Friday, September 20, 2013

پرۆفیسۆر فەتاح فاڵ


لە لێدوانێکی تایبەتیدا، دکتۆری زانکۆ فەتاح فاڵ ئاکام و داهاتووی پەرلەمانی کوردستانی شی کردەوە..

- بەڕێز دکتۆر فەتاح بۆچوونتان چۆنە بەرامبەر هەڵبژاردن..
+ پلەکانی یەکەم تا سێیەم دیارن، شەڕەکە بۆ چوارەمیە
- مەبەستت لە ئیسلام گەراکانە؟
+ من پێیان دەڵێم سێبەر، چونکە لە سێبەری ئیسلامان..
+ باشە دکتۆر فەتاح پێت وا نیە موفاجەئە ڕوو با وەکو جاری پێشوو؟
- نا، ئەمە لیستەیەکە، ئەگەر نیشانی بدەن،
+ لیستەی چیە؟

Tuesday, September 17, 2013

وەفایەک بۆ تەها

تەها ئەحمەد - زانکۆی موسڵ / کۆلیژی زانیاری / بەشی فیزیا
هاوارە و هاوار... شنەی با هێواش دێ
دەمە و بەهارە، تاوێ دێ
باران دەبارێ
سەر لە ئێوارە چەند جوانە. کە زەردە دادێ
[١]

Wednesday, September 04, 2013

بانگەشە

کۆمپانیایەکی گەشتی ئاسمانی: جانتاکانت بە گەرەنتی لەگەڵ خۆتدا دەگەن

وێبماستەر: وێب سایتت بۆ دروست دەکەم کە هاک نەکرێت بەئاسانی

لیستێک لە هەڵبژاردنا: ئێمە پشتیوانی یاسا دەکەین

Saturday, August 03, 2013

هەر باش بوو


- هەر باش بوو بەیانی رەمەزان نیە..
+ بۆ؟
- ئەی سێ چارەک ئارەق ماوە ئەمشەو فتی ئەکەین
+ بۆ خۆ بەتەما نیت بەڕۆژوو بیت؟
- با، وام نیازە

Thursday, June 27, 2013

پیس

سەگەپیس لە ئەرزا خۆی دەگەوزێنێت
وشەی "پیس" پێچەوانەی پاک یا خاوێنە. لەگەڵ زۆر توخم و بە چەندین شێوە بەکار براوە. بۆ نموونە بە کەسێک دەڵێن:
شتێکی پیسە، ئیدی بۆ ئاکاری یا جلوبەرگی. بە شوێنێک دەڵێن پیسە، واتە خاوێن نیە و پاکژ نەکراوەتەوە، بە دەرگایەک دەڵێن پیسە دەستی لێ مەدە، چونکە خاوێن نیە و دەستت پیسی هەڵدەگرێت.. وە هەروەها بەو شێوە.. پیس دۆخێک نیشان ئەدات و بەراوردێکی شاراوە دروست دەکا لەگەڵ دیوە پاکەکەی ئەو شتەی پێی وتراوە پیس.

Wednesday, May 15, 2013

بارانی گەندەڵی


کەی تەواو دەبین؟ کە تۆ دروستی بکەیت و کەسی تر تێکی بداتەوە(*)
زۆر کەس وا دەزانن گەندەڵی هەر پارە دزینە، لەسەر ئەو باسە لەگەڵ برادەرێکدا زۆر دواین، دواجار هەردوکمان بڕوامان وابوو کە لەخوارەوە خەڵک گەندەڵ بووە، چارەسەر کردن لەسەرەوە بێهودەیە، ئەگەر لەخواریشەوە خواست و نیاز نەبێ بۆ گۆڕین. ئەم چیرۆکەش لەو قسانەوە هاتە پێش..

Tuesday, April 16, 2013

مۆبایل

باوترین ئامێر لەم دەڤەرەی ئێمە تەلفۆنی دەستیە. ئەمڕۆ خۆی بووە بە ئامێرێکی هۆشمەند و چەندین کارت بۆ ئەنجام ئەدات، هاوشانی ئەوە لای ئێمە سوودی تریشی لێ دەبینن. بۆ وێنە، میر گێڕایەوە وتی سایەق تەکسیەکان کە وردەیان پێ نابێ..

Thursday, March 14, 2013

بیرە تەکنیکیەکانم

ئازاری ٢٠١٣

لە سلێمانی وتیان (شین بۆ هەریسەکە) لە ئایتیشا پەیدابووە. زەلامێکیم ناسی وتی هاکەرزم و ئەتوانم فەیسبووکی خەڵک بشکێنم.
دکتۆرێکی زانکۆ لە مێژوودا وتی ئیمەیل و کۆمپیوتەر هەر نازانم بکەمەوە، حەمە وتی ناحەقی مەگرە خۆ لە مێژووی دێرینا شتی وا پێویست نەبووە، بەس من نەمزانی دکتۆراکەی لای چ خۆشنووسێک هۆنیەوە؟.

