەنگوینی بەسەر بەرین، بەس نە جەواز نە ڤیزە، هەردوکی ئاسان نییە بۆ ئێمە، ئا بۆ ئەوە حەزم ئەکرد پەرلەمانتاربوایام.
- کەواتە پێت وایە پەرلەمانتار کاری بۆ ئاسان دەکرێ؟
+ ئەی حەتمەن، هەموو پشووەکانیان لە دەرەوە بەسەر ئەبەن،

Friday, July 01, 2011

کامیان (ASP.Net) یا (PHP)


زۆرکات ئەم پرسیارەم بینیوە لە مەکۆکانی (چاوگ، وێبچن، کوردئایتی گرووپ) دا. بە پێی شارەزایی خۆم لەو ڕووەوە، لە خوارەوە وەڵامێکی کورتم نووسیوە. ئەگەرچی پێموایە کە ئاسانی و شارەزایی دوو کاران لە خوی فێرخوازەوە دێن و دوورە لە تواناکانی (ASP.Net) یا (PHP).


هەمیشە فێرخواز دەبێت ئامانجەکەی لە پێش چاوی بێت، هەیە دەڵێ بۆ زانکۆیە و بەس دەرچم تەواو، هەیە ئارەزووی هەیە و خواستێتی هونەر بنوێنێت، هەیشمانە بۆ بازرگانییەتی و کامیان زوو هاتنە دەست و بازاڕی هەبوو ئەوە ئامانجە و بڕایەوە.

Tuesday, June 21, 2011

هین و مین


لە باشوور وا ڕاهاتووین کە لە قسەکردندا بەرامبەرمان دڵنیا بکەینەوە، کاتێک کەسی قسەکەر دەیەوێت هیچ نەهێڵێتەوە و بە بەرامبەرەکەی بڵێ هەموو شتەکانم مەبەستە، چی هەیە چی نییە لەو بارەوە، وشەکە دووبارە دەکاتەوە بە جۆرێ تر، ئەمە بە گۆڕینی یەکەم پیتی وشەی ویستراو بۆ پیتی (میم) ئەنجام ئەدرێت، بۆ نموونە:
- دەرگا و مەرگاکان داخە درەنگە. (مەرگا مانای نییە، بەس بۆ ئەوەیە کە چی هەیە دابخرێت)
- ژنەکە خواردن و مواردن بێنە برسیمە. (مەبەستی هەموو ئەو شتانەی دێنە سەر سفرەکە)
- ڕۆن و مۆنی سەیارەکەم گۆڕی.
- لە بازاڕ شت و مت دەکڕین.
- تەلەبە و مەلەبە لە حەوشەی زانکۆ دانیشتوون.
- کت و مت لە مام زۆراب ئەچوو.
- هین و مینم بۆ باس مەکە..
..هتد

Monday, June 06, 2011

تاک


ماوەیەکە وشەی تاک حەشر دەکات، جاران کە گوێم لێ دەبوو، تاکە پێڵاو، تاکە گۆرەوی...هتد هەموو تاکی جووتەکان دەهاتنە پێش چاوم، ئێستا تاک گۆڕاوە، بووە بە (تاکە کەس) و جووت نابێ، بووە بە زرتە زەلام، و ئەمانەی لێ دروست بووە:
تاکی کورد
تاکەکانی کۆمەڵ
مافی تاک...و هەروەها

نموونە لە ڕستەدا:

- کۆڕێک دەربارەی (هەڵوێستی تاکی کورد لە ئەمڕۆدا) بەڕێوەدەچێت.
- هه‌ڵوێستی سياسی لای هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگاکان به‌رامبه‌ر رووداوه‌کان...

Tuesday, February 15, 2011

کەڵەکە تڕە



مامۆستایەک لە دێیەک وتار دەدات و ئامۆژگاریی خەڵک دەکا، دەڵێت ئەم زەویە وا و ئەمە وا، یەکێک دەپرسێت: "مامۆستا توخوا باسمان بۆ بکە زەوی چۆنە؟ چۆن ئیش دەکات". ئەویش  دەڵێت: "زەوی وەکو تۆپێکی  خڕە، لەسەر قۆچی گایەکی شێت (ئەو باران بەفر و تۆفانە دروست دەکات و ڕادەکات) ئەم گایەش خۆی لەسەر پشتی ماسییەکە وەکو حوت وایە و بەرز و نزم دەکات (وەرزەکان دروست دەکات)"، کابراش دەڵێت: "وەڵڵا مامۆستا بەقسەی تۆ بێت، ئەم تڕە کەڵەکە ڕۆژێک هەر دەڕوخێ."

ئەمە سیامەند بۆی گێڕامەوە، لە کاتێکدا کە باسی حکومەت و ئەم ڕووداوانەی دواییمان دەکرد.

Sunday, September 05, 2010

پێشنیارێک بۆ: دامەزراندنی بنکەی بنیاتنان و گەشەپێدانی زانیین

 ئەندازیار ئاراس نوری ئەحمەد- ئەڵمانیا

((مەبەست لەم دەزگایە هاوکاریی کردنی حکومەتە لە زیادکردن هەلی کار بۆ گەنجان و تەرخانکردنیان لەبوارەجیاجیاکاندا))

بنکەیەک کە دەرچووانی پەیمانگا و زانکۆکان لە رێگەیەوە، خولی ڕاهێنان و فێرکردنی کرداری وەرگرن لەسەر بوارە پسپۆڕیەکانی تیا خوێندویانە و بەهیوان دواڕۆژ ببنە پسپۆڕ و چالاک تیایدا. دەرچووانی پلەکانی خوێندنی باڵا زۆر کات خۆیان لە پیشەیەکدا نەدۆزیوەتەوە، بوارێکی خوێندوە کە بۆی هەیە دە لقی هەبێ، ئەمان نازانن کامەیان ئارەزووی تەواویان بۆی هەیە و بە کرداری چۆن مامەڵەی دەکەن. ئەم بنکەیە هەلی کارەکان بە بێکاران و کارخوازان دەناسێنێ، ئامادەیان دەکا. زانینیان لە بوارێکی دیاریکراودا بەهێز دەکات. زۆر لە کارخوازان بڕوابەخۆبوون نادۆزنەوە لە خودیاندا، پێویستیان بە هاوکاری هەیە، پێویستیان بە هەلێک هەیە خۆیان بسەلمێنن، کە ئەم بنکەیە لە رێگەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە بۆیان دەستەبەر دەکات.

Thursday, May 04, 2006

وەڵامی بەجێ

پرسیار و وه‌ڵام
تاقی كردنه‌وه‌ی كۆتایی ساڵ نزیك بۆته‌وه‌، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو خوێندكارێك ده‌خوازم، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كۆشش ده‌كه‌ن.
ده‌ڵێن په‌له‌ مه‌كه‌ن له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیار، ڕاسته‌ تێگه‌یشتنی پرسیار نیوه‌ی وه‌ڵامه‌ به‌ڵام نیوه‌كه‌ی تری له‌ زانیندایه‌.. بۆ نموونه‌ ته‌ماشای ئه‌م پرسیارانه‌ بكه‌!


پرسیار: جه‌نگی سه‌د ساڵه‌ چه‌ند ساڵی خایاند؟
١١٦ ٩٩ ١٠٠ ١٥٠


پرسیار: كڵاوی په‌نه‌مایی له‌ كوێ دروست ده‌كرێت؟
به‌ڕازیل چیلیی په‌نه‌ما ئه‌كوادۆر

Thursday, April 13, 2006

به‌دبه‌ختی


به‌دبه‌ختی چییە؟

 ئه‌كرێ بڵێین كه‌ به‌دبه‌ختیی گرێیه‌كی ده‌روونی ئاڵۆسكاو و شیته‌‌ڵ نه‌كراوه‌ له‌مێشكدا، ده‌بینین زۆركات به‌دبه‌خت ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ له‌خه‌یاڵپڵاو و چاوه‌ڕوانیی ئاكامی كاره‌كانیاندا بۆ سه‌رنه‌كه‌وتن و كه‌وتن ده‌ڕوانن.. سه‌رنج ئه‌ده‌ین به‌ڕواڵه‌ت زۆر سوورن له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به‌ئامانج و به‌و نیازه‌ش ڕێ ده‌گرن، به‌ڵام له‌ناخیاندا چاوه‌ڕێی كه‌وتن و دۆڕانن.. كه‌واته‌ وه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌له‌سه‌ر په‌تێك هه‌نگاو ئه‌نێن و هه‌میشه‌ ترس له‌دڵن و چاوه‌ڕێی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ ده‌كه‌ن.

Wednesday, February 01, 2006

ئه‌نفلۆنزای گه‌نده‌ڵی


به‌شی یه‌كه‌م
پێشه‌كی ئه‌نفلۆنزا نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆساوییه‌، مرۆڤ تووشی تا و هه‌ڵامه‌ت و بێزاری ده‌كات، گه‌نده‌ڵیش چه‌په‌ڵیی و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ له‌ ئه‌نجامدانی كاره‌كاندا، ئه‌ویش له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی تاكه‌كه‌سیدا.

Sunday, October 16, 2005

ده‌ستوورزاده‌



دوێنێ ١٥/١٠/٢٠٠٥ ڕۆژێكی مێژوویی بوو بۆ هه‌موو عێراقییه‌ك، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ ناوه‌وه‌ی وڵاتدا ده‌ژێن. چونكوو كرداری گشتپرسی (یاخوود ڕاپرسی وه‌یا ڕاگیری) تیا ئه‌نجامدرا

له‌سه‌رانسه‌ری وڵاتدا، گشتپرسی له‌سه‌ر ڕه‌شنووسی ده‌ستوور و ده‌نگدان به‌ به‌ڵێ یاخود به‌ نه‌خێر.

Friday, October 14, 2005

فه‌رهه‌نگی كوردی هاوواتا



"فه‌رهه‌نگی هه‌رمان" یه‌كێكه‌ له‌و فه‌رهه‌نگه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی كه‌ له‌ كتێبخانه‌ی فه‌رهه‌نگسازی كوردیدا جێی خۆی كردۆته‌وه‌، كه‌ به‌ڕێز عه‌لی نانه‌وازاده‌ دانه‌رێتی و ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌م بۆ ئه‌م كاره‌ پیرۆزه‌ی كه‌ ئه‌نجامی داوه‌.

Wednesday, October 12, 2005

سندوقی پۆسته‌ی هۆتمه‌یل و یاهوو



خه‌ڵكانێكی زۆر له‌ جیهاندا قازانج له‌ سندوقی پۆستی ئه‌لیكترۆنی خۆڕایی ده‌بینن، به‌ تایبه‌ت له‌ یاهوو و هۆتمه‌یلدا. بۆ تاكه‌كه‌س و ئه‌وانه‌ی كه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كیان نییه‌ تاكوو ڕاژه‌ی ئیمه‌یلی خۆیان هه‌بێت كارێكی زۆر بایه‌خداره‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا، به‌ تایبه‌ت كه‌ بڕی هه‌ڵگرتنی نامه‌ی ئه‌لیكترۆنی و داتا له‌ سندوقه‌كاندا ئێجگار زیادی كردووه‌، بێگومان كۆمپانیای یاهوو یان ئه‌وانه‌ی ئه‌م ڕاژه‌یه‌ به‌خۆڕایی دابین ده‌كه‌ن، سوود له‌ ڕیكلامی ژێر پۆسته‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان و ڕیكلامی لاپه‌ڕه‌كانی دیكه‌ی خۆیان ده‌بینن.

Monday, August 29, 2005

فیله‌ په‌ڕۆیینه‌كان




وتاره‌كه‌ی ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین، كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی ١٤ ـی هاوڵاتی ژماره‌ ٢٣٨ ـدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، خواستێكی منی هێنایه‌ دی.

له‌ مێژه‌ بیستوومه‌ له‌ مامۆستا و دكتۆره‌كانی زانكۆ كه‌ پێكهاته‌ی حیزبی و به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی له‌ناو زانكۆدا بووه‌ته‌ هۆی مه‌نگ خواردنه‌وه‌ی ڕه‌وتی زانستی.

Friday, August 19, 2005

ژماره‌ی یه‌كه‌می بڵاوكراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراقی





"webmaster"ـی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراقی بۆ گۆڕینی كلێشه‌ی بڵاوكراوه‌كه‌یان بۆ پی دی ئێف، به‌رنامه‌ی دیمۆ به‌كار دێنێت !.

كه‌ په‌ڕگه‌كه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌، له‌ ڕاست و چه‌پی سه‌ره‌وه‌دا دوو مۆر ده‌رده‌كه‌ون، وه‌كوو مۆری پرسیاره‌كانی تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كه‌لۆریا وایه‌، مۆره‌كه‌ لێی نووسراوه: لێره‌ كرته‌ بكه‌ بۆ كرێنی هه‌رئێستا click to buy NOW