Sunday, January 20, 2013

لە پەندەکانی پیرەمێرد

٢٦ی ئاب - ١٩٤٨

کارشوناس گەڕا لە شوێنی دانا
لە شوێنی نەزان هات دانای دانا
ئەو دەمەی پیاویان لە دار ئەتاشی
ئیشیان نە ئەدا بە کەسی ناشی
دارتاشێ لەناو کاروانێکا بوو
بۆ سنعەتی خۆی بۆ لادێ ئەچوو
جەردە هات لە ڕێ کاروانی ڕوت کرد
لە خوا نەترسێ تەشوێی ئەوی برد

Saturday, December 29, 2012

لەیەکگەیشتن



بەسەرت هاتووە پرسیاری شتێک بکەیت و شتێکی ترت وەڵام بدەنەوە؟
دیقەتم داوە لەم وڵاتە هەموو واین، پرسی شتێک بکەن، ئێمە شتێکی تر وەڵام  ئەدەینەوە.. مامۆستا سەردار هەموو جارێک لە سەرەتای تاقیکردنەوەکان پێی دەوتین، "فهم السٶال نصف الجواب" - لە پرسیار تێگەیشتن نیوەی وەڵامە. ئینجا یا ئەوەتا ئێمە باش گوێ ناگرین، یان ئەوەتا لە پرسیارەکە ناگەین. خۆ هەموو بە یەک زمان قسە دەکەین!

                       (١)
سواری تەکسیەک بووم و دەرگام داخست، شۆفێرەکە دەنگی ڕادیۆکەی بەرزکردەوە..
- ئەو گۆرانیەت پێ خۆشە وا دەنگی بڵند دەکەیت؟
+ ئەوە ڕادیۆی بزوتنەوەیە...

Monday, October 29, 2012

بیرە تەکنیکیەکانم

ئۆکتۆبەری ٢٠١٢
دوو کارمەندم بینی لە فەرمانگەیەک، لەسەر ماڵپەڕی ئەزموون خاڵ زۆریان دەکرد، ئەوەی نمرەی دە قوتابی زیرەکی بۆ دەرچوایە براوەبوو.
حەمە وتی ماڵپەڕی لڤین پرێس ئەنووسێ هۆکاری مەسەلەکەمان لایە، کە بابەتەکە دەخوێنیتەوە، نوسراوە هۆکارەکە نەزانراوە.
لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە ویستمان تەماشای شەقامەکانی ئەودیو ماڵەوە بکەین، کامێراکان هەمووی دیمەنی ڕەشیان نیشان ئەیا، تومەس لە خۆڵبارینەکەی مانگی شەشەوە کەس پاکی نەکردبووەوە.

Tuesday, October 23, 2012

بەشێک لە پەڕتووکی زاراوەکانی کۆمپیوتەر



مانگی ٦ی ٢٠١٢ پەڕتووکی (پێناسە و ڕاڤەی زاراوەکانی کۆمپیوتەر) لە شاری هەولێر لە چاپ درا، وەکو لەسەر پەڕەی ناوەوەی پەڕتووکەکەدا نووسراوە کە لەسەر پەڕەی کوردچاپ، بە ئەلیکترۆنی دادەنرێت، کە بەداخەوە ئەو ماڵپەڕە جارێ داخراوە.
من بەشێکم کرد بە (PDF) و لێرە دامناوە. چەند بەشێکی لە چاپدا کاڵ دەرکەوتووە، گلەیش زۆر کرا لەو ڕووەوە، هەوڵ ئەدەم لە داهاتوودا جۆرەپیت بگۆڕم و گەورەتر و ئەستووری بکەم، بۆ ئەوەی پیتەکان جوان دەربکەون.

Monday, September 24, 2012

بیرەتەکنیکیەکانم

ئەیلولی ٢٠١٢  - لە دوکانێکی چاک کردنەوەی کۆمپیوتەر، کاغەزێک نرابوو بە کۆمپیوتەرێکەوە لێی نووسرابوو: "بە تەڵاقم فۆڕماتی ناکەنەوە".
بە هەڵۆیەکم وت خەتی ئینتەرنێتەکەتان دزی تیا کراو، گوێی خۆی لێ کەڕ کرد. لە ڕانیەوە وەڵامیان نارد، ئەو (سیریاڵ نەمبەرەی) لەناو کتێبی خوێندندا دانراوە بۆ دامەزراندنی ویندۆزی ئێکس پی، ئیش ناکا و بە هەڵە کۆپی کراوە.
ڕۆژنامەنووسێک لە دیواری فەیسبووکەکەی نووسیبو: "لەمەودوا کاری ڕۆژنامەوانی ناکەم و ئەبم بە هاکەر".

Monday, September 03, 2012

بیرەتەکنیکیەکانم

ئابی ٢٠١٢ - لە پروپۆزەڵێکی وەزارەتدا نوسرابوو دەبێت سۆفتوەیرەکە بە دۆتنێت و ڤیژواڵ بەیسک بکرێ، کەچی کۆی گشتی خەرجی خەمڵێنراو، لە نرخی لایسنزی (SQL server)ەکە بە تەنیا، کەمتر بوو. حەمە سوێندی خوارد یەک دەفتەر دۆلاری بۆ دروست کردنی هەژمارێکی فەیسبووک  لە خواپێداوێک وەرگرتووە. وێبماستەرێک دەنگی بەرزکردبووەوە ئەیوت سۆرس کۆد ئەبێت (PHP)بێ بەس لەسەر سێرڤەری مایکرۆسۆفت ویندۆز، ئەگینا سەقەتە.

Wednesday, May 16, 2012

چارەسەری کێشەکە

زۆرجار گوێمان لە ناونیشانی کۆڕ و کۆبوونەوە دەبێت، کە بۆ چارەسەری کێشەیەکی دیاریکراو دەگیرێت، هەندێک لەو کێشانە ئاڵۆزن و هەناسەی قووڵ و شیکاری درێژخایەنی دەوێت، هەندێکیشیان بێ زەمینە ساز کردن و ئامادەکاریی هەل و مەرجی جێگیر کردنی شیکارەکە، گرێکانی لە خۆیانەوە دەکرێنەوە و هەر دوای کۆبوونەوەکە هەموو لایەک دەرگای باسەکەی دادەخەن و کۆتایی دێت.

Sunday, April 29, 2012

حکوومەتی خێرخوا


گەڕەکی ئێمە میللی بوو، لە نێوان دراوسێکاندا هاتوچۆ و سەردانی یەکتر زۆربوو، لە گەڕەکدا ماڵێک هەبوو، پێچەوانەی ئەم دەستوورە، هاتوچۆی کەسیان نەدەکرد، پەیوەندییان لەگەڵ دراوسێکاندا کەم بوو ، ئێمەش کە تۆپتۆپێنمان دەکرد، زۆر خەممان دەخوارد کە تۆپەکە نەکەوێتە ئەو ماڵەوە، چونکە تا هەفتەیەک نەمان دەبینییەوە، خۆ دەرگایان لە کەس نەدەکردەوە، حەمە ئەیوت زەنگی دەرگاکەیان بەس دیکۆرە.

Monday, April 23, 2012

کەشتییەکان نقوم بوون

کەشتییەکان بە ئاسانی نقوم بوون

(بەرنامەداڕشتن)

زۆر جار کچەکەم بە خۆی و ئامرازێکی یاریکردنەوە لەبەردەممدا دەوەستا، ئەیوت: "بابە کەی تەواو ئەبی، وەرە با یاری بکەین"، زۆر جاریش لە لامەوە خەوی لێ دەکەوت و منیش هێشتا لەسەر مێزی کۆمپیوتەرەکەم تەقەم دەهات. ڕۆژێک پرسیاری کرد: "ئەوە تۆ چی ئەکەی، بۆ ئەوەندە حەزت لە کۆمپیوتەرە؟".

وەڵامی ئەو پرسیارە ئاسان نەبوو، چونکە بیری ئەو هێندە فراوان نەبوو لەوە بگا کە بژێوی ژیانمان بەم کۆمپیوتەرە پەیدا دەبێت، ئەو شەونخونی و دانیشتنە زۆرە، بۆ کات بە فیڕۆدان و یاری کردن نییە بەڵکو بۆ دەستکەوتنی پارەیە. وتم: "من بەرنامە دروست دەکەم و دەیفرۆشم بە پارە، پارەکەیشی ئەدەین بە
خواردن و یاری و جلی جوان بۆ تۆ".

Tuesday, March 20, 2012

نەورۆز

ئاهەنگی نەورۆز ٢٠-٣-٢٠١٢ لە شاری نوێرنبێرگ
وێنە لە ناوەندی کوردی وەرگیراوە

نەورۆزتان پیرۆز
ساڵی نوێی کوردی ٢٧١٢ لە هەموو کوردێک پیرۆز بێت!


ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆز ھاتەوە 
جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە
چەند ساڵ گوڵی ھیوای ئێمە پێ‌پەست بوو تاکو پار
ھەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەھار
ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد
مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد
نەورۆز بوو ئاگرێکی وەھای خستە جەرگەوە 
لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە
ئەوا ڕۆژھەڵات، لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە 
خوێنی شەھیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە
تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا 
قەڵغانی گولـلە سنگی کچان بێ لە ھەڵمەتا
پێی ناوێ بۆ شەھیدی وەتەن شیوەن و گرین 
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین